کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆری ڕێبەرانی کورد لە ئورووپا بە دەستی ڕێژیمی ئێران بووە

12:26 - 9 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی "ڕێئال کلێر دیفنس"، لە وتارێکدا باسی لە مێژووی تێرۆری ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئورووپادا کردووە.

ماڵپەڕی "ڕێئال کلێر دیفنس" (RealClearDefense)، لە وتارێکدا له نووسینی "توبی دێرشۆویتس" و "بێنجامین وایتنال" بڵاوی کردووەتەوە، کە ڕێبەرانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئورووپادا دەستێکی باڵایان لە کار و کردەوەی تێرۆریستیدا هەبووە و هەیە.

"توبی دێرشۆویتس" جێگری باڵای پێوەندییە دوڵەتییەکان، لە دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییەکان لە واشنگتۆن کار دەکات و "بێنجامین وایتنالـ"ـیش کارناس و لێکۆڵەری ئەو دامەزراوەیە، کە لە وتارێکدا باسیان لە کورتەمێژووی تێرۆر و جەنایەتی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپادا کردووە.

لەو وتارەدا، لە نووسینەکانی ئەو دوو کەسە باس لەوە کراوە، تۆڕی بەهێزی سیخوڕی و تێرۆری ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا، بەبێ ڕاوەستان کاری کردووە و دەکات.

لە بەشێکی تریدا باس لە تێرۆری میکۆنووس کراوە و وەک یەکێک لە خوێناویترین هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاڵمان وەسف کراوە.

لە شوێنێکی دیکەی وتارەکە ئاماژە بەوە کراوە،کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڕیاری تێرۆری ڕێبەرانی کوردیان دەرکرد و لە ڕێستۆرانی میکۆنووس ئەو تێرۆریان ئەنجام دا؛ کە دواتر دادگای ئاڵمان لە حوکمێکدا ئاشکرای کرد، "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و "عەلی ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی" داڕێژەری ئەو تێرۆرە بوونه.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا، باس لە تێرۆری دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" کراوە، کە ئەو ڕێبەرە کاریزماتیکەی کورد، لە ڤییەن بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران تێرۆر کرا.

لە درێژەدا باس لە دەیان تێرۆری سەرکەوتوو و ناسەرکەوتووی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپادا کراوە، کە ڕێبەرانی باڵای ئە و ڕێژیمە داڕێژەی ئەو پیلانانە بوونه.