کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس لە تەرەقە

01:08 - 1 پووشپەڕ 2717

کەریم پەرویزی

سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان رایگەیاند کە عەرەبستانی سعوودی کەسی سەر بە سپای پاسدارانی دەسبەسەر نەکردووە. رۆژی دووشەممەش رایگەیاند کە شەوی پێشتر چەند مووشەکیان بە دەیرەزوورەوە لە سووریە ناوە و بەقەولی خۆیان هێرشیان کردۆتە سەر بنکەی تیرۆریستان لە سووریە.

عەرەبستان رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە چەند بەلەمی سپای پاسداران نزیکی سەکۆی نەوتیی مەرجان لە کەنداو کە هی عەرەبستان ببوونەوە و تەقەیان لێیان کردووە و چەند پاسداریان دەسبەسەر کردووە و دوو بەلەمی دیکەش هەڵهاتوون! هەواڵدەریە نێونەتەوەییەکانیش رۆژی دووشەممە رایانگەیاند کە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی سووری لە دەیرەزوور و رێگای هێرشی زەوینییان بۆ هێزەکانی بەشارئەسەد ئاوەڵا کردووە.

ئەم رووداوانە هاوکاتن لەگەڵ خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەیکی سووری کە هێزەکانی ئامریکا لێیان داوە و لەو کاتەشدا رووسیە هەڕەشەی کردووە کە لە ناوچەی شەڕ لە سووریەدا رێککەوتنی هێڵی پێوەندیی تایبەتی لەگەڵ ئامریکا هەڵپەساردوە. ئاڵوگۆڕی نیزامی و ئەمنیەتی لە سەر ئەرز و لە مەیدانی شەڕ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەخێرایی دێنە ئاراوە و گڕکانی شەڕ کڵپەی توندتر دەکا.

گەر بە ئەسپایی لە خێرایی رووداوەکانی کەم دەکەیتەوە و بە شێوەیەکی ئارامتر دەڕوانیتە ئەو وێنانەی کە خێرا تێدەپەڕن، هەندێک راستیی مەیدانی بەرەبەرەکانێی هێز دەردەکەون کە پێویستە لە بەرچاو ون نەکرێن.

لە تاران ئەمنیەتی پووشاڵیی رژیمی ئیسلامی و فڕوفیشاڵی سوپای پاسداران کەوتە مەترسییەوە و رامبۆکەی کۆماری ئیسلامی کە هەر رۆژە لە شوێنێکی عێراق و سووریە وێنەیان لێ بڵاو دەکردەوە کە گوایە ئەمنیەتی حەرەمەکان دەپارێزێ، بە فوودانەیەکی بەتاڵ دەرچوو و ئەمنیەتی مەجلیس و قەبری دامەزرێنەری رێژیمەکەیانی بۆ نەپاراست.

خامنەیی کە هەیمەنەی درۆیینەی وەمەترسی کەوت، دەستی بە فڕوفیشاڵی زۆرتر کرد و گوایە دەیانەوێ لەگەڵ تیرۆریزمدا شەڕی کۆتایی بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە تیرۆریزمی چ شیعی و چ سوننیەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پەرەی پێ دراوە.

بەڵام رووداوەکان لە ئاستی گشتیی ناوچەدا شتێکی دیکە دەڵێن و تەنیا لە ئاستی ئەو هێرشە بۆ سەر مەجلیسی رێژیم و قەبری خومەینی و کاردانەوەکانیدا نین، بەڵکوو پارسەنگی هێز لە ناوچە دووبارە دادەڕێژرێتەوە.

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو مووشەکانەی گوایە سوپای پاسداران بە دەیرەزووریەوە ناوە، لە راستیدا بنکەی مووشەکیی رووسیە لە هەمەدان لە وەڵامی هێرشی ئامریکا بۆ سەر فڕۆکە سووریەکە ناردوویانە و یارمەتیی هێزەکانی بەشار ئەسەدیان داوە تاکوو لە سنووری عێراق نیزیک ببێتەوە.

پارچەکانی ئەم پازێلە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وردە وردە خەریکە تەکمیل دەکرێن. وڵاتانی عەرەبی گوشار بۆسەر قەتەر دێنن کە لەگەڵیان هاوئاهەنگ بێ، ئاستی گرژیی ئەمنیەتی و نیزامیی نێوان عەرەبستان و ئێران بەرزتر دەبێتەوە، لە سووریەدا هێزەکانی ئامریکا راستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەسەد، شەڕی مووسڵ بەرەو تەواوبوون دەچێ و کێشەی کورد و شیعە لە عێراق سەرهەڵدەدا، رێفراندۆم کاتەکەی دیاری دەکرێ، کۆماری ئیسلامی بیانوو دەدۆزێتەوە کە کوردستانی رۆژهەڵات لە ژێر پووتینی پاسداردا بێدەنگ بکا و لە ترسی تەرەقەبازی رەنگە ئەنبار تەقەمەنی لە کوردستاندا بتەقێنێتەوە و ... .

کە چاو لە دوورە دیمەن دەکەی و وێنە گشتییەکە پێکەوە دەلکێنی، ئەو کات ئەو قسەیەی رێکس تەیلەرسن دێتەوە یاد کە گوتی ستراتێژیی سیاسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕدرێ و یارمەتیی گۆڕانی ئاشتیخوازانە لە نێوخۆی ئێران دەدەین.

بەو لێوردبوونەوانەوە دەگەین بەو راستییە کە ترسی خامنەیی لە تەرەقەبازی، رەنگە لە داهاتوودا تەرقەی زۆرتری لە بنپێ بتەقێتەوە و وەک مۆتەکەیەک لە سەر ژیانی بنیشێ.