کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگاداری دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

16:51 - 29 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: دەفتەریی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاگادارییەکی لە پێوەندی لەگەڵ گەڵاڵەی پێشنیاری بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە سیستمی کار و پێکهاتەی حیزب بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم ئاگادارییە بەم چەشنەیە:

ئاگاداری بۆ رای گشتی

هاونیشمانیانی کوردستان،

تێکۆشەرانی دێموکرات،


رۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، ١٨ی ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پازدەیەمی حیزب، بە بەشداریی تێکڕای ئەندامانی رێبەری لە کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە، بەڕێز سکرتێری گشتی دەستووری کاری پلینۆمی خستە بەرباس کە پێداچوونەوە و باسکردن لەسەر گەڵاڵەی پێشنیاری بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە سیستمی کار و پێکهاتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا چەند پێشنیاری هەیئەتی دیاریکراوی کۆبوونەوەی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی، کە لە سەر ئەساسی گەڵاڵەی پێشنیاریی بەڕێز سکرتێری گشتی ئامادەکرابوو، خرایە بەرباس.

لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا، دوای باسی چڕوپڕ لەسەر پێویستییەکانی خەباتی ئەمڕۆ و لەبەرچاوگرتنی واقیعیەتەکانی خەبات و ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و ناوچە و بڕوا بە پێوەرە دێموکراتیک و شۆڕشگێڕانەکان، گەڵاڵەی پێشنیاری بۆ ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتە و سیستمی کاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گۆڕانکاری پێویستی تێدا کرا و بە پەسندی تێکڕای بەشدارانی کۆبوونەوەکە گەیشت.

کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی وێڕای پەسندکردنی گەڵاڵەکە، ئەو گەڵالەیە پێشکەش بە کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکرات دەکات تاکوو بە پەسندکردنی لەلایەن کۆنگرەوە، حیزبی دێموکرات قۆناخێکی دیکەی خەبات و تێکۆشان، لە سەر ئەساسی بڕوا بە دێموکراسی، درک بە ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگە و پێویستییەکانی خەباتی سەردەم و کارو بڕیاری تێکڕایی و هاوبەش، درێژە پێبدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٦
١٩ی ژانویەی ٢٠١٨