کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆنەی حەج و کێشەی دراو و دۆلار لە ئێراندا

13:26 - 23 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری ڕێوڕەسمی ساڵانەی حەج، نوێنەری تایبەتی ڕێبەری ڕێژیم لە بەشی حەج و زیارەت، داوای دابینکردنی دۆلار بە نرخی دەوڵەتی کردووە.

لە وەها کات و ساتێکدا کە خەڵکی ئێران بەدەست گرانی و گوشاری ئابوورییەوە دەناڵێنن، نوێنەری تایبەتی خامنەیی، لە بەشی حەج و زیارەت، بانکی ناوەندیی ناچار کردووە، هەتا دۆلاری پێویست بۆ حاجییەکان بە نرخی دەوڵەتی دابین بکات.

هاوکات لەگەڵ دابینکردنی دۆلاری پێویست بۆ حاجییەکان، ڕێکخراوی هیلال ئەحمەری ڕێژیمیش دەبێت ٥٢ تۆن دەرمانی پێویست دابین بکات، لە حاڵێکدا لە ئێراندا دەوا و دەرمانەکان یان کەمن و نین، یان ئەوەی کە زۆر گران دەست دەکەون.

بەپێی راگەیاندنی ڕێکخراوی حەج و زیارەتی ڕێژیمی ئێران، ئەمساڵ ٨٥ هەزار ئێرانی بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکی حەج دەچنە عەرەبستان، کە دەوڵەت دەبێت بۆ ئەم ڕێژە زۆرە دۆلاری ٣٩٠٠ تمەنی دابین بکات، لە حاڵێکدا دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا بە ٩٠٠٠ تمەن مامەڵەی پێ دەکرێت.

قازی سەیدعەلی عەسکەر، نوێنەری خامنەیی لە ڕێکخراوی حەج و زیارەت، دابینکردنی ئەم ڕادە دۆلارەی بە ئەرکی دەوڵەت زانیوە، بەرپرسێکی دیکەی ڕێژیم لە ڕێکخراوی حەج و زیارەت، بە ناوی محەممەد ئازاد ڕایگەیاندووە، کە پشکی هەر حاجییەک لە دۆلار بە نرخی دەوڵەتی ٢٠٠ دۆلارە.

ئەگەر بە هەر حاجییەکی ئێرانی ٢٠٠ دۆلار بدرێت، ڕێژیم دەبێت ١٧ میلیۆن دۆلار بۆ ئەو کارە دابین بکات، کە ئەمە لە حاڵێکدایە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەگەڵ هەژاری و برسییەتی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ناردنی حاجییان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ بەڕێوەبردنی بۆنەی حەج لە وڵاتی عەرەبستان لە حاڵێکدایە، کە لە شەرعی ئیسلام حەج بۆ ئەو کەسانە ڕەوا نییە، کە خەڵکی هەژار و دەستکورت لە دەوروبەریانە و  قەرزی خەڵکیان لە لابێت؛ بەڵام ڕێژیمی ئێران، بۆ دابینکردنی دۆلاری پێویست بۆ حاجییەکان لە وەها دۆخێکدا، سامانی خەڵکی ئێران تاڵان دەکات.