کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم لە سەقز برینداری لێکەوتەوە

17:09 - 23 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز، ٢ هاووڵاتی دانیشتووی ئەم شارە بریندار کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژ، هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز، کە بە کالاقاچاق و یگان ویژە دەناسرێن، هەڵیانکووتایە سەر ماشینی چەند کاسبکارێک، کە لە ئەنجامدا تێکهەڵچوون لە نێوانیادا هاتە ئاراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاند: ئەم ڕووداوە لە ڕێگای نێوان سەقز- بانە، و لە نیزیک گوندی قەبەغڵوو ڕووی داوە.

پاش ئەوەیکە هێزەکانی ڕێژم هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی بارەکانی کاسبکاران دەدەن، لەگەڵ دژکردەوەی خەڵکی ئاسایی و خاوەن بارەکان بەرەوڕوو دەبنەوە و لە نێوانیادا تێکهەڵچوون دێتە ئاراوە، و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، ٢ کەس کە ناوی یەکێکیان ئارامە، بریندار دەبن.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ، لە گۆڕەپانی زیندانی سەقز، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ئینتزامی هاتە ئاراوە، کە تێیدا ڕێژیم بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک تەقەی هەوایی کردووە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاندبوو؛ ئەم تێکهەڵچوونە دوابەدوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە هێزەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر کەلوپەلی کاسبکارانی ئەم ناوچەدا گرتووە و ویستوویانە موسادرەی بکەن، کە لەگەڵ دژکردەوەی خەڵک بەرەوڕوو بوون و توانییان سەرجەم کەلوپەلەکان لە چنگی مەئمورەکانی ریژیم دەربێنن.

ساڵانە لە شارە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران، دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کە بۆ بژیوی ژیان ڕوو لەم جۆرە کاسبییە پڕمەترسییانە دەکەن، بە هۆی ڕووداوگەلی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، سەرما و سەخڵەتی و ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن.