کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی بەرپرسی کۆمیتەی فەنلاندی حیزبی دێموکرات لە سێمینارێکدا سەبارەت بە ڕەوشی سووریە

15:11 - 26 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فینلەند بەشداری سمینارێك کرد لەژێر ناوی دەنگی شۆڕشی سووریە لە فەنلاند.

رۆژی هەینی، ٢٥ی ڕەشەمە، سێمینارێک بە بەشداری چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی سووری و فەنلاندی لە بنکەی ناوەندی هاوکارییەکانی وڵاتانی لەحاڵی گەشەکردن لەژێر ناوی دەنگی شۆڕشی سووریە لە فەنلاند بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا چالاکانی سیاسی سووریە باسی رەوشی ناوخۆیی و کێشەکانی پەیوەندیدار بە خەباتی گەلانی سووریە و دەستێوەردانی دەوڵەتانی جیهان کرد. ئاخێوەری دووهەم لە سێمینارەکەدا مەجید حەقی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەنلاند بوو، کە وتارێکی لە سەر رۆڵ و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشكەش بە بەشداران کرد.

لە قسەکانی خۆیدا، مەجید حەقی وێڕای وەبیرهێنانەوەی یادی سی ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە و قوربانیانی ئەنفال و هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، باسی پێشینەی پێوەندییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و سووریە و رۆڵی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەتایبەت دوای دەیەی نەوەد کرد.

لە وتارەکەیدا هۆیەکانی ناوچەیی، ستراتێژیک و سیاسەتەکانی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ بەشداری کردن لە شەڕی سووریە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی حاکم بەسەر سووریە پێشكەشی بەشداران کرا. ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵەکانی رێژێمی ئێران بۆ دەسەڵاتداری سەر ناوچەکان و گرژی خستنە نێو وڵاتانی جیهان، وتی تا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران مابێت، نە سووریە و نە گەلانی ئێران ناتوانن رووی ئاشتی و خۆشی بەخۆیانەوە ببینن و داوای لە وڵاتانی ئەوروپایی بەتایبەت فەنلاند کرد، بۆ ئەوەی ئاشتی بگەڕێتەوە سووریە دەبێت پێشتر دەستی ئێران لە سووریە کورت بکرێتەوە.

بەدوای ئەودا پێکا هاویستۆ ئەندامی دەستەی سیاسەتەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەنلاند لە وتارێکدا باسی پرسەکانی ناوخۆیی سووریە لە روانگەی دەوڵەتانی ئەورووپا و هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆیی لە سووریە کرد.

لە وتارەکەیدا پێکا هاویستۆ بەتایبەتی سۆز و هاوپشتی خۆی بۆ جوڵانەوەی خەڵکی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند کە بیروڕای گشتی فەنلاند بەگشتی پشتیوانی بزاڤی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردن و هاوسۆزی قووڵیان بۆ نەتەوەی کورد هەیە.