کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری مەجلیسی ڕێژیم داوای لە سپای پاسداران کردووە، گویڕایەڵی حکوومەت بێت

11:51 - 12 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: موتەهەری لە نامەیەکدا، داوای لە فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیم کردووە، تا ئیزن بدەن حکوومەت بە نیسبەت دانوستاندن لەگەڵ ئامریکا، بڕیار بدات.

هەواڵدەریی ئیسنا ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، ئاشکرای کرد، کە عەلی موتەهەری، جێگری عەلی لاریجانی بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیم، لە نامەیەکدا بۆ محەممەدعەلی جەعفەری، بەرپرسی گشتیی سپای پاسداران، بە نیسبەت بڕیاری یەکلایەنانەی ناوبراو لە بەرانبەر داواکارییەکەی دانڵد ترامپ بۆ وتووێژ، پەرچەکرداری نیشان داوە.

موتەهەری لەو نامەیەدا داوای لە جەعفەری کردووە، هەتا خۆی و فەرماندەکانی دیکەی سپا، بە نیسبەت قەبووڵ یان ڕەتکردنەوەی داواکاریی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پێبەندی بڕیارەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بن، نەک ئەوەی کە یەکلایەنانە بۆ خۆیان، بڕیاری کۆتایی بدەن.

پاش ئەوەی کە سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ، ئامادەییی خۆی بۆ دانیشتنی بێمەرج لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەربڕی، محەمەدعەلی جەعفەری لە یەکەم پەرچەکرداردا ڕایگەیاندبوو: "ئێوە ئەو ئامانجە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوای دانیشتن لەگەڵ ئێوە بکەن، یان داخوازییەکەتان قەبووڵ بکەن، دەبەنە ناو گۆڕەوە"، ناوبراو هەروەها ڕوو لە ترامپ باسی لەوە کردبوو، کە هەرگیز ئیزنی ئەو کارە نادەن.