کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس و چەواشەکارییەکانی ڕێژیم کۆتاییان نییە

23:50 - 22 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دیسانەوە ڕێژیمی چەواشەکاری تاران هەوڵی بەلاڕێدابردن و چەواشەکردنی بیرو ڕای گشتی لە ئێران دەدات و بە دانی هەواڵ و داتای درۆیین هەوڵ دەدا دڵەڕاوکێکانی خۆی بشارێتەوە.

پاش سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەدرۆخستنەوەی چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لەلایەن فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژران و بریندار بوونیی تاقمێک لە پاسدار و گۆپاڵ‌بەدەستەکانی لە شەڕی سیاکێوی شنۆ، میدیاکانی ڕێژیم دیسانەوە کەوتوونەتە خۆ و دەیانهەوێ بە دانی زانیاری ناڕاست و چەواشەکاری، ورەی دابەزیوی چەکدارەکانیان بکڕنەوە.

لە دواهەوڵی ترسنۆکانەیاندا میدیاکانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە کە هیچ کام لە چەکدارەکانیان نەکوژراون ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بە وتەی خەڵکی ئەو ناوچانە و هەروەها وێنە و گرتە ڤیدیۆییە بڵاوبووەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕاستییەکان بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم چەشنە هەوڵانەی ڕێژیم لە ئەنجامی ترسی خێراتربوونی ڕەوتی ڕووخانی دەسەڵاتی تاران و بەرزبوونەوەی ورەی خەڵکی ناڕازی و تێکۆشەرانی نیشتمانپەروەر و دابەزینی ورەی چەکدارەکانیانە و چەشنێکە لە شەڕی ڕەوانی دژ بە خەڵکی کوردستان.