کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان، بە خۆکوشتن کۆتایی بە ژیانی نالەباریان دێنن

12:39 - 14 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پیرەپیاوێک لە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ناوچەی سەرپێڵی‌زەهاو، بە خۆکوژی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بێهیوایی بە ژیان و داهاتوو، لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، بە هۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم، لەوپەڕی خۆیدایە و هەتا ئێستا دەیان کەس لەو ناوچانە هەوڵی خۆکوژییان داوە.

لە نوێترین ڕووداوی دڵتەزینی خۆکوژی لەو ناوچانە، پێاوێکی تەمەن ٧٨ ساڵ بە ناوی "موراد بووچانی" خەڵکی سەرپێڵی‌زەهاو، بە هۆی ئەوەی کە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ لە کارەساتی بوومەلەرزە، ئاوارە و دەربەدەرە و ڕێژیمیش هیچ گرنگییەکییان پێ نادات، کۆتایی بە ژیانی نالەباری خۆی هێناوە.

موراد بووچانی ناسراو بە خاڵو شامار، لە دوایین وتەکانی خۆیدا، پێش لە خۆکوشتن باسی لەوە کردووە، کە چی دیکە تاقەتی ئەو ژیانە و ئاوارەیی نەماوە و ناتوانێت لە سفرەوە دەست پێ بکات؛ نموونەکانی وەکوو خاڵۆ شامار لەو ناوچانە زۆرن کە زۆربەی ژیانیان تێکۆشاون کە لە کۆتایییەکانی تەمەنیان ژیانێکی ئاسوودەیان هەبێت، بەڵام کارەساتی بوومەلەرزە و لە سەرووی هەموویان کارەساتی کەمتەرخەمی و سیاسەتە فاشیستییەکانی ڕێژیمی ئێران وای کردووە، کە هەتا کۆتاییی ڕۆژەکانی ژیانیان ڕەنگی ئاسوودەیی نەبینن.