کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهێزبوونی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

13:04 - 10 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرچاوەکانی ئیسرائیلی باسیان لەوە کردووە، کە ئەگەری هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ئارادایە.

لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، ٢ فڕۆکەی شەڕکەری ئیف ٣٥ی ئیسرائیلی لە سنووری نێوان عێراق و سووریە و بە شێوەیەکی زۆر نهێنی، چوونەتە ئاسمانی ئێرانەوە و لەسەر ئاسمانی بەندەرعەباس، شیراز و ئیسفەهاندا سووڕاونەتەوە.

ڕۆژنامەی "الجریدە"ی کوەیتی، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەو دوو فڕۆکە ئیسرائیلییە لەو گەشتەی خۆیاندا توانیویانە ڕادارەکانی ڕووسی و تەنانەت سیستمی ئیس ٤٠٠ی دامەزراو لە سنووری سووریە، فریو بدەن و خۆیان بشارنەوە.

هەواڵی دزەکردنی فڕۆکەکانی ئیسرائیلی بۆ نێو خاکی ئێران، تەنیا پێنج ڕۆژ پاش هەڕەشەکانی عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو کرایەوە، ناوبراو هەڕەشەی هێرش بۆسەر ئیسرائیل و کۆتاییهێنان و لەنێوبردنی ئەو وڵاتەی، پێش لە جێژنی ٢٥ ساڵەی دامەزرانی ئەو وڵاتەی کردبوو.

بەرپرسایەتی چاوەدێری و پاراستنی ئاسمانی ئێران لە ئەستۆی پەدافەندی "خاتەم الانبیا"ی ئەرتەشی ڕێژیمە، هەر پاش بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە، بەپێی هەندێ هەواڵ، بە مەبەستی لێپرسینەوە لەو ڕووداوە، فەرماندەکانی پەدافەندی هەوایی تەورێز، سووباشی هەمەدان، تاران، ئیسفەهان و شیراز و بەندەرعەباسیان بانگهێشت کردووە.

ئەگەرچی ئاکامی ئەو دانیشتن و لێکۆڵینەوەانەی فەرماندەرانی پەدافەندی بەرگریی ڕێژیمی ئێران بەتەواوەتی ئاشکرا نەبووە، بەڵام لە ڕیکەوتی ٨ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، واتە سێ مانگ پاش دزەکردنی فڕۆکەکانی ئیسرائیلی بۆ ئاسمانی ئێران، فەرماندەی گشتیی پەدافەندی ئاسمانیی ڕێژیم، سەرتیپ فەرزاد ئیسماعیلی، لەسەر کارەکەی وەلا نرا و بەپێی بڕیارێکی ڕاستەوخۆ لە لایەن شەخسی عەلی خامنەییەوە، سەرتیپ عەلیڕەزا سەباحیفەرد، لە جێگای ئەو دانرا.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ئیسرائیل کار لەسەر ئەوە دەکات تا توانایی سەربازییی خۆی بباتە سەرەوە و بەتەواوەتی خۆی بۆ هێرشکردن بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی ڕێژیمی ئێران تەیار بکات.

ئیسرائیل لەو راستایەدا زیاتر لە ٢ میلیارد دۆلاری تەرخان کردووە و بەرپرسانی ئیسرائیلی بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بە هیچ شێوەیەک ئیزنی بەهێزبوونی ڕێژیمی ئێران و مانەوەی لە سووریەدا نادەن.

عاموس گیلاد بەرپرسی پێشووی دەفتەری ئەمنییەتی دیپلۆماتیکی وەزارەتی شەڕی ئیسرائیل، رایگەیاندووە: "ئیسرائیل پێداگرە لەسەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک ئیزنی ئەوە نەدات، کە ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا خۆی بەهێز بکات".

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، کە ئیسرائیل بۆ هێرشبردنە سەر بنکە و دامەزراوەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، ئیزن لە ڕووسیە یان لایەنێکی دیکە وەرناگرێت.

دەوڵەتی ئیسرائیل پاش کڕینی ٥٠ فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی ئامریکایی، ئێستا بووەتە بەهێزترین هێزی ئاسمانی لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستەدا.

نرخی هەر یەک لەو فڕۆکانە ١٢٠ میلیۆن دۆلارە، خێرایی ئەو فڕۆکەیە ١٩٠٠ کیلومێتر لە ساعەتێکدایە و توانایی ئەوەی هەیە کە بەبێ پێویستی دووبارەی بۆ پڕکردنەوەی باکەکانی، ٢٢٠٠ کیلومێتر ببڕێت.