کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمهێنانی زیاتر لە سێ تۆن زێڕ لە ساریگوونی قوروه

13:11 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کانی ساریگوونی شاری قوروە لە پارێزگای سنه، زیاتر لە ٥٠ لەسەدی زێڕی ئێران بەرهەم دێنێت.

ئەم کانە زێڕه که به سەرمایەدانانی کۆمپانیایەکی قەزاقی ـ ئێرانیی بە ناوی "زەڕکۆ"، لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە، کاری خۆی لە کارخانەی هیدرومێتالۆرژی دەست پێ کردووە، ساڵانه زیاتر لە ٣ تۆن زێڕ بەرهەم دێنێت.

تا ئێسته لەم کانە زێڕەدا زیاتر لە ٥ میلیۆن بەردی تەواوعەیار بەرهەم هاتووە، که پاش شیکردنەوە دەرکەوتووە ٧٠ تا ٧٢ لەسەدی لە زێڕ پێک هاتووە. ئەم کانە بەردانە پاش تێپەڕکردنی ٧ قۆناغی بەرهەمهێنان دەبنە شمشی زێڕ.

کۆمپانیای زەڕکۆ، یەکەمین کۆمپانیایە که زێڕی ئێرانی به بازاڕەکانی جیهانی و بوورسی جیهانی ناساندووە.

ساڵی ڕابردوو لە کارخانەی هیدرۆمێتالۆرژی نزیک به ٣/٥ تۆن زێڕ بەرهەم هاتووه، که به وتەی ئەندازیارانی قەزاقی، پاش دەسپێکردنی فازی دووهەمی پەرەپێدانی ئەم کۆمپانیایە، بەرهەمهێنانەکەی دەگاتە ٥ میلیۆن تۆن.

به وتەی بەرپرسانی رێژیم، له سەرجەم زێڕی بەرهەمهاتوو لەم کارخانەیەدا، ٣ لەسەدی بە ناوی مافی دەوڵەتی دەڕژێتە نێو حەسێبی خەزێنەی دەوڵەتییەوە .

بەپێی بەراوردەکان نزیک به ٣٠٠ تۆن پاشەکەوتی زێڕ له ئێراندا هەیە، کە ٧٠ تۆنی تایبەت بە پارێزگای سنەیە.

لەم کارخانەیەدا ٦٩٠ کەس وەک کرێکار و ئەندازیار کار دەکەن، کە ١٦٢ کەسیان قەزاقی و ڕووسن و ئەوانی دیکە زۆرتر خەڵکی شارەکانی دیکەی ئێرانن نەک شارە کوردنشینەکان.

سەرەڕای ئەوەی کە کانە زێڕەکانی زەڕشۆران و ساریگوونی کە لە کوردستانن، زۆربەی لاوانی کوردستان لە بێکاری ڕەهادان. ڕێژیمی ئێرانیش بە بەردەوامی پێش بە دامەزراندنی کارخانە لە شارەکانی کوردستاندا دەگرێت و لە ئەگەری دامەزراندنیش، تەنیا کرێکاری شارەکانی دیکە وەردەگرێت.