کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حدکا: ڕەفتاری سەرەڕۆیانە و گرتن و زیندانی کردنی هاونیشتمانیان مەحکووم دەکەین

00:08 - 31 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەفتاری سەرەڕۆیانە و گرتن و زیندانی کردنی هاونیشتمانیان مەحکووم دەکات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی بەڕێز
کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان
کۆڕ و کۆمەڵە بەشەردۆستەکان


ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێک لە نێو گێژاوی قەیرانگەلی جۆراجۆری ناوخۆیی و ناوچەییدا گیری کردوە، ئەو قەیرانانەی کە ئاکامی سیاسەت و جیهانبینی دواکەوتووانە لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژی ولایەت فەقیهی لەسەرتاوە دەستی پێکرد و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کەڵەکەبوونەوە، تا ئەمڕۆکە بوونەتە کێشەیەکی گەوورە بۆ خەڵکی ئێران و ناوچەکە، بە جۆرێک کە خۆڕزگارکردنی ڕێژیم لە چنگ ئەو قەیرانانە ئەگەر نامومکین نەبێ یەکجار زۆر بەزەحمەتە.

لەو ماوەیدا کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک، بەتایبەت گەلانی ئێران بۆ سەر پرسە لاوەکییەکان و دوورخستنەوەیان لە کێشە ناوخۆییەکانی خولقاوی دستی ڕێژیم، پێکهێنانی هێندێک سناریۆ، یان ڕوودانی هێندێک رووداوی وەک دەرفەت قۆستوەتەوە، تا ناتەبایی و ناکامییەکانی خەڵک بخاتە ئەستۆی دوژمنانی دەستکردی دەرەکی و، خەڵک بترسێنێ لەوەی کە ئێستا کاتی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ڕێژیم و قەیرانە لەئەژمار نەهاتووەکانی خەڵک نیە بەڵکوو کاتی یەکگرتوویی لەبەرانبەر دوژمنانی ئیسلام و ئێراندایە، هەر لەو ڕاستایەشدا توندووتیژی، سەرکوت و زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی، جیابیرانی وڵات بە تایبەت نەتەوە ماف پێشێلکراوەکان و کەمینە ئایینییەکان بە ناوی بەکرێگیراوانی دوژمنی دەرەکی و... زیاتر پەرە پێداوە.

ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٧ی ژوئەنی ٢٠١٧ی زایینی تاران و تەقەکردن لە قەبری خومەینی و مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێرانیش بیانوویەکی دڵخواز و هەلێک بوو کە ڕێژیم قۆستیەوە بۆ ئەوەی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی پەردەپۆش بکا و لە هەمان کاتدا گوشار بۆ سەر دژبەران و رەخنەگرانی نێوخۆیی لەژێر ناوی بەرهەڵستکاری لەگەڵ توندڕەوی، زیاتر و پەرەگرتووتر بکا. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە خۆی یەکێک لە سەرەکیترین دامەزرێنەران و یارمەتیدەرانی تاقمە تیرۆریستەکانە لە ناوچەدا.

لە ڕەوتی درێژەدان بەم گوشارهێنانە لە ماوی دوو حەوتوودا سەدان کەس لە خەڵک بە تایبەت لە کوردستان و ناوچەکانی شوێنی نیشتەجێ بوونی نەتەوە بندەستەکان بە تۆمەتی سەلەفی و توندڕەوبوون دەستگیر و زیندانی کردوون کە زۆربەیان لە تۆمەتی وەپاڵدراو بە دوورن.

هەموو خەڵکی ئێران و تەنانەت لە ئاستی جیهانی و ناوچەییش زۆر چاک دەزانن و ئاگادارن کە بزووتنەوەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سیمایەکی پێشکەوتنخوازانە وسێکۆلاری هەیە و دژی هەر جۆرە کردەوەیەکی تێرۆریستی بووە و دەبێ، کۆماری ئیسلامی هەرچەندیش هەوڵ بدا ناتوانێ ئەو سیما و ڕواڵەتە گەشاوەی بزووتنەوەی کورد خەوشدار بکا.

ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی ڕەفتاری سەرەڕۆیانە و گرتن و زیندانی کردنی هاونیشتمانیان داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین هەڵوێستی شیاوی خۆیان دژ بەم سیاسەت و کردەوانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرببڕن و رێگا نەدەن دام و دەزگا سەرکووتکەرەکانی ڕێژیم لە بێدەنگی خەڵک و بیروڕای گشتی‌دا دەستیان لە خولقاندنی تاوان و گرتن و زیندانی کردنی هاونیشتمانیان هەروا ئاوەڵە بێ.

هەروەها داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە بەشەردۆستەکان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ دەکەین بە چاوی ئاوەڵەوە بڕواننە ئەو پیلانەی ڕێژیم دژ بە هاونیشتمانیان و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بەر بە رەفتاریی دژی گەلییانەی کۆماری ئیسلامی بگرن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٠ی ژوئەنی ٢٠١٧ی زایینی