کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ئاگاداری ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو خاوەننەزەرانی نیشتمانپەروەری کورد

18:33 - 26 بانەمەڕ 2717

هەروەک لە راگەیاندراوی پلنیۆمی ١٦یەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هاتبوو کە لە ٩ تا ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٩ ئاوریلی تا ١ی مای ٢٠١٧ی زایینی بەرێوە چوو؛

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گەڵاڵەی پێشنیاری بەڕێز کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی و چەند هاوڕێی دیکە سەبارەت بە پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ لە سیستەم و پێکهاتەی حیزب بە ناوی سیستەمی (فرە جەمسەر و هاوسەنگ) دوای پێداچوونەوە و گونجاندنی هێندێک خاڵ دەوڵەمەند کرا بوو، جارێکی دیکە خرایەوە بەر باس و لێکدانەوەی رێبەرایەتی حیزب.

لەو کۆبوونەوەیەدا دوای چەند پێشنیار و تێبینی کە لەلایەن بەشدارانی پلینۆم سەبارەت بەو گەڵاڵەیە خرانە روو، بڕیار درا بە لەبەرچاو گرتنی بابەتەکە ئەو گەڵاڵەیە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بخرێتە بەرچاوی هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و هەموو خاوەننەزەرانی کوردی نیشتمانپەروەری ئەم بوارە تا دوای لێوردبوونەوە لە گەڵاڵەکە، راوبوچوونی خۆیان یان گەڵاڵەیەکی دیکە بەم مەبەستە لە ماوەی یەک مانگدا لە رێکەوتی بڵاوکردنەوەکە بۆ ئەم ئادریسە کە لە خوارەوە هاتووە بنێرن.

دوای ئەو ماوەیە هەموو ئەو بابەتانە لە لایەن لێژنەیەک لە ئەندامانی رێبەرایەتی حیزب کە لە پلینۆم دیاری کراون دەخرێنە بەر تاوتوێکردن و ئەوندەی بگونجێ ئەو گەڵاڵەیەی پێ دەوڵەمەند دەکرێ، یان گەڵاڵەیەکی دیکە ئامادە دەکرێ.

ئامانج ئەوەیە چەندی لە توانادا بێ گەڵاڵەیەک لە لایەن زۆرایەتی کۆمیتەی ناوەندی بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە سیستم وپێکهاتەی حیزب بۆ پێشکەش کردن بە کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب ئامادە بکرێ، ئەگەر ئەوەش نەکرا، گەڵاڵەی سکرتێری حیزب لەگەڵ هەرچەند گەڵاڵەی دیکە دەخرێنە بەر دەستی کۆنگرەی حیزب بۆ بڕیاری کۆتایی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتاریا

١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی
٠٧ی مای ٢٠١٧ی زایینی
بابەت و پێشنیارەکانتان بۆ ئەم ئیمەیلە بنێرن:

[email protected]


بۆ بینینی گەڵاڵە پێشنیارییەکان ئێرە کلیک بکه.