کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەک خومەینی شەڕ بە خێر و بەرکەت دەزانن

12:18 - 3 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە دوای قسەکانی "مایک پێمپێئۆ"، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئێرانی ـ ئامریکاییەکاندا به مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ئێران، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەی جۆراوجۆر هەڕەشه لە ئامریکا دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت قسه و لێدوانی بەرپرسانی ئامریکایی، جیا لە جنێو و قسەی سووک وەک نەریتی هەمیشەییی خۆیان، ئەمجارە هەڕەشەی شەڕی نیزامی لە ئامریکا دەکەن.

لە بەرانبەر لێدوانی بەرپرسانی ئامریکایی دژ بە ڕێژیمی ئێران، نوێنەرانی ڕێژیمی  ئێران لە مەجلیسدا، هۆشداریان بە عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیس داوە، کە ئێمە چاوەڕوانیی زیاترمان لە ئێوه هەیە و دەبا ئێوە وڵامی قسە بێنرخەکانی "ترامپـ"ـتان بدایەوە؛ لاریجانیش لە وڵامی ئەو داواکارییەدا وتوویەتی: کە ترامپ کەسێکی "شەڕانی" لە ئاستی نێودەوڵەتییه، بۆیه پێویست نییە زۆر گوێ بۆ قسەکانی ڕابگریت.

هاوکات پاسداری تێرۆریست "موحسێن ڕەزایی"، ڕوو لە ئامریکا باسی لەوە کردووە، ئامریکا دەبێ ئاگای لە خۆی بێت، چونکە ٥٠ هەزار سەربازیان لەژێر تێغی ئێمەیه. هەروەها "محەممەد باقر نەوبەخت"، سەرۆکی دامەزراوەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، وێڕای بەکارهێنانی چەمکی "کەلکی شێر" هەڕەشەی لە ئامریکا کردووە و وتوویەتی: بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە ژێر دەستی ئێمەیە و ئەگەر ئامریکا کارێک بکات، لەگەڵ هەڵویستی توند و لێبڕاوی ئێمە بەرەوڕوو دەبێتەوە.

لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمی ئێران، وەک "محەممەدجەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، مستەفا تاجزادە، جێگری ئەمنییەتیی وەزارەتی ڕێژیمی ئێران، سادق زیباکەلام، محەممەدنەبی حەبیبی بە شێوەی جۆراوجۆر هێرشیان کردووەتە سەر ئامریکا و هەڕەشەی شەڕیان لێ کردووە.

گوشارەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئامریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژیمی ئێران و تەنانەت گۆڕینی ئەو ڕێژیمە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێیەوە و لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تەنیا هەڕەشەی شەڕ لە ئامریکا دەکەن.