کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵێنەکانی بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ چارەسەریی کێشەکان

13:00 - 30 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی نوێی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی چارەسەریی کێشە و گرفتەکان و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا، چەندین ڕێکاری دەستنیشان کردوون.

بردنەسەرەوەی نرخی تمەنی ئێرانی، کۆنترۆڵکردنی بازاڕی ئەرز، کۆنترۆڵکردنی داراییە نەختەکانی وڵات و پێشگیری لە هەڵاوسان، چاکسازیی پێکهاتەی ماڵیی بانکەکان، بەربەرەکانێ لەگەڵ گەمارۆوەکانی ئامریکا بە نیسبەت چالاکیی بانکەکان و هەروەها وتووێژی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی پێوەندیدار، ئەو ڕێکارانەن کە عەبدولناسر هیمەتی لە تۆڕی ئینستاگرامی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە.

هیمەتی بە زمانێکی لاواز و لە ڕووی ناتەوانییەوە ئاماژەی بە کێشە و گرفتەکانی بانکی ناوەندی کردووە و نووسیویەتی: "هەمووان کەم و زۆر ئاگاداری ئەو شتە هەن، کە من  وەرمگرتووە، بە هەمووان بەڵێن دەدەم، هەتا هەموو هەوڵی خۆم بۆ چارەسەریی کێشەکان بخەمە گەڕ"، هەرەرها هیمەتی داوای لە هەموو پسپۆڕانی بواری بانکی کردووە، هەتا هاوکار و هاوفیکری بکەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتانەدا.

یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ناوبراو بۆ جێگرەوەی وەلیۆڵڵا سەیف، لە لایەن ڕۆحانییەوە، دروشمی ساماندانی بازاڕی ئاڵۆزی ئەرز لە لایەن ناوبراوەوە بووە، لەو پەیوەندییەدا کارناسانی ئابووریی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە کێشەی بازاڕی ئەرزی ئێران دەڵاڵان و سەڕافییەکان نین و نرخی ئەرز لە بازاڕی ئازاددا لە لایەن مافیای سەر بە حکوومەتەوە دیاری دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، ڕۆژی شەممە ٢٧ی گەلاوێژ، هێزە ئنتیزامییەکان هێرشیان بردووەتە سەر سەڕافییەکان و چەندین سەڕافییان داخستووە.