کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی ناڕەزایەتیی کرێکارانی هێڵی ئاسنی تراوێرس

18:26 - 8 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی هێڵی ئاسنی تراوێرس، بۆ چەندەمین جار، دەستیان دایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین.

کرێکارانی کۆمپانیای تراوێرس، لە چەندین شاردا بە نیسبەت وەرنەگرتنی مووچە و داواکارییەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ئیلنا، ئەو کرێکارانە ڕۆژی یەکشەممە 7ی گەلاوێژی 1397ی هەتاوی، لە شارەکانی نەیشابوور، سەبزەوار، کاشمەر، زەنجان و چەندین شاری دیکە بە هۆی دواکەوتنی مووچەی سێ مانگ کار و نوێ نەکرانەوەی بیمەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

  ناڕەزایەتی کرێکارانی ئەو کۆمپانیایە لە 28ی پووشپەڕی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە، هەندێک لە کرێکارانی ئەو کۆمپانیایە باس لەوە دەکەن، کە هەتاکوو ئێستا ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانە هیچ جۆرە ئاکامێکیان نەبووە.

ناڕەزایەتی کرێکارانی هێڵی ئاسن لە ناوچەکانی هورموزگان، ئیسلام‌شاری تاران، کەرەج، لوڕستان، ئازەربایجان، زاگرۆس، شاڕوود، دامغان و سمنان، بەشێکن لە ناڕەزایەتیی کرێکارانی کۆمپانیای تراوێرس کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەڕێوە چوون.

هاوکات هەر لە هەمان ڕۆژدا، خەڵکی شاری عەسەلوویە بە هۆی زیاد بوونی ڕێژەی بێکاری لە شارەکەیان، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین.

ناڕەزایەتی خەڵکی عەسەلوویە بە نیسبەت بێکاری لە حاڵێکدایە کە ئەو شارە لە ناوچەیەکی گرینگی ئابووری هەڵکەوتووە و گەورەترین پرۆژەی پارسی جنووبیش لەو شارەدا چالاکی دەکات، بەڵام بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ڕێژیم بۆ کارەکان و کرێکاری کۆمپانییاکان، لەخەڵکی بوومی کەڵک وەرناگرن.