کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە ئاڵمان بەڕێوەچوو

18:21 - 5 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی کوردی لە لایەن پلاتفۆرمی کورد لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە لایەن پلاتفۆرمی کوردەوە بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادیی گەلی کورد و خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد. پاشان پەیامی پلاتفۆرمی کوردی بە بۆنەی جێژنی سەری ساڵی ٢٧١٨ی کوردییەوە خوێندرایەوە.

پەیامەکەی پلاتفۆرم بە گشتی دۆخی خەباتی ڕزگاریخوازی هەر چوار بەشی کوردستان و لەوانە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبر کە کەرکووک و بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستانی باشوور لە لایەن سپای عێراق بە یارمەتی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە داگیر کرا، هێرشی داگیرکاری حکوومەتی تورکیه بۆ سەر عەفرین و دۆخی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی باکوور و کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی خەباتکارانی کوردی لە خۆ گرتبوو.

لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پەیامەکەدا هاتبوو:ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای دەستێوەردان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئاژاوەنانەوە لە نێوان هێزە کوردییەکاندا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی کردووە بە گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکانی سیاسی و بە تەواوەتی ئەو بەشە لە کوردستانی میلیتاریزە کردووە. پاش دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە خەباتی گەلی کورد و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ نێو خاکی ڕۆژهەڵات و جێگیربوونیان لە سەر چیاکان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ترسێک کە لێی نیشتووە، دەیهەوێ بە هەموو هێزی خۆیەوە و بەتایبەت بە ڕێگای تێرۆری چالاکانی سیاسی و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبەکان ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕۆژهەڵات ببێتەوە.

لە ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی شاری هامبۆرگدا نوێنەرانی زۆر حیزب و لایەنی سیاسی کوردی و بیانی و لەوانە نوێنەری چەپەکانی ئاڵمان و حیزبی دێموکرات مەسیحی بەشدار بوون و بەو بۆنەوە پەیامیان خوێندەوە.

پلاتفۆرمی کوردی هامبۆرگ پێکهاتەیەکە لە کۆمیتەکانی زۆربەی حیزبەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، کە یەک لەوان کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمانە.

بە سەدان کەس لە کوردانی چوار بەشی کوردستان و بەتایبەت ئەندامانی حیزبی دێموکرات چالاکانە بەشداری ڕێورەسمەکە بوون.