کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نوروێژ

22:41 - 5 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لە سمینارێکدا کەلە وڵاتی نوروێژ بۆ تەشکیلاتی حیزب پێکهاتبوو، مستەفا هیجری لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران و کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و کۆنگرەی نەتەوەیی قسەی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سمینارێکی بۆ \'\'مەستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی ئەندامان و دۆستانی حیزب پێکهێنا.

سمینارەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر کورتەیەک لە مێژووی حیزبی دێموکرات و کۆسپەکانی بەردەم ئەو حیزبە لە مێژوودا لەلایەن \'\'مریەم علیپوور\'\' بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نوروێژ، پێشکەش کرا.

دواتر سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات باسێکی لەسەر دۆخی هەنووکەیی کوردستان بەگشتی و ئێران و بەتایبەت لە بواری ئابوورییەوە و هەروەها کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ پێشکەش کرد.

هیجری لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا پەرژایە سەر دۆخی ناوچەکە و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی و بارودۆخی گشتیی حیزبی دێموکرات بەشێکی دیکەی وتەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەو سمینارەدا پێکهێنابوو.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا ئامادەبوان بە پرسیار، پێشنیار و تێبینییەکانیان بەشدارییان لە سمینارەکەدا کرد.