کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمەت مەدەن لەم رێژیمە! (مستەفا هیجری)

16:30 - 16 خاکەلێوه 2714

مستەفا هیجری

لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی رووحانیدا ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی نەتەوە بندەست و ستەملێکراوەکانی ئێران بە پشتبەستن بە راگەیەنراوی رووحانی لەمەڕ دابینکردنی مافی نەتەوەکان و کەمینە ئایینییەکان بانگەشەیەکی بەرینیان بە قازانجی ناوبراو خستەڕێ و وایان لە خەڵک تێگەیاند کە هەڵبژاردنی رووحانی واتە چارەسەریی کێشەکان و سڕینەوەی ئەو هەڵاواردنەی کە بەسەریاندا داسەپاوە. ئاکامی ئەم فریوکارییانە لێڕوانینی تا رادەیەک بەرینی ئەم نەتەوانە بوو بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان و دانی دەنگەکانیان بە قازانجی رووحانی. هەموو ئەم گۆڕانکارییانە (وەرچەرخانانە) لە کاتێکدا بیچمی گرت کە:

ــ خودی ئەو وادانەی کەلە راگەیەنراوەکەدا هاتبوو، هەندێ پرسی ئێجگار لاوەکی و گچکەی لە خۆ دەگرت.

ــ سەرکۆمار لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا و کابینەکەی، سەڵاحییەتی ئەوتۆیان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم وادانە نییە، چونکە لە ئێراندا ئەم سەڵاحییەتانە لە پاوانی تاکێک دایە (وەلی فەقیهـ) و، سەرکۆمار تەنیا بەڕێوەبەری فەرمانەکان و سیاسەتە دیاریکراوەکان لەلایەن وەلی فەقیهەوەیە.

ــ بەرپرسانی ئەمنی و ئینتزامیی وڵات کە تەنیا لە بەرامبەر وەلی فەقیهدا وەڵامدەرن نە لە بەرامبەر سەرکۆماردا، لە هەمان بڕگەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ئەم راستییانەیان دەدرکاند. تەنانەت خودی خامنەییش لە درێژەی لێداونێکیدا دای بە گویێ پاڵێوراوانی سەرکۆماریدا کە وادەگەڵێک بە خەڵک نەدەن کە وەدیهێنانیان لە ئاستی توانایاندا نەبێت.

سەرەڕای ئەمانە چالاکانی سیاسی لەسەر بنەمای ( ئیشەڵڵا پشیلەیە) هەموو ئەم راستییانەیان لەبەرچاو نەگرت و لە درێژەدانی چالاکیی خۆیان بە قازانجی رووحانی بۆ ساتێکیش تووشی دوردونگی نەبوون، تا پێیان کرا لە هیوادارکردنی خەڵک بە بەڕێوەچوونی وادەکانی رووحانی ــ لە ئەگەری هەڵبژاردنی وەک سەرکۆمارـ دەرێغییان نەکرد. بەداخەوە کەسانێک لە چالاکانی سیاسیی نەتەوە بندەستەکان کە ئێستا پاش تێپەڕینی نزیک بە ٩ مانگ لە گەیشتن بە دەسەڵاتی رووحانی و ئاشکرابوونی سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کە لەلایەن وەلی فەقیهەوە بەسەریدا داسەپاوە، هێشتا لە چوارچێوەی ئۆمێدی بێهوودە بە خەڵکدان چالاکن. بەم ئومێدە کە وتووێژی عەلی یوونسی وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و یاریدەدەری تایبەتیی سەرکۆمار لە پرسی نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان دەنگی جەرەسێک بێت بۆ لە خەو هەستانی ئەم گرووپە لە چالاکان و هەموو ئەو کەسانەی کە لەم رێژیمەدا چاویان بڕیوەتە سڕینەوەی هەڵاواردن و ستەم لەسەر نەتەوە بندەستەکانی ئێران.

عەلی یوونسی وێڕای وتووێژێک لەگەڵ ئێحسان هووشمەند کە دەقەکەی لە گۆڤاری ئێران تایبەت بە نەورۆزی ١٣٩٣دا بڵاو کراوەتەوە وەڵامی پرسیارەکانی وتووێژکەر دەداتەوە. خوێندنەوەی وردی رستە بە رستەی ئەم وەڵامانە پێویستی بە باسێکی تێر و تەسەلە، بەڵام لە وتارێکی ئاوادا بۆ پێشگرتن لە درێژدادڕیی تەنیا چڕ دەبینە سەر هەندێ لە وەڵامەکانی ناوبراو و هەوڵ دراوە هەندێ لەوانە لە پێوەندی لەگەڵ مافی کەمایەتییەکان و روانگەی ناوبراو، کەلە راستیدا دەکرێ بوترێ روانگەکانی رێژیمن هەڵبسەنگێنین و هێمایەک بکەین بۆ ئەو پارادۆکسانەی کەلە وەڵامی پرسیارەکاندا هەن کەلە نەبوونی بڕوای رێژیم بە داخوازییەکانی کەمایەتییەکان سەرچاوە دەگرێ. بەڵکوو کە ئەم وەڵامانە لە رەواندنەوەی ناڕوونییەکان لەمەڕ بوون یان نەبوونی پلانێکی دیاریکراوی رێژیم بە مەبەستی سڕینەوەی هەڵاواردنەکانی داسەپێنراو بەسەر نەتەوە غەیرە فارسەکاندا لە ئێراندا بە سوود بێت:

پرسیار: پۆستی یاریدەدەری تایبەتیی سەرکۆمار بە وردی بە چ واتایەکە و گەلۆ چوارچێوەی ئەرکەکانی ئەو دیاری کراوە؟

وەڵام: هێشتا پێگەی تەشکیلاتی و هەڵکەوتەی رێکخراوەیی ئەو لە کۆگەی دەوڵەتدا بە وردی دیاری نەکراوە. هەڵبەت ئێمە پێشنیارگەلێکمان کۆکردووەتەوە و داومانە بە رێکخراوی بەڕێوەبەریی و خەریکی تاوتوێ کردنین، بەڵام شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ وەزارەتخانەکانی دیکە و چوارچێوەی ئەرکەکان و پێکهاتەی رێکخراوەیی ئێمە دیاری نەکراوە\'\'.

بەمجۆرە دەبینین دامەزراوەیەک کە بڕیارە لە پێناو سڕینەوەی هەڵاواردن و دابینکردنی مافە پێشێلکراوەکانی کەمایەتییەکان هەنگاو هەڵبگرێت، پاش تێپەڕینی ٩ مانگ هێشتا پێگەی تەشکیلاتی و هەڵکەوتەی رێکخراوەیی‌یەکەیی دیاری نەکراوە.

هەر بۆیە دەکرێ بوترێ رێژیم بە شێوەیەکی گشتی بڕوای بە بوونی ئەم مافانە نییە تا بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژیکراو لە پێناو وەدیهاتنیاندا کار بکات و ئەم دامەزراوەیش شێرێکی بێ یاڵ و کلکە کەلە چوارچێوەی بانگەشەی نێوخۆیی و دەرەکیدا دامەزراوە.

پرسیار: ئێوە زمانتان وەک یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی نەتەوەکان پێناسە کردووە. لە لایەکەوە خودی ئێوە و گوایە دەوڵەت بە دوای گەڵاڵەی فێرکاریی زمانە ناوچەییەکان وەک یەکێک لە داخوازییەکان و مافێکی یاسایین. دەوڵەت لەم بوارەدا بە وردی بڕیارە چی بکات؟

وەڵام: سەرەتا دەبێ لە نێوان زمان و زاراوەدا جیاوازیی دابنێین. فارسی یەک زمانە کە زاراوەی زۆری هەیە، گیلەکی، مازنی، خوراسانی و کوردی هەموویان زاراوەکانی یەک زمانن، زمانی فارسی. کاتێ باس لە زمان دەکەین مەبەستمان زمانگەلێک وەک فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و تورکییە ...\'\'.

دەمەوێ نیگەرانیی هەندێک کە دەڵێن خوێندن و نووسینی زمانی نەتەوەکان، خەسار دەگەیەنێ بە زمانی فارسی بڕەوێنمەوە، چلۆنە کە بە خوێندنی ئینگلیزی و عەرەبی لە قوتابخانەکاندا، فارسی تووشی خەسار نابێت بەڵام بە خوێندنی زمانێ وەکوو تورکی، تووشی خەسار دەبێ.

ئەم وەڵامە لە دوو سۆنگەوە گرینگیی هەیە. یەکەم ئەوەی کە کوردی زمان نییە بەڵکوو زاراوەیەکی زمانی فارسییە. هەربۆیە لە پلانی بەڕێز یوونسی ـ ئەگەر پلانێک ئامادە کرا ـ شوێنێک بۆ خوێندنی زمانی کوردی نییە. چرپەیەک دێتە گوێ کە ناسیاوە و بە شێوەی بەردەوام لە سەردەمی رێژیمەکانی پاشا و شێخ بیستوومانە و ئێستا لە زاری بەرپرسی دامەزراوەیەکەوە دەیبیستین کە گوایە بڕیارە لە پێوەندی لەگەڵ فێرکاریی زمانە ناوچەیی‌یەکاندا گەڵاڵەیەکی بێت.

دووهەم ئەوەی کەلە پێوەندی لەگەڵ ئەو زمانانەی کە ناوبراو بڕوای بە بوونیان هەیە وەک تورکی و عەرەبی تەنیا لە هەوڵی ئەوە دایە کە نیگەرانیی ئەو بەڕێزانە بڕەوێنێتەوە کە دەڵێن خوێندن و نووسینی زمانە نەتەوەیی‌یەکان خەسار بە زمانی فارسی دەگەیەنێ، نەک کۆمەڵێ کار و کردەوە لە پێناو ئامادەکاریی بۆ خوێندنیان و ئەمەی کە گەلۆ ئەوان لە رەواندنەوەی ئەم نیگەرانییانە سەردەکەوێ، یان نا دەبێ چاوەڕوان بین. هەواڵنێر جارێکی دیکە لەمەڕ زمانی کوردی لە ناوبراو پرسیار دەکات و بەڕێز یوونسی وەڵام دەداتەوە:

من کوردی بە بەشێک لە زمانی فارسی دەزانم. هەڵبەت داخوازیی بۆ خوێندنی بوونی هەیە. بەمانەشەوە لێکۆڵینەوەکانی من پیشانی دەدا کە ئەم داخوازییە زۆر بەرین و بەربڵاو نییە. لە درێژەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە هەم لە سەردەمی وەزارەتی ئیتلاعات و هەم لەم سەردەمەدا کردوومە بەم ئاکامە گەیشتووم کە نە بۆ زمانی تورکی و نە بۆ زمانی کوردی داخوازییەکی ئەوتۆ، جیددی و بەربڵاو لە پێناو خوێندنیاندا نییە.

باشە هەربۆیە کاتێ جنابی یاریدەدەری تایبەتیی سەرکۆمار بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کردوویانە لە لایەن نەتەوەکانی کورد و تورک وەڵام دەداتەوە کە داخوازیی جیددی و بەربڵاو لە پێناو خوێندنیاندا بوونی نییە کە واتە تا ئێرە کوردی نە زمانە و نە داخوازییەکی ئەوتۆش بۆ خوێندنی بوونی هەیە و تورکیش کە بڕیار بوو زمان بێت ئەویش وەک کوردی داخوازیی جیددی و ئەوتۆ بۆ خوێندنی نییە. هەر بۆیە جارێ یاریدەدەری تایبەتی بەشێک لە کێشە سەرەکییەکانی چارەسەر و خەیاڵی دەوڵەتەکەی ئاسوودە کردووە. بەڵام هەواڵنێر کە وا دیارە بەم وەڵامە رازیی نەبووە، زۆر بەجێ پرسیار دەکات:

ئەگەر ئەم داخوازییە بوونی نییە ئەی بۆچی بووە بە گرینگترین بەشی بەرنامەکانی ئێوە و وەزارەتی فێرکاریی و پەروەردەش بە شوێنیەوەن؟ بەڕێز یوونسی وەک ئەوەیکە گڕی گرتبێ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەفەرموون: ئێوە هەواڵنێرەکان ئەم کارەتان کردووە! خوێندنی زمانە نەتەوەیی‌یەکان داخوازیی گشتیی نییە بەڵکوو داخوازیی ژمارەیەکی کەم رووناکبیر و تەنانەت حیزبییە، هەڵبەت یاسای بنەڕەتی پێویستی کردووە لەسەرمان و لە راستیدا بەشێکە لە قەبارە راگیراوەوەکانی یاسای بنەڕەتی، بەڵام پیشاندانی ئەم خاڵە کە شەپۆلێکی داخوازیگەریی بەربڵاو لە نێو نەتەوەکاندا بۆ ئەو بوونی هەیە، تەنیا کەشخولقێنیەکی رووناکبیرانە و میدیایی‌یە. هیچ کام لە کۆڵەکەکانی دەسەڵات، ئەڵبەت دژایەتی یان تەنانەت نیگەرانییەکیان لە پێوەندی لەگەڵ خوێندنی زمانە نەتەوەییەکاندا نییە. بەڵام بەڕێوەبردنی ئەم کارە، پێویستیی بە وردەکاریی زۆرە و وردبینی زۆری دەوێت و رەنگە هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی تا ئێستا لەگەڵ دواکەوتندا بەروڕوو بووەتەوە. وڵاتی ئێمەش لەم بوارەدا ئەزموونێکی نووسراوەیی نییە و سروشتییە کە دەبێ بە چارەئەندێشی و وردبینیەوە بە دوای بکەوین\'\'.

ئەوان خوێندن و نووسین بەم زمانانە بە داواکارییەکی بەرتەسکی رووناکبیری و تەنانەت حیزبی دەزانن، جگە لەمە هەڵەیەکی زەقی دیکە کەلە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەیدەنەوە ئەمەیە کە دەڵێن هیچ کام لە کۆڵەکەکانی دەسەڵات، ئەڵبەت دژایەتی یان تەنانەت نیگەرانییەکیان لە پێوەندی لەگەڵ خوێندنی زمانە نەتەوەییەکاندا نییە... و دەڵێی لە بیریان کردووە کەلە وەڵامی چەن پرسیار پێشووتردا وتبوویان کە دەمهەوێ نیگەرانی هەندێک کەس کە دەڵێن خوێندن و نووسینی زمانە نەتەوەییەکان، خەسار دەگەیەنێتە زمانی فارسی بڕەوێنمەوە بە هەر شێوە ئەم پرسە زۆر گرینگ نییە چونکوو دەڵێن درۆزن کەم زەینە و راستیان وتووە.

ئەوان لە درێژەدا دەڵێن کە بەڵام بەڕێوەبردنی ئەم کارە، پێویستی بە وردەکاریی زۆرە و وردبینی زۆری دەوێت و رەنگە هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی تا ئێستا لەگەڵ دواکەوتندا بەروڕوو بووەتەوە. وڵاتی ئێمەش لەم بوارەدا ئەزموونێکی نووسراوەیی نییە و سروشتییە کە دەبێ بە چارەئەندێشیی و وردبینیەوە بە دوای بکەوین\'\'.

دەبێ بوترێ کە بەڕێز یوونسی بە هیچ جۆرێک نابێ نیگەرانی ئەم وەدواکەتنە بن چون تا ئێستا لەگەڵ وەدواکەتنێکی سی و چەن ساڵە بەرەوڕوو بووەتەوە و بە بەراورد لەگەڵ مێژووی ئافراندنی زەوی وەک دڵۆپێک لە چاو دەریایە و چونکە وڵاتی بەڕێز یوونسی لەم چوارچێوەیەدا ئەزموونێکی نووسراوەیی نییە و ناکرێ لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە کە ئەم پرسەیان چارەسەر کردووە کەڵک وەرگرن، کە واتە ئەم بەڵگاندنە بێ وێنەیە بەردەوام کارکردی تایبەتی خۆی هەیە و نەتەوەکانی ئێران و ئەڵبەت بە یارمەتیی یاریدەدەری تایبەتی، عەرەبەکان و تورکەکانی بەم بەڵگاندنە ڕازیی کردووە هەر بەم بۆنەیەوە سپاسی بەڕێز یاریدەدەر دەکەن.!

هەواڵنێر دەپرسێ: ئێوە لەسەر ئەو بڕوایەن کە خوێندن و نووسین بە زمانە ناوچەییەکان، داخوازیی سەرەکی نەتەوەکانی ئێران نین. تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەک بەڕێوە چووە کە پیشان بدات یەکەمایەتی نەتەوەکان لە ئێراندا چییە؟ سیاسییە؟ بەڕێوەبەرییە؟ کۆمەڵایەتییە؟ یان فەرهەنگییە؟ ئەوان لە وەڵامدا دەڵێن بە پێی هەر نەتەوەیەک، داخوازییەکان و یەکەمایەتی داواکارییەکان جیاوازە، لە هەندێ ناوچەدا داخوازیی و یەکەمایەتی سەرەکی سڕینەوەی هەڵاواردنە بۆ وێنە لە نێوان بەلووچەکان و کوردەکاندا و لە درێژەدا زیاتر لە نێو ئەوانەی کە سوننی مەزهەبن بەم شێوەیە، ئێمە لەم پرسانە تێدەگەین، هەرچەند بڕوامان وایە کە بەشێکی زۆر لەم هەستە حاڵی کراوە، بەڵام هەوڵ دەدەین، بەستێنەکانی هەڵاواردن و هەستی هەڵاواردن لەم ناوچانەدا بسڕینەوە. و ئەمەش یانی چارەسەریی کێشەکانی کۆمەڵگا بە مێتۆدی کۆماری ئیسلامی، هەروەک چارەسەریی کێشەی خوێندن و نووسینی زمانە نەتەوەییەکان بە شێوازی بەڕێز یوونسی. لەمەڕ هەڵاواردنیش ئەوان ڕواڵەتی خودی پرسەکە بە تەواوەتی دەسڕنەوە و تا بە ئاسانی چارەسەریی کێشەی خوێندن و نووسینی زمانە ناوچەییەکان، ئەو کێشانەش چارەسەر بکەن و بە شێوەیەک ئەم باسە دێننە ئاراوە کە دەڵێی بەڕێوەبردنی هەڵاواردن لە لایەن حکوومەتی ئیمامی زەمانەوە بەسەر نەتەوەکانی ئێران لە زاری یوونسی (قەومییەتەکان) بوونی نییە بەڵکوو ئەوەی هەیە هەست بە هەڵاواردنە. ڕێک وەک کەسێک کە تووشی جۆرێک نەخۆشی دەروونی دەبێت و بە بێ هیچ هۆیەک ئەم هەستە دەستی پێ دەدا. و جگە لەمەش ئەم هەستە بەشێکی زۆری حاڵیی کراوە، بەم واتایە کە لە لایەن کەسانێکی دیکەوە پێیان حاڵیی کراوە ئەگینا لە بنەڕەتدا وەها کێشەیەک بوونی نییە. و شتێ کە بوونی نییە (هەڵاواردن) ئەوان دەیانهەوێ بەستێنەکان و هەستەکانی بسڕنەوە کە ئەمە بۆ خۆی کڵافی سەرلێشێواوییە. بەڵام لە وەڵامی پرسیاری دواتردا کە باس لە سڕینەوەی بەشخوراویی لە ناوچە نەتەوەییەکانە ئیشەکەیان سووکتر دەکەنەوە بەم وەڵامە کە ئەڵبەت من وەک یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆک کۆمار لەمەڕ نەتەوەکان و کەمایەتییەکان نە بەرپرسی فێرکاریی زمانە نەتەوەییەکانم و نە بەرپرسی سڕینەوەی بەشخوراوی، ئێمە تەنیا بەدواداچوونی بۆ دەکەین، هەواڵنێر دەسبەجێ پرسیاری لێ دەکات: بەڕێز یوونسی، خۆ ئێوە بەڕێوەبەر نین، سیاسەتدانەریش کە نین. دەڵێن تەنیا بەدواداچوونی بۆ دەکەن. پۆستی ئێوە یاریدەدەری تایبەتیییە. ئەم ناوە بەڕاستی بە چ واتایەکە؟ یانی هەمان ڕاوێژکار؟ و وەڵامەکەی ئەمەیە کە ، پۆستی یاریدەدەری تایبەتی پێشتر لە ئێراندا بوونی نەبووە و هەر بۆیە تا ئێستاش پێناسەیەکی ورد و دیاریکراوی نییە. ئێستا بە لوتفی خوداوەند پاش سی و چەن ساڵ کەسێک پەیدا بووە کە ئیشەکەی بەدواداچوونی بەشخوراویی و هەڵاواردنەکانە لە نێو نەتەوەکانی ئێراندا لە ناوەندێکدا کە هێشتا پێناسەیەکی دیاریکراو و وردی نییە. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە کاتێ هێشتا پێناسەیەکی دیاریکراو و ورد بوونی نییە، ئێوە بەرپرسی ئەم ناوەندە ناڕوونە و نادیارە بە پێی کام پێناسە بەدواداچوونی بۆ دەکەن؟ جگە لەمە بە پێی ئەو بەڵگاندنە بەهێزانە کە لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا خستبوویانە ڕوو و ئاکامی بەدواداچوونەکە ئەمە بوو کە بۆ خوێندن و نووسینی زمانی کەمایەتییەکان داخوازییەکی جیددی بوونی نییە، ئەو هەڵاواردنانەی کە ئەم کەمایەتییانە باسی لێوە دەکەن هەستێکە کە زیاتر پێیان حاڵی کراوە، کەواتە بۆ ئەوە نابێت خۆت ماندوو بکەیت و بەدواداچوونی دووبارەی بۆ بکەی!.

لە وەڵامی پرسیارەکانی دواتریشدا دیسان جۆرێک گاڵتەجاڕی دەبینرێ کە ڕەنگە خودی بەڕێز یوونسی یاریدەدەری تایبەتییش بۆ خۆی لێی حاڵی نەبێ. بەم واتایە کە بە قەولی خۆیان گوتەنی، یاریدەدەری تایبەتی هێشتا پێناسەیەکی دیاریکراو و ڕوونی نییە و ئەرکی بەڕێوەبەریی نییە، یاسادانەر نییە، پۆستەکەی یاریدەدەرە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئیشەکەی گرینگترە لە وزارەتخانەکان و جۆرێک بەرپرسایەتی بەسەر وەزیرەکاندایە. لە وەڵامی ئەم پرسیارە کە هەواڵنێرەکە لێی دەپرسێ: توێژینەوە یان لێکۆڵینەوەیەکی واتان کردووە کە دەربکەوێ لە کوێووە دەبێ ئیشەکەتان دەس پێ بکەن؟ لە کام نەتەوە و کام کێشەکانەوە دەست پێدەکەن؟ دەڵێن: یەکەمایەتییمان داوە بە پرسە ئایینییەکان. ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەن لە ئێران کێشەی جیددی نەتەوەییمان نییە.. بۆمان دەردەکەوێ کە دیسان پەنایان بردووەتەوە بۆ بەر ئەو ڕێگەچارانەی کە رێژیم بۆ داخوازییەکانی خەڵک لە پێشی گرتووە و لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا ئەم ڕێگەچارانە هیچکام لە کێشە و ئاستەنگەکانی خەڵکیان چارەسەر نەکردووە. لەوێدا کە دەڵێن: دەبێ بە وردبینییەکی زۆرەوە پێش بە کێشە ئایینییەکان بگرین و لە سەرهەڵدانی سەلەفیگەری و وەهابیگەری پێشگیریی بکەین و هەر بۆیە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندئاژۆیی ئایینیمان لە ئەجیندای کاریی خۆماندا داناوە. و لە بەرامبەر ئەم پرسیارەدا کە گەڵاڵەی دیاریکراوتان بۆ بەرەنگاربوونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی سەلەفەیگەری و توندئاژۆیی چییە؟ وەڵام دەدەنەوە کە بە بڕوای ئێمە باشترین هۆکار لە کۆنتڕۆڵی سەلەفیگەریدا، کەڵک وەرگرتن لە خودی پێڕەوانی سوننەیە. هەروەک چۆن کوردەکانی ئێران باشترین سەرچاوە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کێشەکانی کوردستاندا بوون. سوننەکانیش باشترین سەرچاوەن بۆ چارەسەریی پرسگەلێ وەک سەلەفیگەری.

مەبەستی ڕوونی بەڕێز یوونسی لێرەدا بە جاشکردنی گرووپێ لە خەڵکی کوردە کە ئەوانیان چەکدار کرد و بەرەوڕووی چالاکانی مافخوازی کوردیان کردوونەتەوە، واتە کە لە هەر لایەکەوە بکوژرێ بە قازانجی ئیسلامە.

ئێستاکە کە بڕیارە بەڕێز یاریدەدەری تایبەتی بۆ کێشە و گرفتەکانی کەمایەتییە ئایینییەکان وەڵامدەر بێت بۆ چارەسەریی کێشەکانی پێڕەوانی سوننە ئەم ڕێگەیان دۆزیوەتەوە. خوێنەرانی بەڕێزی ئەم نووسراوە بە باشی بۆیان دەردەکەوێ کە دام و دەزگای یاریدەدەری تایبەتی کە لە لوتفەکانی دەوڵەتی نوێ و بە ناو پارێزکارە بۆ نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان و ئەم گومانەی لە مێشکی هەندێکدا ساز کرد کە ئەم دەوڵەتە بە شێوەیەکی جیددی لەم کێشانە کە لە کێشە جیددییەکانی وڵاتن تێگەیشتووە و بە پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نوێ بونیات، ڕێگەچارەگەلێکی نوێی بۆ سڕینەوە و لابردنی ئەوان هەڵبژاردووە. بەڵام بەداخەوە دەیبینین تەڕایی زمکان دەڵانی کانی، و چاوەڕوانیی نوێگەری و داهێنان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی کێشەکان بە شێوەیەکی شارستانیانە و بە پێی ویست و خواستی خەڵک لەم سیستمە نەزۆک و بەستەڵەکە چاوەڕوانییەکی بێهودەیە. و جگە لە سەرکوت، توندوتیژیی و پێکهێنانی دووبەرەکی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام خەریکی بەڕێوەبردن و تاقی کردنەوەی بوون و ئاکامەکەی بارودۆخی هەنووکەیی وڵاتە، هیچ شتێکی دیکە لە مێشک و پلانەکانیاندا ناتوانێ بوونی هەبێت. دیسان لە پشتڕاستکردنەوەی ئەم سیاسەتە و لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا بوونی تەناهیی لە وڵاتدا بە نیشانەی سەرکەوتنی ئەم ڕێگەچارە دەزانێ و دەڵێ : پێوەری من، ئەمنیەتە. چواردەوری ئێران لە ئاگری ڕقی و قینی ئایینیدا دەسووتێ. بەڵام لە ئێراندا ئەم پرسە لە کەمترین ئاستی خۆیدایە و هەر بۆیە ئەمنیەتی وڵات، پێوەری سەرکەوتنی ڕێژیم لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەلەفیگەریدایە. کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لەباری کۆمەڵایەتییەوە، نەتەوەکان و کەمایەتییەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئەڵبەت وردەگوتمانگەلێکیش هەن کە هەندێ جموجۆڵیان هەیە بەڵام هیچکات نەبوون بە ڕەوتێکی زۆرینە. بە پێی ئەم بەڵگاندنە ئەمنیەت لە سێبەری سەرەنێزەدا، ئیعدام و سەرکوتی هۆڤانە، ئایدیالی بەڕێز یوونسییە. چون ڕێژیم بێدەنگیی خەڵکی دەوێت. بێدەنگییەک وەک بێدەنگی گۆڕستان کە خەڵک بە هۆی ترسەوە نەتوانن هەناسە بدەن، وەک ئەو ئارامی و تەناهییەی کە لە کوریای باکوور، کووبا و چین و ... دەیبینین. هەر چەن کۆماری ئیسلامی بە هەموو هەوڵەکانی خۆیەوە لەم پێناوەدا نەیتوانیوە ئەمنیەت بە واتای ڕاستەقینەکەی دابین بکات.

بە شێوەیەکی گشتی قسەکانی بەڕێز یوونسی لەم وتووێژەدا جارێکی دیکە پیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە لەسەر قسەکان و لێدوانە فەرمییەکانی ئەم ڕێژیمە فرە دەمامکە، هەرچەن بە ڕواڵەتیش مزگێنی بەخش بن نابێ متمانە بکرێ، چونکوو سیمای ڕاستەقینەکەی هەمان سەرەڕۆیی، هەڵاواردن، سەرکوت و ستەمە، ڕواڵەتێ کە یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆک کۆمار لەم وتووێژەدا بە هەموو هەوڵی خۆیەوە نەیتوانیوە بیشارێتەوە.

هەموو ئەو وەڵام و لێدوانانەی کە بەڕێز یوونسی لەم وتووێژەدا دەریان بڕیوە ئەم ڕاستییە جارێکی دیکە بە شێوەیەکی ئاشکرا باس دەکەنەوە کە لەم ڕێژیمەدا مەحموود سەرۆک کۆمار بێت یان حەسەن یان سبەی کەسێکی دیکە، دەرکە لەسەر هەمان ئاشیلی خۆی دەسووڕێ. بەم واتایە کە ڕێژیم بڕوایەکی بەم داخوازییانە نییە تا لە هەوڵی وەدیهێنانیاندا بێت. هەر بۆیە هەموو وادە و بڕیارەکانی سەردەمی هەڵبژاردن لەم بوارەدا جگە لە فریودان هیچ شتێکی دیکە نییە. با جارێکی دیکە کەسانێک بە هەر ئامانجێکەوە ئەم تۆمەتە لە ڕێژیم نەدەن کە گوایە لە هەوڵی چارەسەریی کێشەکان و داخوازیی نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینی و دینییەکانە، تۆمەتێک کە بە ویژدانەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ سیمای پیرۆزی ئەم ڕێژیمەدا نایەتەوە.

هەموو جەختکردنەوەکان لە ئێمەیە