کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری شاندێکی حیزبی دێموکرات لە ٢٨مین کۆنگرەی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستیانییەکان لە وڵاتی سوید

12:55 - 30 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکرات لە شاری ستۆکهۆڵم بە سەرپەرەستیی "کاکەبرا ئەلیاسی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوید، لە ٢٨مین کۆنگرەی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لەو وڵاتەدا کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات لە شاری ستۆکهۆڵم بە سەرپەرەستیی "کاکەبرا ئەلیاسی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوید، لە ٢٨مین کۆنگرەی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لەو وڵاتەدا کرد.

لەو کۆنگرەیەدا وێڕای شاندی حیزب، هەر یەک لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دێموکراتی کوردستان، نوێنەری پارتی مۆردێراتەکانی سوید، نوێنەری پارتی چەپی سویدی، نوێنەری پارتی لیبڕاڵی سویدی و نوێنەری کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە وڵاتی سوید و کومەڵێکی بەرچاو لە نوینەری حیزبەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون..

دەسپێکی کۆنگرە بە خولەکێک بێدەنگی ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان دەستی پێکرد.

دوای ئەوە دیوانێکی پێنج کەسی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی کۆنگرە پێشنیار کرا کە دوای پەسەندکردنی لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە دەستی بە بەڕێوەبردنی ڕۆژەڤی کاری کۆنگرە کرد.

پەیامی سەرەکی فیدراسیۆن لە لایەن "کایا ئیزۆل" بەرپرسی فێدراسیۆنەوە خوێندرایەوە، کە وێڕای بەخێرهاتن و پیرۆزبایی بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی فیدراسیۆن و کار و چالاکاییەکانیان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دوا.

دواتر هەریەک لە پارتە سوئیدییەکان پەیامی خۆیان بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەدا هەریەک لە " هوشیار سیوەیلی" بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دێموکراتی کوردستان، "بەختیار بەردمان" بەرپرسی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید و "عەلی جومعە" بەرپرسی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە وڵاتی سوید پەیامەکانی خۆیان پێشکەش کرد، کە ویڕای دووپات کردنەوەی پشتیوانی خۆیان لە فێدراسیۆن و بەرزنرخاندنی کارەکانی فێدراسیون، ئەرک و چالاکییەکانی فێدراسیۆنیشیان لە ڕاستای خزمەت بە ڕەوەندی کوردی لە وڵاتی سوید و درووست‌کردنی ئەو چەترە هاوبەشەی کە سەرجەم کوردانی پارچەکانی کوردستان بێ جیاوازی تێیدا چالاکی دەکەن، بە شانازی ناو برد و جەختی لە سەرە ئەوە کردەوە کە پێویستە لە هەموو وڵاتانی دەرەوە لە ئەزموونی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان کەڵک وەربگیرێت و فێدراسیونی هاوشێوە لە هەموو وڵاتانی ئورووپای درووست بکرێت و سەرئەنجام فێدراسیۆنی نێونەتەوەی بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕەوای نەتەوەکەمان ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن .

لە بڕگەیەکی دیکەدا ئاماژە بە پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا کە تێیدا وێڕای پیرۆزبایی و هیواخوازی بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان پشتیوانی و هاوکاریی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئیرانیان لەگەڵ فێدراسیۆن دووپات کردبووەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرەکەیاندا ڕاپۆرتی کار و چالاکی و دەستووری فێدراسیۆن هاتە بەرباس و دوای باس و گفتوگۆ پەسەند کرا و  دەستەیەکی نوێ بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی فیدراسیۆن هەڵبژێردرا.

فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید لەساڵی ١٩٨١ی زایینییەوە دامەزراوە و وەک ڕێکخراوێکی کولتووری مەدەنی (کوردی-سویدی) ڕوو بە ڕەوەندی کوردیی لە شارە جیاوازەکانی سوید تێکۆشانی کەلتووری و مەدەنی بەڕێوە دەبات و وەک ڕێکخراوێکی جێی باوەڕ لە وڵاتی سوید چاوی لێ دەکرێت.