کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ساڵی نوێی خوێندن

16:08 - 30 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی دەسپێکی ساڵێ نوێی خوێندن بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا باسی ئەرکی مامۆستایان و گرینگی زمانی دایکی کراوە.

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: وەرزی نوێ و ساڵی نوێی خوێندن بۆ منداڵان و لاوانی ئێران و بەتایبەت بۆ لاوان و منداڵانی کورد، دەکرێ دەسپێک و دەورێکی دیکە لەخۆئامادەکردن بۆ داهاتوو بێ و بە بۆنەی ئەو دەسپێکەوە پیرۆزبایی لەهەموو قوتابی و خوێندکارانی روو لەمەتەرێزەکانی خوێندن و فێربوون دەکەین.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز،
خەڵکی مافخوازی کورد،
مامۆستایان، خوێندکاران و قوتابیانی هێژا

لەئێراندا رۆژی یەکی رەزبەر وەک سەمبۆل و رۆژێکی سیمبۆلیک، وەک رۆژی دەسپێکردنی خوێندن دیاری کراوە و هەموو ساڵێک منداڵان و لاوانی ئێران بە زەنگی دەسپێکی قوتابخانە، ساڵێکی نوێ لەوەرزی خوێندن و فێربوون لەژیانیاندا دەست پێ‌دەکەن و قۆناغێکی دیکەی ئەزموون و زانیاری وەسەریەکنان دەبڕن.

باسکردن لەگرنگیی خوێندن و زانیاریی دەستخستن و پەروەردە و بارهێنان، شتێکی زیادی دێتە بەرچاو، چوونکە لەرۆژ رووناکترە کە پەروەردە و فێربوونی منداڵ و لاوانە کە ئەوان بۆ ژیانی باشتری داهاتوو ئامادە دەکا و لەجیهاندا و بەتایبەتی لەسەردەمی ئەمڕۆدا کە بە سەردەمی شۆڕشی زانیاری ناسراوە، دەور و جێگەی فێربوون و سیستمی فێرکاری دەورێکی یەکلاکەرەوەیە لەژیانی کۆمەڵگا و لەبەرەوپێشچوون یان پاشکەوتن و دواکەوتنی جڤاکیدا. بەڵام لەسیستمی ئیدئۆلۆژیکەکاندا و بەتایبەت سیستمی وەکوو کۆماری ئیسلامی، هەوڵ دەدن کە پرۆسەی خوێندن و سیستمی پەروەردە بەجۆرێک پاوان و داگیر بکەن و لەنێوەڕۆکدا ئاوەژوو بکەنەوە، تاکوو بیرکردنەوە و هزری قوتابیان داگیر و یەخسیر بکەن و بە کەڵک وەرگرتن لەئامرازی پێشکەوتوو و تێکنیکی ئەمڕۆیی تێڕوانینی پاوانخوازانەی خۆیان بڵاوبکەنەوە و لەباتی مافی دەستوێڕاگەیشتنی ئازاد بە زانییاییەکان، لەنێو دەزگایەیکی درۆیینەی ئیدئۆلۆژیکدا رایانگرن.

لەراستیدا سیستمی پەروەردە لەدەزگای کۆماری ئیسلامیدا دەبێتە دەزگای بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و لاوانی وڵات دەبێ وشیار بن کە سیستمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی بەلاڕێیاندا نەبا.

هەر بە بۆنەی دەسپێکی ساڵێکی دیکە لەپرۆسەی خوێندن، پێویستە پیرۆزبایی لەمامۆستایانیش بکەین کە ئەرکی قورسی بارهێنان و پەروەردەی لاوانی وڵات لەئەستۆی ئەوانە و رەنج و تێکۆشانیان جێگای رێزە. هاوکات لەگەڵ ئەوەیدا کە لەدەزگای کۆماری ئیسلامیدا ئەوپەڕی بێڕێزییان پێ دەکرێ و کەمترین ماف و ئیمکاناتیان بۆ دابین دەکرێ و ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان سەرکوت کراوە و دەکرێ و ئێستاش ژمارەیەک لەمامۆستایانی مافخواز لەزیندانەکانی رژیم‌دان، بەڵام مامۆستایانی خەمخۆر لەهەوڵی پەروەردەکردنی دروست و ئەمرۆیی منداڵان و لاوانی نیشتماندان و لەکار و ئەرکی نیشتمانی و دێموکراتیکیان راناوەستن.

وەرزی نوێ و ساڵی نوێی خوێندن بۆ منداڵان و لاوانی ئێران و بەتایبەت بۆ لاوان و منداڵانی کورد، دەکرێ دەسپێک و دەورێکی دیکە لەخۆئامادەکردن بۆ داهاتوو بێ و بە بۆنەی ئەو دەسپێکەوە پیرۆزبایی لەهەموو قوتابی و خوێندکارانی روو لەمەتەرێزەکانی خوێندن و فێربوون دەکەین و بەتایبەت هانی لاوانی کورد دەدەین کە بە هێز و ئەنگیزە و پاڵنەرێکی زیاتر و پتەوترەوە بەرەو خوێندن و فێربوون بڕۆن، تاکوو هەم خۆیان لەرەوتی خێرای گەشەکردنی زانست و زانیاری وەدوا نەکەوەن و هەم سەرمایەی بارهاتووی داهاتووی نەتەوەکەمان بن، چوونکە ستەمکاران هەوڵ دەدەن نەتەوەکان لەنائاگاییدا رابگرن، چوونکە دەتوانن نەتەوەیەکی نائاگا و نەخوێندەوار ساناتر بچەوسێننەوە، بەڵام ناتوانن مێشک و باوەڕی نەتەوەیەکی ئاگا و وشیار داگیر بکەن و ئەمە ئەرکی لاوان و قوتابیانی کورد قورستر دەکا کە لەگۆڕەپانی خوێندن و زانست فێربووندا بوونی سەرکەوتوانەیان بسەلمێنن.

سەرەڕای دەوری گرینگی فێربوون و دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندن بۆ لاوان لەئێراندا، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم لایەنە گرنگە، نابێ لایەنی دیکەی فێربوون و خوێندن لەئێراندا فەرامۆش بکەین، ئەویش دەسپێکی ورەزی هروژم بۆ سەر زمانی دایکی لەئێراندایە چوونکە لەئێراندا خوێندن و پەوروەردە بە زمانی فارسیە و منداڵانی نەتەوە ستەملێکراوەکان لەئێراندا لەگەڵ ئاشنابوون بە دیاردەیەک بە ناوی قوتابخانە، قوتابخانە دەبێ بە سیمبۆلی فەرهەنگ و زمانی دەسەڵات و فارسی دەبی بە زمانی سەرکوتکاری و ستەم بۆیان.

بە دەسپیکردنی خوێندن، سیستمی پەروەردە لەئێراندا جینۆساید و تواندنەوەی فەرهەنگی و زمانی بە شێوەی سیستماتیک پەیڕەو دەکا و لەراستیدا زەنگی دەسپێکی قوتابخانە لەرەزبەری پاییزدا دەبێ بە هەڵوەرین و پاییزی زمانی دایکی و لەقوتابخانەدا هەموو هەوڵێکی سیستماتیک بۆ لەبیر بردنەوەی زمانی دایکی لە نێو نەتەوە ستەملێکراوەکاندا و یەک لەوان نەتەوەی کورد دەدرێ.
ئەم بەشە لەدیاردەی خوێندن و پەروەردە لەئێراندا ئەرکی قورس دەخاتە سەر شانی مامۆستایانی سەر بە نەتەوە ستەملێکراوەکان و بەتایبەت مامۆستایانی کورد تاکوو بەهەر شێوەیەک کە بۆیان دەلوێ، منداڵانی کورد لەگەڵ زامنی دایکییان بۆ خوێندن و فێربوون ئاشنا بکەن و بە تاک و بە کۆ هەوڵی پەروەدە بە زمانی کوردی لەنێو منداڵانی کورددا بدەن.

وێڕای پیرۆزبایی دووبارە بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندن و فێربوون، هیوادارین کە رۆژێک بێ کە منداڵانی نەتەوەکانی ئێران و منداڵانی کوردیش بێ هیچ هەڵاواردن و ستەمێک بە زمانی دایکیی خۆیان زانست و زانیاری فێر ببن و پەروەردەی سیستماتیکی دێمۆکراتیک بە زمانی دایکییان بکرێن

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٣٠ خەرمانانی ١٣٩٤ هەتاوی