کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ئاماری داکشانی ژیانی خەڵک بۆ ژێر هێڵی هەژاری

14:37 - 24 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی زانکۆ ئاشکرای کردووە، بە پێی زانیاریەکانی ناوەندی ئامار، لە ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری زیاتر دەبێت و ئەگەر ڕێوشوێنی گونجاو نەگیرێتە بەر، بەم زووانە ٤ میلیۆن کەسی دیکە بە ئاماری هەژاری ڕەها زیاتر دەبن.

ڕەزا ئۆمیدی مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەری بواری بەرنامەداڕێژی کۆمەڵایەتی، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بە پێی ئامارەکان، چینە کەم‌داهاتەکانی کۆمەڵگا بە هۆی گرانی و هەڵاوسانی بازار و چوونەسەرەوەی نرخی خانووبەرە، زۆرترین زیان دەبینن.

ئەم مامۆستای زانکۆ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، ٨٠ لەسەدی وامە بانکییەکان تەنیا لە خزمەت ٢ دەهەکی دەسڕۆیشتووی کۆمەڵگای ئێران بوون، رایگەیاندووە: "٣٠٠ بنەماڵە لە دەسڕۆیشتوان و دەوڵەمەندانی کۆمەڵگای ئێران بۆ ماوەی ٣٥ ساڵە کە هیچ جۆرە ماڵیاتێکیان نەداوە".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، کە لە مانگەکانی ڕابردوودا راپۆرتێک لە یەکێک لە بانکەکانی ڕێژیم بڵاو کراوەتەوە کە بە پێی ئەو ڕاپۆرتە تەنیا ٢٠ کەس نزیک بە ٧٠٠٠ میلیارد تمەن بەو بانکە قەرزدار بوون.

ئۆمیدی هەروەها ئاماژەی بە ئاماری سەرسوڕهێنەری کەلێنی چینایەتی لە نێوان چینی هەژار و دەوڵەمەندی کۆمەڵگا کردووە و ڕایگەیاندووە: "بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار، نایەکسانی گشتی لە ئێراندا لە نێوان دەوڵەمەندترین دەهەک و هەژارترین دەهەکەکانی کۆمەڵگای ئێران، نزیک بە ١١ بە یەکە، کە ئەو جیاوازییانە لە بواری خواردن ٥ بە یەک و لە بواری دەسپێڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی دەرمانی ٢ قات و لە بواری خوێندن، ٦٠ قاتە".

بە پێی ئامار و قسەکانی ئەم مامۆستایەی زانکۆ، بە گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر ئێران بارودۆخی ژیانی خەڵک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ کارەساتبارتر دەبێت.