کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و درۆشمدان دژ بە خامنەیی

13:09 - 11 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە دووهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان لە ئیسفەهان و چەندین شاری دیکەدا، دژ بە خامنەیی و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران دروشم وتراوەتەوە.

بەپێی ئەو ڤیدئۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی ئێران بڵاو کراونەتەوە، خەڵکی ناڕازی لە چەندین شاری ئێراندا، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکەیان داوە.

ناڕەزایەتییەکان بە دژی گرانی، قەیرانی ئابووری و هەروەها هەڵسووکەوتەکانی ڕێژیم دوو ڕۆژە بەردەوامە.

لە هەندێک لەو ڤیدئۆیانە بە ئاشکرا دیارە، کە خەڵکی ناڕازی دروشمی "خامنەای حیا کن، مملکت رو رها کن" و "مرگ بر دیکتاتور"یان وتووەتەوە و بە ئاگردانی تایەی ماشین، هاتووچۆی نێو شەقامەکانیان بەستووە.

دۆخی ژیان لە ئێراندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کارەساتبارتر دەبێت و هەر ڕۆژ ناڕەزایەتیی سینفی و چین و توێژەکان لەو وڵاتە بەرینتر و زیاتر دەبنەوە.

ڕێژیم لە ترسی خۆپیشاندانی ناڕازییانە لە شاری سنە، حاڵەتێکی میلیتاریزەی دروست کردووە، لە شاری ساری بە هۆی کەمیی بێنزین ناڕەزایەتیی شۆفێران پەرەی سەندووە و لە کەرەج ناڕازییان دروشمی "ملت گدایی میکند، خامنەیی خدای میکند"، "سوریە رو رها کن، فکری بە حال ماکن" و "جمهوری اسلامی را نمی‌خواهیمـ"ـیان وتووەتەوە.

چاوەدێرێکی سیاسی لە نێوخۆی وڵات، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە نیسبەت ئەوەی کە سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەرینی زۆربەی خەڵک دژی ڕێژیم و بارودۆخی خراپی ژیان و دۆخی وێرانی ئابووریی، بۆچی هەتا ئێستا خەڵک بە مەبەستی ڕووخانی ڕێژیم نەیانتوانیوە یەکگرتووانە بێنە سەرشەقام، باسی لەوە کردووە:

١ـ هەندێک شت وەکوو: وەک نان، بەنزین، برنج، ڕۆن و هتد کە کۆڵەکەی سەرەکیی بژێوی ژیانن، سەرەڕای گرانبوونیان هێشتا لە کۆنتڕۆڵی حکوومەتدا ماونەتەوە.

٢ـ بێبەزەیی بوونی ڕێژیم بە نیسبەت خۆپیشاندەران، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بە ئیرادەوە دەچنە سەر شەقام و مەبەستیان ڕووخانی ڕێژیمە.

٣ـ نایەکگرتوویی خەڵک و هەروەها هەندێ هۆکاری بنەڕەتی وەک میللیەت، دین و فەرهەنگی جیاوازیش هەیە، کە ڕێژیم لەسەر ئەم بۆشاییە هێشتا دەتوانێ بۆ ماوەیەکی دیکەش درێژە بە ژیانی خۆی بدات.