کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی

17:15 - 4 خاکەلێوه 2718

نەوید کەرەمی

ساڵی ڕابردوو لە حاڵێکدا تێپەڕی، کە ڕێژیمی ئێران بەپێچەوانەی ئیددعاکانی سەرانی ئەو ڕێژیمە، بەرەوڕووی داڕمانی ئابووری، ناڕەزایەتی و بێزاری خەڵکی لە نێوخۆ و هەڕەشە و گەمارۆی نێونەتەوەیی بووەتەوە.

بەشداری ڕێژیم لە شەڕی دژ بە داعش و هاوکاریی دەسەڵاتەکانی عیبادی و بەشار ئەسەد بۆ زاڵبوون بە سەر نەیارەکانیانەوە، هەروەها بەشداری کردنی لە پڕۆسەی هێرش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی عێراق و سووریە، دەستێوەردان و بەرفراوان کردنی هێژمۆنی و دەسەڵاتی خۆی لە یەمەن و لوبنان لە ڕێگەی هاوکاریی هەمەلایەنەی حووسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان، مەترسی ڕێژیم بۆ سەر تەناهی وڵاتانی ناوچەی چەند قات زیاتر کردووە.

ساڵی ڕابردوو بۆ چەندەمین جار وڵاتانی جیهانی و هەرێمی ئەو ڕێژیمەیان لەمەڕ دەستێوەردانە ناسالم و شەڕئەنگێزانەکان لە وڵاتانی ناوچە و پشتگیرییەکانی لە تیرۆریستان، ئاگادار کردووەتەوە و هۆشداریان پێ داوە لەمەر پیشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢١٦ی شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرە دان بە بەرنامە مووشەکییەکەی.

نزیکبوونەوە و چالاکییە سیخوڕییەکانی رێژیمی ئێران لە خاکی ئیسرائیل لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، بووە هۆی تێکهەڵچوونێکی ئاسمانی لە خاکی سووریە و بنکە سەربازییەکانی سپای پاسداران لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل کرانە ئامانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلی، هەروەها پاش بڕیاری ترامپ بۆ بەفەرمی ناسینی شاری ئۆرشەلیم وەک پێتەختی ئیسرائیل، نزیک بوونەوە و سەردان کردنی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران بۆ سنوورەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، دۆخی نێوان ئەو دوو وڵاتەی ناسەقامگیر کردووە و ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوانیان ئەو دوو وڵاتە لە ئارادایە.

زێدەبوونی هێژمۆنی و پێگەی سیاسی و سەربازی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی عێراق، سووریە، یەمەن، لوبنان و ... هتد، بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی وڵاتانی جیهانی و ئەقلیمی و بە تەواوەتی شکستی بە هەموو هەوڵەکان لە پێناو کۆتایی شەڕ و ناکۆکی لەو وڵاتانە و دەسپێکردنەوەی قۆناخی ئاشتی و سەقامگیری هێناوە و وڵاتانی ناوچەی بەرەوڕووی دۆخێکی شەڕانی، ناسەقامگیر و نائەمن کردووەتەوە.

لەم ڕۆژانەدا شاهێدی سێ ڕووداوی گرینگ بووین کە کاریگەریان دەبێت لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان، یەکەم؛ گۆڕانکارییەکان لە کابینەی ترامپ و هێنانە سەرکاری ئەو کەسانەی کە دژی ڕێژیمی ئێرانن، دووهەم بڕیاری دابین کردنی ئینتێرنێتی بە خۆڕایی لە لایەن کۆمپانیاکانی دونیای مەجازییەوە بۆ ئێران و سێهەم سەردانی وەلیعەهدی عەرەبستان بۆ ئامریکا و ڕێککەوتنی لەگەڵ ترامپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی ئێران.

سەرەڕای بەڵێنەکانی خامنەیی و ڕووحانی کە لە پەیامی نەورۆزی ئەمساڵدا داویانە، بە پێی خوێندنەوەی ڕاستی ڕووداوەکان و لەسەر بنەمای دۆخی ناوخۆیی ڕێژیم لە ئێران و دەستێوەردانەکانی لە ناوچە، وا پێدەچێت کە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی ساڵێکی ئەستەم و دژوارتر لە ساڵی ٩٦ بێت بۆ خەڵکی ئێران، بەو هۆیەی کە بە کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، سەرلەنوێ گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەست پێدەکەنەوە، هەروەها دەکرێ شاهیدی گەمارۆی زیاتریش لە لایەن یەکیەتی ئۆرووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بین بۆ سەر ئێران.

دابین کردنی ئینتێرنێتی بە خۆڕایی زەبرێکی کوشندە لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەدات، بەو مانایە کە جگە لەوەی چیدیکە ڕێژیم ناتوانێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فیلتەر و پێش بە گواستنەوەی زانیارییەکان بگرێت، زەبری کوشندەتر بێکەڵک کردن و وشک‌کردنی ئەو سەرچاوە ئابوورییەی سپای پاسدارانە کە لە ڕێگای سیستمی موخابرات و ئینتێرنێتەوە بەدەستی دەهێنا، هەر بۆیە داڕمانی بونیاتە ئابوورییەکان، بەردەوامی وشکەساڵی و کەم بوونەوەی ئاوە ژێرزەوینییەکان، زیادبوونی ڕێژەی بێکاران و ... هتد، کێشەیەکی وەها ئاسان نین کە تەنیا بە یەک قسەی خامنەیی چارەسەر بکرێت.

لەسەر ئەو بڕوایەم کە هەوڵەکانی سەرانی ڕێژیم بۆ نزیک بوونەوە لە عەرەبستانی سعوودی لە دوایین مانگەکانی ساڵی ڕابردوودا و هەروەها بەڵێن و دروشمەکانی خامنەیی و ڕووحانی لە پەیامی نەورۆزی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا، حیکایەت لە ساڵێکی پڕزەحمەت و نائەمن دەکات بۆ ڕێژیم و کارەساتبار بۆ خەڵکی هەژار و وەزاڵە هاتووی ئێران.

عەلی خامنەیی و حەسەن ڕوحانی لە پەیامی نەورۆزی خۆیاندا، ڕایانگەیاندووە کە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەوڵەت بە هاوکاری و پشتگیریی خەڵک، لە پێناو زیادکردنی بەرهەمە نێوخۆییەکان و نەهێشتنی کێشەی ئابووری، نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان و چارەسەری وشکەساڵی هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ؛ حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیم، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاری و هەوڵدان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و خۆبژێوی (خودکفایی)، لە ئامانجەکانی دەوڵەت بۆ ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی زانیوە.

بە خوێندنەوە لەسەر زیادبوونی ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لەسەر شاری ئۆرشەلیم، هەروەها کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و بەردەوام بوونەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، ڕاستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ نزیک بوونەوە لە عەرەبستانی سعوودی و پەیامی نەورۆزی ڕێبەرانی ئێرانمان باشتر بۆ دەردەکەوێت.

هەوڵی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ نزیک بوونەوە لە عەرەبستانی سعودی لەو ڕاستایەدایە کە لە کاتی ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، عەرەبستانی سعوودی بێلایەنی بپارێزێت و خۆی لە یارمەتیدانی ئامریکا و هێزەکانی دوور بگرێت، واتە هەوڵی سەرانی ڕێژیم بۆ ئەوەیە تا عەرەبستان بە قەناعەت بگەیەنن کە ئەگەر یارمەتیدەری ئێران نەبێت لەو شەڕەدا، لانیکەم نەبێتە بەربەست بۆ چالاکییە سەربازییەکانی ئێران و پایگایەک بۆ هێزەکانی ئامریکا.

ساڵانێکە کە ئەگەری ڕوودانی ئەو شەڕە لە لایەن سیاسەتمەدارانی ئامریکایی و ئیسرائیلی پێشبینی کراوە و هێزی سەربازی ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینییەوە بۆ ماوەی ٩ ساڵ، بە مەبەستی هاوئاهەنگی و ئامادەیی هێزەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک کە لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە سەر ئیسرائیل، مانۆڕێکی هاوبەشیان بەڕێوە بردووە کە دوایین خولی ئەو مانۆڕە مانگی پێشوو، واتە دواساتەکانی ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل و سووریە بوو.

کەوایە، ئەگەری ڕوودانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هەروەها کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و بەردەوام بوونەوەی دووبارەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، هۆکاری سەرەکی ناودێر کردنی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی وەک ساڵی خۆبژێوی و بایەخدان بە بەرهەمە ناوخۆییەکانە لە لایەن خامنەیی و ڕوحانییەوە.

بەو پێیە چاوەڕوان دەکرێت تا لە ساڵی ٩٧دا هاوکات لەگەڵ بەردەوامی سەرانی ڕێژیم لە سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵکی ناوخۆی ئێران و کپ کردنەوەی هەرجۆرە دەنگێکی ڕزگاریخوازانە، ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە شێوە و سیمای جۆراوجۆر بەردەوام بن و خەڵکی ناوخۆی ئێران بەرەوڕووی ژیانێکی پڕئەستەم و گرانی و قەیرانی زیاتر ببنەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەدا پشتگیری و پاڵپشتی زیاتر لە دەرەوەڕا بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دروست دەبێت.

لە ئاست دەرەوەشدا، بە هۆی گوشارە جیهانییەکان و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە، بەربەستی زیاتر بۆ ڕێژیم دروست دەکرێت و سپای قودسی ڕێژیمی ئێران کە وەک هۆکاری سەرەکی شەڕ و ناسەقامگیری وڵاتانی ناوچەیی بە ئەژمار دێت و بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی لەبەردەم سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچە، بە ئەگەری زۆرەوە دەخرێتە لیستەی تیرۆرەوە و چالاکییەکانی بەرەوێووی گرفت دەبنەوە.

بەو پێیە چاوەڕێ دەکرێت کە لە ساڵی ٩٧ی هەتاویدا هێژمۆنی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان کەم ببێتەوە و چالاکی و دەستێوەردانەکان تا ئاستێکی بەرچاو کورت بکرێنەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.