کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهمەن قوبادی خەڵاتی شانازیی فستیڤاڵی (school film summer)ی وەرگرت

18:49 - 7 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: خەڵاتی چل و چوارەمین دەورەی فستیڤاڵی فیلمی school film summer که لە وڵاتی چێک بەڕێوە دەچێت، پێشکەش به بەهمەن قوبادی، سینەماکاری بەناوبانگی کوردی خەڵکی شاری بانه کرا.

ئەم فستیڤاڵە کە لە ٢٧ ی مانگی جوولای تاکوو ٥ی ئاگۆست بەڕێوە دەچێت لە هەوڵی فێرکاریی سینەمای جیهان  بەو کەسانەیە که لەو فستیڤاڵەدا بەشداری دەکەن.

ساڵانە زۆرتر له ٥٥٠٠ کەس لەم فستیڤاڵەدا بەشداری دەکەن که زۆربەیان خوێندکار و سینەماکارن.

لە بەشی ڕێزلێنانی ئەمساڵی ئەم فسیڤاڵەدا، ڕێز لە بەهمەن قوبادی و بەرهەمەکانی گیرا.

فستیڤاڵەکە بە نمایشی فیلمی "کیسەڵەکانیش دەفڕن" کە لە بەرهەمە بە ناوبانگەکانی قوبادییه دەستی پێکرد و فیلمەکانی دیگەی ئەم سینەماکارە کوردە، وەکوو: "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان"، "کەس ئاگاداری پشیلە ئێرانییەکان نییە" و "وەرزی کەرگەدەن" لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم فستیڤاڵەدا نمایش دەکرێن.

قوبادی هەروەها لەم فسیڤاڵەدا وۆرک شۆپی سینەماکاری و دەرهێنەری بۆ لایەنگرانی سینەما بەڕێوە دەبات.

بەهمەن قوبادی لە ساڵی ١٣٤٨ ی هەتاوی لە شاری بانه لە دایک بووه و دەرچووی ڕشتەی سینەمای زانکۆی تارانە، هەروەها یەکێک لەو کەسانەیە کە لە بەرهەمهێنانی فیلمی کورتدا ناوبانگی دەرکردووە و تا ئێستا توانیویه لە فستیڤاڵە نێونەتەوەییەکاندا خەڵات بە دەست بێنێ.