کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە زۆر سامانی کوردستان تاڵان دەکەن

13:25 - 30 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ تاڵان و ڕاوڕووتی سامانە ژێرزەوییەکانی کوردستان زۆر لە خەڵک دەکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، لە گوندی "سیناوا"ی ناوچەی سێرۆ، سەر بە شاری ورمێ لە شاخی "گره گەنم" کانگایەکی زۆر دەوڵەمەندی تێدا هەیە، کە بەرپرسانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران،  بە زۆری دەیانەوێ دەستی بەسەردا بگرن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، ئەو کانگایە لە شوێنی موڵکی کەسیی دانیشتوانی گوندی "سیناوا"دا هەڵکەتووە، کە ڕێژیمی ئێران بۆ تاڵانکردنی ئەو کانگایە هۆشداری بە خەڵکی ئەو گوندە داوە کە ئەو کانگایه بۆ سپای پاسدارانە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەدا باسی لەوە کرد، کە بەرپرسانی سپای ڕێژیمی ئێران به زۆر دەیانەوێ موڵکی خەڵک بکڕن و ئەوەش ناڕەزایەتی و سکاڵای بەردەوامی خەڵکی ئەو گوندەی لێ کەوتووەتەوە و خەڵک نایانەوێ موڵک و زەویی خۆیان بە ڕێکخراوی سپا بفرۆشن.

سیاسەتی تاڵانکردنی سامانە سرووشتییەکانی کوردستان، پرسێکە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان گرتوویانەتە بەر و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرین هێرش بۆ سەر کانگا و سامانەکانی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەستی پێ کردووە.