کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکردەیی کردنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانە

16:59 - 16 خەرمانان 2716

کەریم پەرویزی

کۆڵەکەیەکی ئەساسیی هەر بزووتنەوە و خەباتێک، بوونی ڕێبەری شوڕش و خەباتە، کە وەکوو سەری بزووتنەوە، بتوانێ دەست و پێ و لەش و زمان و گوێ و چاو و بە کورتی هەموو بەشەکانی بزووتنەوە، ڕێک بخا، و هاوئاهەنگ بۆ شوێنی ئاوات و ئارەزووەکان ڕێنوێنی و ڕێبەریی بکا.

نەبوونی ڕێبەرێکی شۆڕشگێر و بەوەج کە لەکات و ساتی خۆیدا هەموو بەشەکان ڕێک بخا و بە ئیرادەی هاندەرانەوە، بزووتنەوە بۆ قۆناغە یەک لە دوای یەکەکان ڕێبەری بکا، بزووتنەوە لاواز و پەرتەوازە دەکا و تووشی نسکۆ و داڕمانی دەکا. گەر ڕێبەرێکی بەهێز و بەئیرادە و خاوەن ڕۆئیای ڕوون، کە بتوانێ ڕۆئیا و خەونەکانی بکا بە خەونی هەموو تاکەکانی بەشداری نێو بزووتنەوە، دەتوانێ هێزی تاک بە تاکی شۆڕشگێڕان وەسەریەک بخا و بە کۆکراویی و چەندقات کراوەیی، قۆناغەکانی شۆڕش و خەباتیان پێ ئاسانتر ببڕێ و خاڵی نێوەڕاستی هیوا و ئاواتەکان بە شارەزایی و لێوەشاوەییەوە بپێکێ.

دوکتۆر سەعیدی شەرەفکەندی، ئەو ڕێبەرە بەوەج و بەهەڵوێست و لێوەشاوەیە بوو کە چ وەک جێگری دوکتور قاسملووی نەمر، دەوری ڕێکخستنی هێزەکانی نێو خەباتی دێموکراتی دەگێڕا و چ وەک جێگرەوەی دوکتور قاسملوو، ئەو مێشک و سەرە بوو کە شۆڕشگێرانی یەک و ڕێک دەخست و خەون و ڕۆئیای ڕوونی پێ نیشان دەدان، و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەیانی بەکردەیی دەکرد و بۆ دواڕۆژ هانی دەدان، کە وەک خۆی لە سەر ڕاستە ڕێی گیانفیدایی بەردەوام بن.

دوکتور سەعیدی بەهەڵوێست و خاوەن خەون و خولیا، لە لێدوان و وتەکانیدا کە بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گیانفیدایی پێشکەشی کردوون، لە زۆر شوێندا باس لەو ڕۆڵ و دەور و جێگە و پێگەیانەی شۆڕش و شۆڕشگێران و جەماوەر و گرووپەکانی کۆمەڵگا دەکا، و دەیەوێ وەکوو گشتیەتێکی یەکانگیر، بیانکا بە جەستەیەکی بەهێز و بەباوەڕ و بە ئیرادە بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای ئازادی و خۆبەڕێوەبردن و زاڵ بەسەر چارەنووسدا و ڕزگاربوو لە کۆیلەتیی مێژوویی.

هێزی جووڵانەوەی کوردستان، پتر لە هەموو شتێک لە درێژەکێشان و مانەوەدا خۆی دەنوێنێ. لە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی دژوار و لە مانەوە و ڕاوەستانی قایم و قورس و پتەو لە گۆڕەپانی حەماسە خولقاندن و نەبەزیدا.

جووڵانەوەیەک کە لە پیشاندانی خەون و ڕۆئیای داهاتوو بە خەڵک کەم بێنێ، و لەکورتی بدا، یان دژی خەون و ئاوات و خولیاکانی خۆی بجووڵیتەوە، خەڵک بێ‌بڕوا دەبن پێی، و بە چەواشەی دەزانن. بۆیە دوکتور شەرەفکەندی وەکوو مامۆستاکەی، دەبێ بە ئۆلگووی ئەو ئاوات و خولیایانە و بۆ هاندانی خەڵک، خۆی دەبێ بە پێشەنگ و ڕێبەری بەکردەیی کردنی هەموو ئەو شتانەی باسی دەکا.