کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆرێکی دیکەی ڕێژیمی ئێران ئاشکرا بوو

13:06 - 10 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی ئاشکرابوونی فایلی تێرۆرەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەمجارە ڕفاندن و تەقاندنەوەی فڕۆکەیەکی لێ ئاشکرا بوو.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، بەرانبەر بە (٣١ی جوولای ١٩٨٤ی زایینی)، فڕۆکەی ژماره ٧٤٧ی ئایرفەڕانس، کە لە شاری فرانکفۆرت بۆ پاریس دەچوو، ڕفێندرا و دوای ڕاوەستان لە ژنێڤ ـ لارناکا و بەیرووت، گەیشتەوە ئێران.

ڕفێنەرانی ئەو فڕۆکەیە داوایان کرد، کە ٥ کەس لە بکەرانی یەکەمی تێرۆری "شاهپوور بەختیار"، دوایین سەرۆکوەزیرانی سەردەمی پاشایەتی، ئازاد بکرێن.

دوای ئەوەی که دەوڵەتی فەڕانسە ئەو داواکارییەی ڕفێنەرانی فڕۆکەکەی ڕەت کردەوە، ڕفێنەرەکان سەرجەم مسافیرەکانیان لە فڕۆکەکە هێنایە خوارەوە و ئەو فڕۆکەکەشیان لە فڕۆکەخانەی "مێهرئاباد"ـی تاران تەقاندەوە و خۆیان ڕادەستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد.

شاهپوور بەختیار، سیاسەتمەداری ئێرانی و سەرۆکی پێشووی حیزبی ئێران و دوایین سەرۆکوەزیرانی ئێران پێش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بوو، ناوبراو یەکێک لە سیاسەتمەدارە جیابیرەکانی ئێران بووە کە دواتر لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تێرۆر کرا.

ئەو سیاسەتمەدارە دووجار لە لایەن ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێرانەوە هەوڵی تێرۆری درا، کە یەکەمجار ئەو تێرۆرە سەرکەوتوو نەبوو. بەڵام دواتر ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٧٠ی هەتاوی، لە ماڵی خۆیدا لە پاریس لە لایەن گرووپێکی تێرۆریستیی سێ کەسیی سەر بە سپای پاسداران، بە ناوەکانی "فەرەیدوون بویرئەحمەدی، محەممەد ئازادی  و عەلی وەکیلی ڕاد"ـەوە تێرۆر کرا.