کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە کوردستان چەند قات زیادی کردووە

11:53 - 30 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، بە مەبەستی سەرکوتی خەڵکی کوردستان و پێشگرتن لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هیچ کارێک دەست ناپارێزن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاووڵاتییانی شاری سەردەشت ڕایانگەیاندووە، کە ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ناوچەی "قەندۆڵـ"ـی ئەو شارە سنوورییەی داخستووە و هیچ ڕێگایەکی هاتووچۆی نەهێشتووەتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، کە هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، دوای ئەوەی کە ئەو سنوورەیان داخستووە، تەنانەت هاتووچۆی دانیشتوانی گوندی قەندۆڵ بۆ ئەو گوندە زۆر دژوار بووە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا پێشتریش باسی لەوە کردبوو، که لە دوای ئۆپراسیۆنی سەرکەوتووانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرانبەر هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هێزی نیزامی و چەکوچۆڵی قورس و سووکیان ڕەوانەی کوردستان کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا جەختی کردەوە، پاش ئەوەی لە سیاکێوی ناوچەی شنۆ دەرگیری ڕووی داوە و پێشمەرگە قارەمانییەتییەکی دیکەی تۆمار کرد، فەرماندەیی گشتیی هەنگی سنووری ناوچەی ڕۆژئاوای ئێران لە شاری بۆکان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی سپای ڕێژیم پێک هێناوە.

 شەوی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی  هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی سیاکێودا زەربەیەکی قورسیان لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دا و چەندین کەسیان کوشت و بریندار کرد، ڕێژیم بە شێوەیەکی توند هەموو کاروباری ڕۆژانەی خەڵک کونتڕۆڵ دەکات.