کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆر بێبڕانەوە

15:43 - 12 رەشەمه 2717

ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە ڕێکەوتی ١٠ی رەشەمەی ١٣٩٦ لە گەڕەکی بنەسڵاوەی هەولێر لە کوردستانی باشوور، سەلاح رەحمانی یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حدکا، لەگەڵ سەباح رەحمانی کوڕی و ئەندامی حدکا تێرۆر کران، بەداخەوە لەو تێرۆرەدا سەباح شەهید بوو،
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە بۆ بێبڕانەوە چالاکانی کورد تێرۆر دەکرێن؟!

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێت لە بکەری تێرۆرەکە بگەڕێین، لە مانگی پووشپەری ١٣٩٥دا محەمەد پاکپوور، بەرپرسی چەکدارانی پیادەی سپای پاسداران لە وتوێژێکدا کە لەگەڵ ماڵپەڕی سپانیوز باسی ئەوەی کرد کە ئەوان لە پشتیوانەی شۆرشی کوردستان دەدن لە هەر کوێیەک بێت
کە وایە بێ هیچ دوو دڵییەک و بە پێی ئەو هەڕەشانەی بەرپرسانی رێژیم وەک حوسین سەلامی، جێگری بەرپرسی سپای پاسداران و قەرارگای حەمزە، پێشووتر کردوویانە بە ڕوونی دیارە کە یەکەم و تەنیا سەرچاوەی تێرۆر روو بە چالاکانی کوردی کوردستانی رۆژهەڵات، کۆماری ئیسلامییە.

تێرۆر لای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شێوازێک بۆ بەرەڕووبونەوە لەگەڵ بەرهەڵستکارانییەتی و دەکرێت بڵێین هیچ لایەنێکی بەرهەڵستی کۆماری ئیسلامی نییە، کە تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی زەربەی لێنەدابێت.

تایبەتمەندییەکانی تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی
تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی سێ تایبەتمەندی گرنگی هەیە:
یەکەم: تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی پتر رووی لە رێکخراوەکانی بەرهەڵستکاری رێژیمە، ئەو تایبەتمەندییە دەکرێت پێی بگوترێ: تێرۆریزم لە دژی رێکخراوە ئۆپۆزیسیۆنەکان.

لە ئاستی رێکخراوەکەدا، ئەو رێکخراوانەی پێگەی جەماوەری و توانایی شۆڕش و بەرهەڵستکاریان زیاتر بووە، زیاتر دراونەتە بەر هێرشی تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی.

تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی بە رێکخراوەدا دوو ئامانجی سەرەکی هەبووە:

ئا: کادری لێهاتووی نێو ئەو رێکخراوانە کراوەتە ئامانج بۆ ئەوەی رێکخراوەکە تووشی قەیرانی کادری لێهاتوو بکات.

بێ: دووهەمین ئامانجی ئەوەیە کە ترس و خۆف لەنێو رێکخراوەکەدا بچێنێ، ئاستی تێچووی ئەندامێتی لە رێکخراوە گرینگەکانی بەرهەڵستیدا بەرێتە سەرێ، بۆ ئەوەی ئەندامی ئەو رێکخراوەیە لە رێکخراوەکە بتەکێنەوە و لێی دوور بکەونەوە، بەو شێوەیە رێکخراوەکە بەچۆکدا بێنێ.

کەوایە لە ئاستی رێکخراوەییدا هەم هەڵکەوتی نێو رێکخراوەکەی ئامانجی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامییە و هەمیش هەوڵدەدات بە رێگەی رەشەکوژی ترس و خۆف لەنێو جەستەی رێکخراوەکەدا بڵاوبکاتەوە.

دووهەم: رێژیم هەرچەند زۆر بایەخ بە ڕووبەڕووبونەوە و سەرکوتی رێکخراوەکانی بەرهەڵستکاری دەدات، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە تاکێکی لێهاتوو کە لە دەرەوەی رێکخراوەکان چالاکی دەکات لە تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بەدوور بێت، بەڵکوو ئەویش بەر پەلاماری تێرۆریزمی رێژیم دەکەوێت و ئەو تایبەتمەندییە دەکرێت وەک تێرۆری تاک ناودێر بکەین.

لە ئاستی تاکەکەسیدا کۆماری ئیسلامی بژاردەکانی بۆ تێرۆرلەسەر شێوازێکی تایبەتی نەبووە، بەڵکوو هەر کات هەستی بە مەترسی لە هەڵکەوتەیەکی نێو کۆمەڵگای ئێران کردبێت، ئەو کەسە مەترسی مەرگی لەسەر بووە؛ باشترین نموونە کە لێرەدا دەکرێت باسی لێبکەین تێرۆری کەسانی وەک سەعید سیرجانی، هەوڵ بۆ تێرۆری ئەندامی کانوونی نوسەرانی ئێران، تێرۆری مەلا محەمەد رەبیعی و قەشە هایک هۆسپیان، ئەو کەسایەتییانە پتر بەرهەمی فکریان هەبووە یان ئەگەر دژایەتی ڕێژیمیشیان کردبێت بە نوسراوە رەخنەیان لە دۆخی وەک ئازادی دین، ئازادی بەیان وهتد... گرتووە، بەڵام کەوتوونە بەر پەلاماری تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی و لەنێوبراوان.

سێهەم، تایبەتمەندی تێرۆریزمی دەوڵەتی باسی ئەوەیە کە لە چ قۆناخێکدا، چ بەرەیەکی سیاسی و فکری کەوتوونە بەر پەلاماری تێرۆریزمی دەوڵەتی ئەو تایبەتمەندییە دەکرێت پێی بگوترێ تێرۆر بەپێی کات
بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتری ئەو بابەتە دەبێت بڵێم ئەگەر سەیر بکەن، لە دەیەی ٦٠ و نیوەی یەکەمی دەیەی ٧٠دا، ڕێژیم رووی تێرۆری زیاتر لە بەرهەڵستکارانی دەرەوەی ئێران یان ئەو ئۆپۆزیسیونە بووە کە وەک ئۆپۆزیسیۆنی رووخێنەر ناسراوە، پاش ئەوەی کە رێژیم دەتوانێ زەربەی قورس لەو ئۆپۆزیسیۆنە بدات، و دوای ئەوەیکە یاری رێفۆرمخواز_بناژۆخواز لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران دەست پێدەکات، رێژیم رووی تێرۆری دەکاتە بەشێک لە ئۆپۆزیسیون کە ئەگەری ئەوەیان هەیە لە چوارچێوەی ئەو یارییەدا شوێندانەر بن لەسەر بەستێنی یاری رێفۆرمخواز_بناژۆخواز.

لەو قۆناغەدا زیاتر ئەو گرووپە سیاسییە دەکەوێتە بەر پەلاماری تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی

هەر بەو پێیەش دەبینین کە لە نیوەی دووهەمی دەیەی ٧٠ بەو لاوە، رێژەیەکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیی کە وەک ئۆپۆزیسیۆنی ناروخێنەر دەناسرا، دەکەوێتە بەر هرووژمی ماشێنی تێرۆری رێژیم.
ڕوونە کە ماجەرای رێفۆرمخواز_بناژۆخواز بابەتێکی نێوخۆیی رێژیمە و ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی رێژیم هەوڵی کارتێکەریان لەسەر ئەو ماجەرایەیان داوە کەتوونە بەر پەلاماری تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییەوە.

ئەو سێ تایبەتمەندییە لە مێژووی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیدا پێمان دەڵێت کە تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی، لای ئەو رێژیمە شێوازێکە بۆ ڕووبەرووبونەوە لەگەڵ بەرهەڵستکارانی نێوخۆییە و ئەو شێوازە ژووری داڕێژەری پلانی هەیە و هەموو جۆرە ئامادەکارییەک بۆ تێرۆر لە قۆناغی پێش و پاش تێرۆرەکەدا دەکرێت؛ کەوایە تێرۆریزمی دەوڵەتی لە راستیدا بەشێک لە سیاسەتی پاراستنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە؛ هەر بەو پێیەشە کە ئەو رێکخراوانەی کە لە بەرهەڵستکاری رێژیمدا چالاکترن، زیاتر بەر پەلاماری تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی دەکەون.

سەرەڕای ئەو تایبەتمەندییە گشتییانەی کە تێرۆریزمی دەوڵەتی رێژیم هەیەتی و لەسەرێ باسی کرا، لە کوردستانی رۆژهەڵات تێرۆریزمی دەوڵەتی تێچوویەکی زۆر کەمی بۆ رێژیم هەیە! ئەوەش بۆتە یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی تێرۆریزمی دەوڵەتی لە کوردستاندا و هەر بەو هۆکارەش رێژیم تێرۆریزمی دەوڵەتی بێبڕانەوە لە دژی شۆرشی کوردستان بەکاری دێنێ.

هۆکاری کەم تێچووبوونی تێرۆریزمی دەوڵەتی بۆ رێژیم لە کوردستانی رۆژهەڵات لە روانگەی منەوە ئەوانەن:

١: بەهۆی ئەوەی دەنگی کوردەکان لە نێو کۆڕ و رێکخراوە جیهانییەکاندا کز و لاوازە، تێرۆریزمی دەوڵەتی لە کوردستان زۆر بە کەمی دەبێتە هۆی هەڵوێست گرتنی کۆڕ و رێکخراوە جیهانییەکان و لە ئاستی جیهانیدا دەنگدانەوەی دەبێت.

٢: تێرۆری چالاکە کوردەکان لە ئاستی نێوخۆی رۆژهەڵات و ئێرانیش تێرۆرێکی بێدەنگە و ئەوەش وا دەکات، رێژیم بێ مەترسی لە کاردانەوەی نێوخۆی ئێران لە کوردستان دەست بداتە تێرۆری چالاکانی کورد.

٣: لە نێو چالاکانی کوردستان و بە پێی کلتووری لەخۆبردوویی و ئازایەتی کە لە نێو کوردستاندا هەیە، مەودای نێوان ترس ، بێمەبالاتی و خۆپاراستن زۆر بە ئاسانی تێکەڵ دەکرێت و ئەوەش وا دەکات کە رێژیم بە شێوەیەکی ئاسان بتوانێ چالاکانی کورد تێرۆر بکات.

٤: ئاستی هاوکاری رێکخراوەیی بۆ رووبەرووبونەوە لەگەڵ تێرۆریزمی دەوڵەتی بە تایبەتی لە قۆناغی پاش تێرۆردا لەنێو رێکخراوە کوردستانییەکان زۆر لاوازە و دەکرێت بڵێین هەر نییە.

ئەو هۆکارانەی سەرێ وادەکات کە رێژیم هەم قۆناغی پێش تێرۆر بە ئاسانی بەرێوەبەرێت و هەم قۆناغی پاش تێرۆر بە هێوری تێپەر بکات.

بۆیەش تێرۆریزمی دەوڵەتی لە کوردستان بێبڕانەوە تێرۆر دەکات و مەرجی پێشگرتن یان کەمکردنەوەی تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان چارەسەری ئەو قەیرانانەیە کە بوونە هۆی گەشەسەندنی تێرۆریزمی دەوڵەتی لە کوردستاندا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.