کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایەخی تمەن بەردەوام کەم دەکات

12:17 - 9 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دۆخی ئابووریی ئێران بەچەشنێک ئاڵۆز بووە کە گۆرانکارییەکانی خوولەک بە خوولەک ڕوو دەدەن و وەک کارناسان دەڵێن کۆنترۆڵ کردنی بووەتە کارێکی نامۆمکین.

نرخی دۆلار تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە بازاڕی نافەرمی ئەرز، لە ١٢ هەزار تمەن نیزیک بووەتەوە؛ ڕێکۆردێکی مێژوویی بۆ نرخی دۆلار کە هەندیک جار بە چرکە گۆڕانی بەسەردا دێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکانیش نرخی ئەرزەکانی دیکە و سکە بەردەوامە لە هەڵکشان و لەبەرامبەریشدا بایەخی دراوی ئێران چرکە بە چرکە زیاتر دادەکشێ.

لەم بارودۆخەدا و هاوکات لەگەڵ هەندێک تەقەلای ڕێژیم بۆ کەم کردنەوەی بارگرژییەکانی بازاڕ و دانی بەڵێنی سەیر و سەمەری وەک ئەوەیکە "ئیزن نادەین نرخی دۆلار بەرز ببێتەوە"، کە بێ ئەنجام و ناکام ماوەتەوە، دەوڵەت هەوڵ دەدات کەڵک لە کەرتی تایبەت وەربگرێت تاکوو بەم شێوە پێش بە چوونەدەری سەرمایەدانەرانی دەرەکی بگرێت.

هەروەها ڕێژیم لەباتی هەولدان بۆ چارەسەری لۆژیکییانە، لەڕێگەی هێزە بەناو ئینتزامییەکانەوە هەڵدەکوتێتە سەر سەڕاف و دەڵاڵانی بازاڕی ئەرز و دەیهەوێ بەم شێوەیە کۆنترۆڵی بازاڕ بگرێتەوە دەست.

لەبەرامبەردا کارناسان و ئابووریناسانیش پێیان وایە ئەمجۆرە کارانەی ڕێژیم ناتوانێ چارەسەرێکی لۆژیکییانە بێت بۆ گرفتەکانی بازاڕ و دەڵێن: لە ئێستادا هیچ هاندەرێک بوونی نییە تاکوو بتوانێ ئابووریی ئێران ببووژێنێتەوە و بەگشتی ئابووریی ئەم وڵاتە لە گێژەنەی خۆی دەرچووە؛ هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری یەحیا ئال ئێسحاق وەزیری پێشووی بازرگانی ئاشکرای کردووە: ئەوەیکە ئەمڕۆ لە ئێراندا دەبیندرێ بریتییە لە "تێکچوون و ڕووخانی ژیان و بژێوی".

بەوتەی ناوبراو، توانای دابین‌کردنی پیداویستییەکانی ژیان لای چینی هەژاری کۆمەلگا لە چەند حەوتووی ڕابردوودا ٧٢% کەمی کردووە؛ بەواتایەکی تر هێڵی هەژاری هەنووکە لە سنووری ١٠ میلیۆن کەس تێپەڕیوە.

لەمبارەوە حسەین ڕاغفەر ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ وتوویەتی: بەردەوامی ئەم دۆخە نەشیاوە شۆڕش و ڕاپەڕینی توێژە برسییەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێ.

لەوەها کەشێکدا سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم لە ئاخاوتنێکی گاڵتەئامێزدا لە دانیشتنی فراکسیۆنی شەفافییەتی ئابووریی، وتوویەتی: بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی گەندەلییە ئابوورییەکانمان بیانوو مەدەنە دەس ڕاگەیاندن و خەڵک و خۆتان ببوێرن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەتی لەم چەشنە!

ئەم قسانەش دوابەدوای ئەوە هاتە ئاراوە کە هیدایەتوڵا خادەمی نوێنەری ئیزە لە مەجلیسی ڕێژیم  لە ئاخاوتنێکدا دانی بەوەدا نا کە ماوەی ٤٠ سالە ٢٠٠ بنەماڵە، ئێرانیان بە بارمەتەی خۆیان گرتووە و ڕێبەرانی ڕێژیم لەم ماوەیەدا بەردەوام خەیانەتیان بە گەلانی ئێران کردووە و بەرپرسیارن لەهەمبەر دۆخی هەنووکەیی وڵات.