کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرتیل وەرگرتن لە تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی نوێترین ئیقدامی مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم

18:16 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بەرتیل وەرگرتن لە تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی، بووەتە بە سەرچاوەیەکی داهات بۆ مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای "سیدالشهدا"ـی ورمێ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای"سیدالشهدا"ـی ڕێژیمی ئێران لە شاری ورمێ، داوای بەرتیل لە تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی دەکەن و بە زۆرەملی پارەیان لێوەر دەگرن.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای "سیدالشهدا" که لە خوارەوەتری زیندانی ناوەندیی ورمێ هەڵکەتووە لەژێر چاودێریی سپای تێرۆریستی پاسداران دایە و ئەو شوێنە ژێرزەمینی تایبەتی بۆ ئەشکەنجە هەیە و نهۆمی هەمکەفیش بۆ لێپێچینەوە و ڕاگرتنی زیندانیان بەکاری دێنن کە ٥ ژووری هەیە و توالێتیش هەر لە ناو خودی ژوورەکان دایە".

هاوکات ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ حەوشێکی بە پانتایی ٥٠ میتر هەیە کە هەر تاوانبارێک نزیک بە ٢٠ خولەکێک بە چاوبەستراوی بۆ هەواخۆری دەبردرێتە حەوشەکە و دوای هەواخۆری بە چاوبەستراوەیی دەبردرێتەوە ژووری خۆی.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ سێ ژووری لێپێچینەوە و ژووری کاری بۆ کارناسانی پەروەندەی تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی هەیە کە تەمەنی ئەو مەئموورانە ٤٥ تا ٥٠ ساڵ دەبێت.

لە بەشێكی ئەو ڕاپۆرتەدا باس کراوە، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆرسیت بە زۆر و هەڕەشە داوای بەرتیل لە تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی دەکەن و ئەگەر تاوانباران نەتوانن ئەو داواکارییە جێبەجێ بکەن لەگەڵ پەروەندەسازیی نوێ و سزای قورس بەرەوڕوو دەبنەوە کە زۆربەی تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسیش بە هۆی نەبوونی توانایی ماڵی لەگەڵ ئەو هەڕەشە و سزا قورسە بەرەوڕوو دەبنەوە.