کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: دانی ویزا بە مەلایەکی سەر بە سپای پاسداران کارێکی نایاسایییە

12:08 - 6 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دوو حیزبی وڵاتی ئاڵمان، ڕەخنەیان لە بەرپرسانی ئەو دەوڵەتە گرتووە، کە بۆچی ویزایان بە مەلایەکی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران داوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەی کە "محەممەد هادی موفەتێح" کوڕی "شێخ محەممەد موفەتێح"، وەک سەرۆکی مزگەوتی ئیمام "عەلیـ"ـی شاری هامبۆرگی ئاڵمان هەڵبژێردرا، دوو حیزبی "سەوز و دێموکراتی ئازاد"ی ئەو وڵاتە بە توندی ڕەخنەیان لە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە گرت، که بۆچی ویزا بە مەلایەکی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دراوە.

لەو باریەوە، "ڕناته کوناست"، سەرۆکی حیزبی سەوزەکان و "نیکۆلا بێر" سەرۆکی حیزبی دێموکراتی ئازاد، هۆشداریان بە دەوڵەتی ئاڵمان داوە و داوایان کردووە، کە دەبێ بە نیسبەت ئەو بڕیاره وڵامدەر بن.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژنامەی "بیلد"ی ئاڵمان نووسیویەتی: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، باڵی بەهێزی نیزامیی تارانە و پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات و یارمەتی ماڵیش بە گرووپە تێرۆریستییەکان دەدات.

مزگەوتی هامبۆرگ بەهێزترین ناوەندی ئیسلامیی ئاڵمان و ئەندامی شۆرای ناوەندیی موسڵمانانی ئاڵمان و شۆرای هامبۆرگە.

دامەزراوەکانی ئەندامی شۆرای هامبۆرگ و شۆرای ناوەندیی موسڵمانان لەو وڵاتەدا ئەرکدار کراون، کە دژی ئیسرائیل هیچ کارێک ئەنجام نەدەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش مزگەوتی ئیمام عەلی و ئاکادمیی ئیسلامیی هامبۆرگ بە بوودجەی ئێران ئیدارە دەکرێت و هەموو ساڵێش دژی ئیسرائیل خۆپێشاندان بەڕێوە دەبات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگای بنکە و دامەزراوەکانی خۆی لە وڵاتانی بیانی و بڵاوکردنەوەی ئیدئۆلۆژی شێعەگەرایی کار و کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام دەدات.