کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان کۆڕیادێک لە وڵاتی فەنلاند بەڕێوەچوو

22:16 - 11 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە بەشداری باباعەلی مێهرپەروەر ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهلا دەباغی نووسەر و چالاکی مافی ژنان و مەجید حەقی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە فەنلاند، کۆڕیادێک بۆ رۆژی شەهیدانی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە، بە بەشداری نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییە کوردستانییەکانی چالاک لە فەنلاند و ژمارەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەی شەهیدان و کوردستانییانی دانیشتووی ئەم وڵاتە یادی شەهیدانی کوردستان و ١٠ی خاکەلێوە بەرز ڕاگیرا.

کۆڕیادی شەهیدانی کوردستان بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر وتاری کردنەوەی کۆریادەکە لەلایەن مەهتاب محەمەدیان بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی شەهیدان خوێندرایەوە کە تێیدا باس لە پێویستی لەبەرچاوگرتن و بەجێگەیاندنی وەسیەتی پێشەوا قازی محەممەد کە بریتییە لە یەکیەتی و یەکریزی نەتەوایەتیمان، کرابوو.

دواتر خاتوو شەهلا دەباغی باسی لە نەخش و شوێندانەری پیشەوا قازی محەممەد کرد کە توانی ببێتە سیمبۆلێک بۆ نەتەوەی کورد بەگشتی؛ وتیشی: پێشەوا بۆیە توانی ببێتە ئەم سیمبۆلە چونکە لەخۆی مایەی دانا بۆ نەتەوەکەی.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕیادەکە مەجید حەقی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە فەنلاند باسێکی تێروتەسەلی لەژێر ناوی کورد لە بەرژەوەندی وڵاتانی دابەشکاری کوردستان پێشکەش کرد و تێیدا ئاوڕی لە فاکتەرە مێژووییەکانی ڕوخانی کۆماری کوردستان دایەوە.

پاشان کاک باباعەلی مێهرپەروەر باسی لە هەلومەرجی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەدەستی پێشەوا قازی محەممەد و پارێزەرانی کۆمار واتە هێزی پێشمەرگە کرد و ڕۆڵی ئەوانی بەرز نرخاند.