کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵگەی نوێ لەبارەی کەیسی تێرۆری د.قاسملوو بڵاو کرایەوە

18:49 - 14 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: شەریف هەژاری مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سلێمانی کۆمەڵێک بەڵگەی نوێی سەبارەت بە کەیسی تێرۆرکردنی د.قاسملوو و تێرۆریستانی ئەو کردەوە بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپادا بڵاو کراونەتەوە، شوناسی بکەرانی کردەوەی تێرۆری د.قاسملوو لە ڤیەن و هەڵوێستی شەرمێونانەی بەرپرسانی ئۆتریش بەرانبەر بەم کردەوە تێرۆریستییە دەردەخات.

لەم بەڵگانەدا ئاماژە بە دانیشتنەکانی پارلمانی ئۆتریش دەکات کە لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا تەوەرەکانی باسەکە تایبەت بووە بە کەیسی لێكۆڵینەوە لە تێرۆری د.قاسملوو و چەند پەرلمانتارێكی پەرلمانی ئوتریش، لەبارەی کەیسی لێکۆڵینەوە لە تێرۆرکردنی د.قاسملوو چەند پرسیار و بەڵگەیەک دەوروژێنن کە بە ڕوونی ئەوە  بکوژانی د.قاسملوو دەست نیشان دەکات و هاوکارییەکانی دەوڵەتی ئەوکاتی ئوتریش بۆ هەناردەکردنەوەی تاوانبارانی ئەم کەیسە بۆ وڵاتی ئێران دەخاتە ڕوو.

لەم بەڵگانەدا هاتووە کە په‌رله‌مانتار "د.هه‌یدی سكمیدت لە حیزبی لیبڕاڵه‌كان" داوای لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆڵ و کاریگەری دەوڵەتی ئوتریش، بەتایبەت هەر سێ وەزارەتی (دەرەوە، ناوخۆ و داد) لە پەیوەندی لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ لێکۆڵینەوه‌ لە كه‌یسی تێرۆری (١٣-٧-١٩٨٩) دەکات.

هه‌روه‌ها (ڕۆدۆڵف ئانشۆبه‌ر) په‌رله‌مانتاری سەر بە حیزبی سەوزەکانی ئۆتریش، لەسەر ڕۆڵی دەوڵەتی نه‌مسا له‌ گەڕانەوەی ئازادانه‌ی تێرۆریستانی (تێرۆری ڤییەن)، بۆ ئێران دەدوێت.

(د.ها‌ینز فیشه‌ر) سەرۆکی په‌رلمانی نه‌مسا، به‌مشێوەیە لەسەر تێرۆری ڤییەنا دواوه‌: "تێرۆری ڕێبه‌ری كورد له‌ ڤییەن و، سەرپۆشدانان لە سەر ئەو تێرۆرە بۆ ئەوەی تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان نەگەن، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی زیاتر هاندا بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ندین تێرۆری تر لە دەرەوەی وڵات، کە ئاشکراترینیان،  تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات بوو لە به‌رلیندا، كه‌ به‌ (تێرۆری میکۆنۆس) ناسراوه".

لە بەشێكی تر لە قسەکانیدا سەرۆکی پەرلمانی ئوتریش دەڵێت:" هه‌موو ئەو بەڵگانەی لەبەر دەست دابوون، دەیسەلمێنن کە:  (جەعفەر سەحراڕودی و ئەمیر مەنسوور بۆزۆرگیان)  بە پشتیوانی و یارمەتی کاربەدەستانی حکومەتی ئوتریش توانیان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێران‌، له‌كاتێكدا هەر لە سەرەتاوە شك و گومانەکان لەسەر ئەو کەسانە بە ڕێژەیەکی زۆر له‌ به‌رده‌ست دابوون".

ئەم بەڵگانە دەرخەری ئەوەن کە دەوڵەتی ئەوکاتی ئوتریش لەبەر بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆی مافە مرۆڤیەتییەکانی لەبارەی دەسبەسەرکردن و لێكۆڵینەوە لە بکوژانی تێرۆری د.قاسملوو پێشێل کردووە و ئازادانە تێرۆریستان :" جەعفەر سەحراڕودی و ئەمیر مەنسوور بۆزۆرگیان" بێ لێكۆڵینەوە و دەسبەسەرکردن بەڕێکردووەتەوە ئێران و هەتا ئێستا ئەم کەیسە بە دانەخراوی ماوەتەوە.