کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی یاسا دەبێ ٨٠ لەسەدی کەرتی نەوت و گاز دابخرێت

12:17 - 20 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: بۆ پاراستنی ژینگەی ئێران، بەپێی یاسا دەبێ ٨٠ لەسەدی کەرتی نەوت و گاز دابخرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، عیسا کەلانتەری، بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، لە هەشتەمین دانیشتنی گشتیی شۆرای باڵای پارێزگاکان ڕایگەیاندووە: ئەگەر بە قسەی ڕێبەر بکەین، دەبێ کەرتی نەوت و گاز، ئۆتۆمبیلسازی، وزەگەکان، پاڵاوگەکان، بەرهەمهێنەرانی خواردەمەنی و ئاژەڵدارییەکان دابخەین.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە ژینگەی ئێران لەگەڵ قەیران بەرەوڕووە و ساڵانە ١٢ تۆن لە هێکتارێکدا داتەپینی خاک ڕوو دەدات، هەروەها وتوویەتی: قەیرانی کەمئاوی لە ئاستێکدایە، کە هەتا ٥٠ ساڵی دیکە ئێران بەتەواوەتی وشک دەبێت و کەشوهەوای ئێران بەرەو  پیسبوون دەڕوات.

مەجلیسی ڕێژیم بۆ چارەسەریی قەیرانی ژینگە لە ئێراندا، گەڵاڵەی بەرنامەی شەشمی گەشەی پەسەند کردووە، کە بەپێی ئەو یاسایە ئەو کەرتانەی کە خەسار دەگەیەنێن بە ژینگە یەک لەسەد سزا بدرێن، لە لایەکی دیکەشەوە خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە بۆ پاراستنی ژینگەی ئێران دەزگا حکوومەتییەکان دەبێ توندتر لە جاران بجووڵێنەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە کەلانتەریش لە وڵامی خامنەیی وتوویەتی: ئەگەر بەپێی یاسا بجووڵینەوە، دەبێ ٨٠ لەسەدی پیشەی ئێران دابخرێت.

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، ئاماژەی بەوە کردووە، کە بارودۆخی ژینگەییی ئێران لە هێڵی سووردایە و باسی لە وشکبوونی ڕووبارەکان و لەنێوچوونی سەرچاوە ئاوییەکان کردووە و وەکوو نموونە ناوی شاری عەسەلویە هێناوە و وتوویەتی: بەپێی یاسای ژینگەیی، زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر لەو شارە ژیان ناکرێت.

کەڵانتەری لە کۆتاییی قسەکانی لەو دانیشتنەدا سەرەڕای تاوانبارکردنی خەڵک، دانی بەوە ناوە، کە بە هۆی پرۆژە ناکارناسانەکان و شاردنەوەی ئامار و زانیارییەکان لە خەڵک، ژینگەی ئێرانمان بەو ئاستە گەیاندووە.