کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایکۆت چی گۆڕیوە؟ (بەشی ١)

16:04 - 11 بانەمەڕ 2717

کەریم پەرویزی

باسێکی گرنگ و سەرەکیی نێوان هێز و لایەنە سیاسی و چالاکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان، لە ماوەی چەند دەیە و چەندین دەورەی بەناو هەڵبژاردن لە ئێراندا، باسی بایکۆت کردن یان بەشداری کردن بووە و لە سەروبەندی هەر شانۆگەرییەکدا بەشێک لە هەمان لێدوان و شیکاری و هەڵوێستەکان دووپات دەبنەوە.

ئەوەی ڕوون و دیارە کە هەموو بەناو هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا وەکوو یەک و هاوشێوە و لە دۆخ و هەلومەرجی هاوتا و یەکساندا بەڕێوە نەچوون. بەناو هەڵبژاردن لە ئێراندا، چوار جۆرن: هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، هەڵبژاردنی مەجلیس، هەڵبژاردنی خوبرەگان و هەڵبژاردنی شۆراکان
بە گشتی، هەڵبژاردن بۆ مەجلسی خوبرەگان جگە لە دەوری یەکەمی کە ساڵی ١٣٥٨ بەڕێوە چوو، دەورەکانی دیکە گرنگیەکی ئەوتۆیان نەبووە و لە کەشی سیاسیی ئێراندا بە بێدەنگی تێپەڕیون و خەڵکیش زۆر هەستیار نەبوون بۆی و هەرچەند جاریش کە ڕێژیم هەوڵی دابێ تۆزێک گەرموگوڕی بە شانۆگەریی لە هەڵبژاردنی مەجلسی خوبرەگان بدا، بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبووە و وەکوو شتێکی لاوەکی لە ڕووداوە سیاسیەکاندا تێپەڕیوە.

هەڵبژاردنی شۆراکانی شار و دێ:

یەکەمجار هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوند لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، لە هەندێ شوێن بە شێوەی خۆڕسک بەڕێوە چوون و لە شوێنی وەکوو سنە شۆرایەکی خەڵکی پێک هات. هەرچەند ڕێکار و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونەکەی گرفتی هەبوو و ڕەنگدانەوەی هەموو خەڵک نەبوو، بەڵام چوونکە لە دڵی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکەوە هەڵقوڵابوو، وەکوو ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی مایەوە. دواتر ئەو جۆرە شتانە ڕێژیم ڕێگەی پێ نەدان هەتاکوو لە سەردەمی بەناو چاکسازیخوازاندا، هەڵبژاردنی شۆراکانی شار و دێ بەڕێوەچوون و چوونکە شۆرایەکی سیاسی نەبوون، ڕێژیم فیلتێری ئەوتۆی لەسەر دانەنان و ژمارەیک نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک لە شۆراکاندا لەو یەکەم دەورەی کە ڕێژیم بەڕێوەی برد، هەڵبژێردران کە دوای ئەوەی دەرکەوت خەڵک لەو دەرفەتە کەڵکیان وەرگرتووە، دەسەڵاتدارانی ویلایەتی فەقیهی، ئەو درگایەشیان داخست و فیلتێرەکانیان لەوێش توند کردەوە و دواتر شۆرای شار و دێ تەنیا بوو بە شوێنێک بۆ گەندەڵی و زەوی داگیرکردن و دابین کردنی هەندێک بەرژەوەندیی بنەماڵەیی.

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری:

ڕێژیم لە هەموو دەورەکانی ئەو بەناو هەڵبژاردنەدا هەموو هەوڵی خستۆتە گەڕ کە خەڵک بۆ سەر سندووقەکان ڕابکێشی و بە شێوەیەکی گشتی کردوویە بە ئامرازێک بۆ دیاری کردنی چوارچێوەی بیرکردنەوە و کایەکردن لە نێو پارسەنگە دیاریکراوەکان لە لایەن بەیتی ڕەهبەرییەوە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سیمای گشتیی خۆیدا، هەوڵی داوە کە لەو بەناو هەڵبژاردنانەی سەرۆک کۆماری کەڵک وەربگرێ تاکوو ئومەتی واحیدەی ئیسلامی بێنێتە دی، ئیتر کایە نێوخۆییەکانیشی بە ئاراستەی ئەو ستراتژییەدا ڕێک خستۆتەوە.

هەڵبژاردنی مەجلس:

لە دەوری یەکەمی ئەو هەڵبژاردنەدا کە فیلتێرەکانی ڕێژیم تەنگ نەکرابوونەوە، دەرەتانی هەڵبژاردنی نوێنەری ڕاستەقینە هەبوو کە خەڵکی ئێران و نەتەوەی کوردیش نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژارد، بەڵام ڕێژیم کە دوای ئاکامەکانی زانیی نوێنەرانی خەڵک و دڵخوازەکانی ڕێژیم یەک ناگرنەوە، لە کوردستاندا ئاکامی هەڵبژاردنەکانی هەڵوەشاندەوە و نوێنەرانی کورد نەیانتوانی لە مەجلسدا بەشدار بن.

دواتریش لە دەورەکانی دیکەدا ڕێژیم کە ئەزموونی پەیدا کردبوو، هەم فیلتێرەکانی تەنگتر کردەوە و هەم لە موهەندسیی دەنگدا شارەزایی تەواوی بەدەست هێنا و ئیتر دەرەتانێک نەما کە خەڵک نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و هەموو کایەکە بۆ خەڵک بوو بە کایەی مل ڕاکێشان بۆ خراپ لە بەرامبەر خراپتردا! تەنیا خاڵێک کە هەندێک لە چالاکانی کورد ناوەبەناوە ئاماژەی پێ دەکەن، فراکسیۆنی کوردەکانی ئەندامی مەجلسی ڕێژیمە کە ئەوانیش کارنامەیەکی ڕەشیان تۆمار کرد ئەوکاتەی کە بەیانیەیەکیان بڵاو کردەوە و دژی دادگای میکۆنووس هەڵوێستیان گرت و مەئمووریەتی نوێنەرایەتیی ڕێژیمیان بەجێ گەیاند!

بەشێوەیەیکی کراوەتر و فراوانتر گەر بچینە سەر بەناو هەڵبژاردنەکان، لەسەر دوو جۆر هەڵبژاردن، مەجلسی ڕێژیم و سەرۆک کۆماری هەندێک ڕاوەستە دەکەین.

هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی ڕێژیم

هەڵبژاردنی مەجلیس، هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، فیلتێرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی زۆر پاوانخوازانە و کۆنەپەرستانە تەنگ و تەنگتر کراونەتەوە و تەنانەت هەندێک جار کەسێک کە لە دەستیان دەرچووبێ و کردبێتیان بە نوێنەری مەجلس کە هەڵسوکەوتیان بە دل نەبووبێ، لە دەوری دیکەدا ڕەدیان کردۆتەوە و فیلتێرەکانیان تەنگتر کردۆتەوە.

هەر لە یەکەم قۆناغ کە بریتیە لە خۆکاندیدکردن و بەربژێربوون، ئەسڵی هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیکیان پێشێل کردوە و ئازادییان خنکاندووە. گەر بە سەدان و هەزاران کەسیش لە ماوەی چەندین دەورەی هەڵبژاردنەکاندا خۆیان بەربژار کردبێ، شۆرای نیگابان بە تێغی بێبەزەییانەی سانسۆر، ڕەدی کردوونەتەوەو تەنیا کەسانی سوێندخواردووی خۆیان یان گەر لە دەستیان دەرچووبێ کەسانی بێتوانا و بێ‌پێگەیان ڕێگە پێداوە. ئەڵبەت ئەم پرۆسەیە لە کوردستان وا بووە و لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بەتایبەت لە ناوەند هاوکێشەکان جۆری دیکە بوون و لەوێ ڕکەبەرایەتیی نێو باندەکانی ڕێژیم دیاریکەری فیلتێرەکان بوون. ئەڵبەت لە ناوەند و لە شارە گەورەکانی ئێرانیش جیا لە کەسانی سەر بە باندەکانی نێو ڕێژیم، ڕێگە بە کەسی دیکە جا لیبراڵ بێ یان سۆسیالیست یان مەشرووتەخواز یان سەمپاتیی بۆ موجاهیدین هەبووبێ یان هەرچیی دیکە جگە لە باندەکانی سەر بە ویلایەتی فەقیه ڕەد کراونەتەوە.

لە قۆناغی دووهەمدا کە بریتییە لە پرۆسەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و دەنگ وەرگرتن و ژماردنی دەنگەکان و تەییدی ئاکامی دەنگدان، ڕێژیم لە هەر دەورەیەکدا پیلانێکی تایبەتی بەو هەلومەرجە بەڕێوە بردووە و هەردەورەیەک ئەزموونێکی لە موهەندسیی هەڵبژاردن کۆ کردوەتەوە و لە دەورەکانی دیکەدا کەڵکی لێ وەگرتوون. بەو شێوەیە، بە موهەندسیی هەڵبژاردن، ڕێژیم بە گشتی ئەوەی کە ویستبێتی و حەزی لێ بووبێ لە سندووقی هەڵبژاردن دەری هێناون. لە ڕاستیدا بەناو هەڵبژاردن بووە بە پرۆسەیەک تاکوو ڕێژیم خەڵک بکێشێتە سەر سندووق و خەڵک وا هەست بکەن کە کاریگەریی سیاسییان هەیە و ڕێژیمیش بەرهەمەکەی بۆ خۆی بچنێتەوە و دوای تەواوبوونی پرۆسەکە خەڵک دووبارە بە دەستی بەتاڵ گەڕاونەتەوە سەر ماڵی وێرانی خۆیان.

بە هەموو فیلتێر و بەرچاوتەنگییەکان و پاوانخوازییەکانی ڕێژیمەوە، گەر قۆناغی دووهەمی ئەو بەناو هەڵبژاردنانە خاوێن بوایە، یان بەواتایەکی دیکە، دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بخوێندرایتەوە و دەنگی خەڵک دیاریکەر بوایە کە کێ براوەیە و کی دۆڕاو، دەکرا لە چکۆلەترین دەرفەتەکانی نێو ئەو بەناو هەڵبژاردنەش کەڵک وەربگیرایە تاکوو خەڵک هاواری خۆیان بکەن. گەر نەیاندەتوانی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانیش بنێرنە مەجلس، لانیکەم بە دەنگ و هەڵوێستی خۆیان بیانگوتبا کە دڵخوازەکانی ڕێژیممان ناوێ و کەسی دیکەیان هەڵ ببژاردایە، بەڵام ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە ڕێژیم ئەوەی حەزی لێ بێ لە سندووقەکان دەری دێنێ، جا خەڵک دەنگیان بە چی داوە گرنگ نیە.

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری

ئەم بەناو هەڵبژاردنە داستانێکی دیکەیە.


چەند دەورەی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بەڕێوە چووە و هەموو دەورەکان لە دۆخێکی تایبەتیی خۆیاندا بەڕێوە چوون و ڕێژیمیش لە هەموویاندا بەرنامەی تایبەتیی خۆی جێبەجێ کردووە.

بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی دیکە بۆ شۆراکان ومەجلیس و خوبرەگان، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری هەر لە یەکەم دەورەدا فیلتێری تایبەتیان بۆ دانا و بە سیستماتیک و بە تەواوی موهەندسی کراو کاریان کرد. بەڵام تایبەتمەندییەکی ئەساسیی سەرۆک کۆماری لە سیستمی ویلایەتی فەقیهیدا ئەوە بوو کە جگە لە خامنەیی کە دواتر خۆی بوو بە وەلیی فەقیه و ڕەجایی کە کوژرا، هەموو سەرۆک کۆمارەکانی دیکە لە لایەن سیستمەوە دوای سەرۆک کۆماری کەوتنە خانەی دژبەر و فیتنە و خرابکار و لادەر و تەنانەت یەکێک وەکوو بەنی سەدر هەر نەیانهێشت دەورەکەی تەواو بکا و ناچاریان کرد بە هەڵاتن خۆی دەرباز بکا!

بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ڕێژیم لە یەکەم پلەکانەوە کە بڕیاری دەسپێکەکەی دەدرێ تا ناونووسین و ڕەدی سەلاحیەت و موهەندسیی دەنگدان و ئیدارەکردنی باس و لێدوانەکان و تا ئاکامی خوازراوی ڕێژیم لە سندووقەکان، هەمووی بەرنامە بۆداڕێژراو بووە و بە چڕوپڕی دەستیان بەسەر هەموو کون و کەلێنێکیدا گرتووە. بەڵام لەوانە گرنگتر، خودی ستراتژیی کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، دەستنیشانکردنی چوارچێوەی سیاسی و بەرنامەی کار و کایە لە ڕێرەوێکدا بووە کە ڕێژیم بەرهەمەکانی بچنێتەوە و لەو نێوەشدا دەستیان بۆگەمە و پیلانی جۆر بە جۆر بردووە تاکوو خەڵکی تێدا بەشداری شانۆکە بکەن و خودی خەڵک و هێز و لایەن سیاسییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان وەها کایە بدەن کە لە هەردەورەیەکی هەڵبژاردندا وا هەست بکەن کە ئەم دەورەیە جیاواز و زۆر گرینگە و لە کۆتاییشدا نەزانن کە بۆچی وای لێ هات؟!

لە ئاستی بیرکردنەوە و ڕوانینی کۆمەڵگاشدا، ڕێژیم لە شانۆگەریی هەڵبژاردن کەڵکی وەرگرتوە تاکوو کۆی چوارچێوەی سیاسەت و بیرکردنەوە لە ئێراندا کۆنترۆڵ بکا و ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی ویلایەتی فەقیهی کە بریتییە لە ئومەتی واحیدەی ئیسلامی لە ژێر ڕێبەریی نوێنەری ئیمامی زەماندا، وەها لە نێو خەڵکدا جێ بخا و لەو چوارچێوەدا بخولێنەوە کە هیچ گومانیان بۆ پەیدا نەبێ کە ئیمکانی شتی دیکەش هەیە.

ڕێژیم لە بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا، هەم چوارچێوەی کایەی سیاسی دیاری دەکا و هەم شێوازی ڕوانینی خەڵکیش بۆ سیاسەت و کایەی سیاسی دیاری دەکا. لەم هەڵبژرادنانەدا چەند خاڵی بنەمایی دەکاتە ئامانجی مەبەستە نگریسەکانی:

- دیاریکەری ڕۆڵ و کاریگەری و ئاکامی هەموو شت تەنیا و تەنیا وەلیی فەقیه و بەیتی ڕێبەرییە.

- خەڵکی ئێران کەسانێکی تێنەگەیشتوون کە هەردەم ئەگەری ئەوە هەیە بە دنەدانی بێگانە و دوژمنانی ئیسلام! هەڵخڕێن و بەلاڕێدا بچن و بۆیە پێویستە عەقڵی وەلیی فەقیه لە ڕێگەی شۆرای نیگابانەوە ڕێنیشاندەریان بێ.

- تەنیا ئیمکانێک بۆ هەڵبژاردن لە بەردەستی خەڵکدا هەیە، هەڵبژاردن لە نێوان ساڵح و ئەسڵەحە کە بە ئەدەبیاتی وەرگێڕدراوی ڕێفۆرمخوازان و دۆڕاوانی سیاسیی پاساوهێنەرەوە بۆ ڕێژیم (هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپترە).

- هەموو ناسنامە و پێناسەیەکی سیاسی و گرووپیی جیاواز دەبێ بسڕێتەوە و خۆیان لە پێناسەی دەستنیشانکراوی ڕێژیمدا ببیننەوە.

- سەرۆک کۆماری ویترینێکە بۆ دووبارە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ڕەوایی ڕێژیم لە نێو ئاپۆرای جەماوەری بەمێگەلکراودا. (ڕێژیم کۆمەڵگایەکی ڕێکخراوی بە گرووپبەندی و دەستە و توێژی جیاوازی کۆمەڵایەتییەوە ناوێ، بەڵکوو کۆمەڵگا وەکوو مێگەلێک دەبینێ کە بە فەرمانی گۆچانی دەستی شوان بەم لاو بەولادا بچن.)

- کورتە دەرەتانێکی دەسەڵات کە بۆ سەرۆک کۆماری هەبێ، لە نێوان گرووپەکانی نێو حاکمیەت و باندەکانی ڕێژیمدا دەستاودەست بکرێ تاکوو باڵانسی هێز بە زەرەری لایەک وەها نەشکێتەوە کە وەلیی فەقیه وەپەراوێز بخرێ. (لەم چوارچێوەدا دەتوانین خوێندەوەیەکی دروستمان بۆ ڕەدی سەلاحیەتی ڕەفسەنجانی و ئەحمەدی نژاد و وەلانانی گرووپە کانی بەقەول ڕاست و چەپی ڕێژیم لە بڕگەی جیاوازدا هەبێ. چوونکە هەر جارەو باڵانس بە لایەکدا دەشکێتەوە، جاری دیکە لە لایەکی دیکەوە قەرەبوو دەکرێتەوە تاکوو فەسلول خیتاب هەر وەلیی فەقیه بێ.)

- سەرۆک کۆماری و دەزگا ئیجراییەکانی ژێر دەستی کە لە چاو دەزگاکانی دەستی وەلیی فەقیهدا دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نیە دەبێ وەکوو سپەرێک بن کە هەموو گەندکارییەکانی ڕێژیم بەسەر ئەواندا بشکێتەوە و داوێنی وەلیی فەقیه لەو خراپەکاریانە پاک نیشان بدرێ.

ئەمانە خاڵە سەرەکیەکانی ستراتژیی کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بێدەسەڵات و فرەدوودایە کە تەنیا بەرهەمی ماددیی بۆ باندی خاوەن سەرۆک کۆماری هەیە و دەتوانێ ئیمتیازاتی ماددیی فراوان تاڵان بکا و خەڵکیش هەژارتر لە جاران و سیاسەتیش لە ئێراندا پاوانکراوتر لە هەمیشە بێ.