کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگاداریی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕوو لە خەڵکی کوردستان

13:30 - 11 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕوو لە خەڵکی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە ولەو ئاگادارییەدا هاتووە کە خەڵک بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە دەڕوانێتە خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

ئاگادارییەک لە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بۆ  ئاگاداریی خەڵکی کوردستان

ڕێژیم لە درێژەی مێلیتاریزەکردنی کوردستاندا، شەوی هەینی ڕێکەوتی ٨ی پوووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، تانکی هێناوەتە پایەگاکانی  خۆڵ بەسەر ، چوارچرا و قووچی قەڵان کە دەکەونە سەر سنووری  باشوور و ڕۆژهەڵات که ناوچە سنووریەکانی  پیران و شنۆ دەگرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان  ئەو حەرەکەتەی ڕێژیم  تا درەنگانێکی وەرزی پاییز درێژەی دەبێ، ڕێژیم هەروەها  چەندین چەکی قورس و نیوە قورس لە پێش چاوی خەڵک ڕەوانەی خاڵە سنووریەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان  دەکات .

ستراتێژیی  ڕێکاری ڕێژیم  بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی  و سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگری شێواز و فۆڕمێکی نیزامی سەرکوتکەرانەیە کە کۆمەڵێک تاکتیک و مەبەستی جوراوجۆر بە خۆیەوە دەگرێ و لە دوو جۆر شەڕی سەخت و شەڕی نەرم پێکدێ ، هەر بۆیە جووڵاندنی هێزێکی تەیار بە چەکی قورس بۆ مێلیتاریزەکردنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی کوردستان  جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی مەبەستی دیکەشی لە پشتە  کە ئامانجیان شکاندنی باری ڕۆحی و دەروونی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.

هەروەها ماوەبەماوە هێنانی کۆمەڵێک چەکی قورس و جووڵاندنی هێز لە پێش چاوی خەڵک، بەشێکه  لە مانۆڕی هێنانەخواری ورەی خەڵک و دروستکردنی شەڕی ڕەوانی، بەڵام هەر وەک دەبینن خەڵکی کوردستان بە پێشوازی و پاڵپشتی پێشمەرگەی کوردستان  بە ئیرادەی پۆڵایینەوە دەڕوانێتە خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان