کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیاکردنەوەی زاراوەی لەکی و دابەشکردنی ڕۆژهەڵات سیاسەتی هەمیشەییی ڕێژیم

13:03 - 27 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیم کە هەموو هەوڵی خۆی بۆ دابەشکردنی زمان، کولتور و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات دەدات، ئەم جارە هەوڵ دەدەات لەکەکان جیا بکاتەوە.

زۆرتر لە ساڵێکە کە ڕێژیم لە ڕێگەی ناوندە فاشیستییەکان و بەناو زمانناسەکانەوە، هەوڵی بەلاڕێبردنی زاراوەی لەکی دەدات، کە یەکێک لە زاراوەکانی زمانی کوردییە و بێژەوانێکی زۆری لە ئاستی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

ڕێژیم لە ڕاستای پیلانە دژە کوردییەکانی و دابەشکردنی کوردستاندا، لە پیلانێکدا زاراوەی لەکیی وەکوو زمانێکی تایبەت لە ئێراندا تۆمار کرد و بە بەردەوامی هەوڵ دەدات، کە ئەو بیرۆکەیە لە نێو کورددا لە ڕۆژهەڵات زاڵ بکات، کە ئەوان زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە و لەگەڵ کورد جیاوازییان هەیە.

لە درێژەی ئەم یەکساڵەدا کە زاراوەی لەکی وەکوو زمان تۆمار کراوە، ناوەندە فاشیستییەکانی ڕێژیم بە پیلانی جۆرواجۆر و پڕوپاگەندە تێدەکۆشن، کە لە نێو لەکەکاندا ئەو هەستە بڵاو بکەنەوە کە خۆیان بە جیا بزانن و هەندێک لە چالاکانی مەدەنی و خوێندەوارەکانی لەک بەرەو لای خۆیان بکێشن و بە کرێیان بگرن، هەتاکوو لە ڕاستای ئامانجەکانی ڕێژیم چالاکی بکەن.

هەر چەندە ئەو هەوڵەی ڕێژیم هەتا ئیستە لە نێو کورددا بەگشتی و لە نێو لەکەکاندا بەتایبەتی وڵامی نەداوەتەوە و لەگەڵ دژایەتی و ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدەنی و سیاسی ڕاستەقینەی کوردستان بەرەوڕوو بووەتەوە، بەڵام ڕێژیم پیلانی درێژخایەنی هەیە و لە نوێترین پیلاندا، بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک لە شاری قەزوین، هەندێک بەناو کارناسانی زمان و چالاکانی مەدەنیی لەکی کۆ کردووەتەوە و لەژێر ناوی "کۆبەستی لەکزمانانی قەزوین"،  کۆبوونەوەیەکی پێک هێناوە.

ئەو کۆبوونەوە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە هۆڵی ئارام مێهری لە قەزوین بەڕێوە چووە، کە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم و بەکرێگیراوان بە لێدوانی جیاواز و بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی زمانیی، هەوڵی چەواشەکردنی بیرۆکەی بەشدرابووانیان داوە.

ئەمە یەکەمجار نییە، کە ڕێژیم هەوڵی لەم چەشنە و دژەمرۆڤانە و فاشیستییانە دەدات و دەیان ناوەندی بە بوودجەیەکی زۆرەوە بۆ سڕینەوەی کولتوور و زمانی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەتی  زمانی کوردی دامەزراندووە.