کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی ئێران بۆ چەندەمین ڕۆژی یەک لەدوای یەک

12:21 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بۆ چەندەمین ڕۆژی یەک لەدوای یەک، خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیوی شارە گەورەکانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دیسانەوە بە دانی درووشمی ڕووخان تەواوییەتی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج کە لەبواری هاوکات بوون و جوغرافیاییەوە بە گەورەترین خۆپیشاندانی سەرانسەری لە بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە دێتە ئەژمار.

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوبووەکان خەڵک لە شارەکانی کەرەج، تاران، پاکدەشت، قەرچەک، ئێشتێهارد، قەهدەریجان، ئەراک، کرماشان، ئەهواز و ئیسفەهان بەشێوەیەکی بەربڵاو ڕژانە سەر شەقام و دژ بە ڕێژیم خۆپیشاندانیان ساز کرد کە لە زۆربەیاندا بەرهەڵستی چەکدار و هێزە ئەمنیەتییەکان بوونەوە؛ ئەگەرچی لە هەندێک شوێندا چەکدارانی ڕێژیم بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕازییان کەڵکیان لە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی پلاستیکی وەرگرت و تەنانەت تێکهەڵچوونیش هاتە ئاراوە و چەندین کەس بریندار بوون و دەسبەسەر کران، بەڵام خەڵک بێ گوێدان بە هەڕەشە و گرتن درێژەیان بە ناڕەزایەتی دەربڕینەکەیان دا.

بەپێی لێدوانی بەشێک لە ناڕازییانە لە هێرشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بۆسەر خەڵکی ڕاپەڕیو بەشێکی بەرچاو لە شەڕفرۆش و قەمەکێشەکانی سەر بە سپاش بەشدار بوون تاکوو بەم شێوەیە هەم خەڵک چاوترسێن بکەن و هەمیش زووتر دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

لەم ناڕەزایەتییانەدا کۆمەڵێک درووشم بەرز کراونەتەوە کە نیشان لە بێزاری گشتی خەڵک لە هەموو ڕێژیم بەهەموو باندەکانییەوە دەدات؛ بۆوێنە: «توپ، تانک، فشفشه آخوند باید گم بشه»، «نه غزه، نه لبنان، جانم فدای ایران»، « ایرانی بسه دیگه، غیرتتو نشون بده»، «اصلاح طلب اصولگرا، دیگه تمومه ماجرا»، «مرگ بر خامنه‌ای» و «دشمن ما همینجاست، دروغ میگن آمریکاست»، «خامنه‎ای حیاکن، مملکت رو رها کن».

ئەم ڕەوشە لە ڕەوتی یاری نێوان تیمی پێرسپۆلیس و فولادی خوزستان و لە پاش کۆتایی هاتنی یارییەکە لە ستادیۆمی ئازادیش خۆی نواند و هاندەرانی یارییەکە دەستیان دایە درووشم دان و بە درووشمی "مرگ بر دیکتاتور" پاڵپشتی خۆیان لە خەڵکی سەر شەقام نیشان دا؛ هەرچەند کە دواتر هێزە لیباس شەخسییەکان ڕایانگەیاند ئەوانە هاندەر نەبوون و تەنیا کۆمەڵێک لات و لووت بوون کە دنە درابوون تاکوو ئارامی یارییەکە بشەوێنن!

ئەم خۆپیشاندانانە کە لە میدیا جیهانییەکانیشدا ڕەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە و زۆرێک لە ڕاگەیەنە جیهانییەکان بەوردی ڕووماڵیان کردووە پشتیوانی جیهانیشی وەدەست هێناوە کە زەقترین نموونەی بریتییە لە تویتی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کە نووسیویەتی: "ئێمە پشتیوانی لە دەنگی خەڵکی ئێران دەکەین کە گوێی نادرێتێ"؛ لەم پەیامەدا هاتووە: "ئێمە بەدواداچوون بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئیسفەهان، کەرەج، شیراز، تاران و شارەکانی دیکە دەکەین. هەروەک وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند: ئەوەیکە جێی پێکەنینە هەوڵەکانی ڕێژیمی تارانە بۆ پڕکردنی گیرفانەکانی خۆی لە حاڵێکدا خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ کار و گۆڕان و هەلی باش بۆ ژیان هاوار دەکەن".

لە تویتێکی دیکەشدا ڕایگەیاندووە: "ئەگەرچی خەڵکی ئێران دەبێ بۆخۆیان ڕێڕەوی ژیانی داهاتوویان دیاری بکەن بەڵام ئامریکا پشتیوانی لە دەنگی ناڕازی خەڵکی ئێران دەکات کە ماوەیەکی دوور و درێژە گوێی نادرێتێ؛ ئامریکا هیوادارە کە داهاتووی خەڵکی ئێران داهاتوویەکی لێوانلێو لە ئازادی و بە ئاکام گەیشتن بێت".