کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: ئامانجی رێژیمی ئێران لە رێککەوتنی ژنێڤ کڕینی کاتە

12:41 - 7 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە رێککەوتنی ناوکی لە ژنێڤ بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
دەقی ئەو راگەیەنراوە بەم چەشنەیە:
دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ، گێرە و کێشە و گوێنەدان بە رێککەوتننامە نێونەتەوەیی‌یەکان، رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری سیاسی و ئابووری گەمارۆ ‌و سزا ئابوورییەکاندا، بە ناچاری چۆکی دادا و ملی بۆ گوشاری نێونەتەوەیی راکێشاو‌ و لە ٢٤ی نۆڤامبری ٢٠١٣دا، رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ گرووپی ناسراو بە ١ + ٥ واژۆ کرد. لەو رێکەوتنەدا، هەرچەند بە شێوەی کاتی هەندێک ئیمتیازی ئابووری چکۆلەی وەرگرت، بەڵام لە بەرامبەردا، دەستی لە بەشێکی بەرچاو لە پرۆژە ناوکییەکەی هەڵگرت و وەک لایەنی دۆڕاو ‌و تەسلیم بوو، لەو رێککەوتننامەدا دەرکەوت.
زیاتر لە ٢٠ ساڵە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە نهێنی و بە ئاشکرا پرۆژە ناوکییەکەی پەرە پێ‌دەدا ‌و لە هەوڵی گەیشتن بە چەکی ناوکیدا بووە، بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە، زیاتر لە ١٧٠ میلیارد دۆلار لە سامانی وڵاتی لە پێناوی ئەو پرۆژەدا خەرج کردووە ‌و ئەمە ئەو بەشە لە هەزینەکان ناگرێتەوە کە لەبەر گەمارۆ ‌و سزا ئابوورییەکان تووشی وڵات بوون. بە پێی لێدوانی سەرۆکی دەزگای بەرژەوەندیی رێژیم لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ (هەشت سەد) میلیارد دۆلار زیانی ئابووری بە وڵاتی ئێران گەیشتووە کە سەرجەمی ئەو زیانە و پارەی خەرجکراو بۆ پرۆژەکان و زیانی چەند ساڵ رابردووشی دەبێتە شتێک زیاتر لە ١٠٠٠ (یەک هەزار) میلیار دۆلار کەلە پێناوی سەرەڕۆیی و ملهۆڕیی ناوکیی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا زیان بە ئابووری و ژیانی نەتەوەکانی ئێران گەیاندووە، دوای ئەو هەموو زیانە‌و دوای بێ‌ئێعتبار بوونی سیمای خەڵکی ئێران و بە تیرۆریست ناسرانی رێژیم لە رای گشتیی جیهانیدا، رێژیمی کۆماری ئیسلامی چۆکی داداوە و ئەو هەموو هەزینەیە لە خۆڕا بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپاندووە.
دوای چەندین بڕیارنامە و چەندین بڕیاری سزادان و گەمارۆ بە دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەلایەن رۆژئاوا، سەرانی ئەم رێژیمە باسیان لە بێ‌کەڵک و بێ‌کاریگەربوونی ئەو بڕیار و گەمارۆیانە دەکرد و تەنانەت رێبەری رێژیم باسی لەوە دەکرد کە لەژێر ئەو گەمارۆیانە گەشەی زیاتر دەکەن و حەماسەی ئابووری دەخولقێنن و لە شەرایەتی بەدر و خەیبەر دان، بەڵام دەوڵەتی تازەی رێژیم دانی بەوە دانا کە خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵە و تەنانەت پارەی ئەوەیان نییە کە مانگانەی کارمەندانیان بدەن و هیچ پارەیەکیان بۆ دابینکردنی یارانەی مانگانە نییە.
لە وەها دۆخێکدا کەلە ژێر گوشاری توندی ئابووری و گەمارۆکاندا بوون و پارەیان بۆ درێژەدان بە پیلانە تیرۆریستی و پرۆژە ناوکییەکەیان نەبوو، لەبەر مانەوەی خۆیان نەک لە بەر وەزعی نالەباری خەڵک، ملیان بۆ گوشاری جیهانی راکێشا.
ئەم رێککەوتننامەیە کە لە ٢٤ی نۆڤامبر لە ژنێڤ لە نێوان نوێنەری رێژیم و گرووپی١+٥ واژۆ کرا، رێککەوتننامەیەکی کاتییە بۆ ماوەی ٦ مانگ کە دەبێ‌لەو ماوەیەدا رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو خاڵانەی کە واژۆی لەسەر کردوون و بەڵێنیی داون، جێبەجێیان بکا، دەنا گەمارۆی توندتر و گوشاری زیاتری لەسەر دادەنرێ‌. هەرچەند هیچ ئیعتمادێک بەم رێژیمە نییە و چەندین جار سەلماندوویە کە رێککەوتن و بەڵێننامەی نێونەتەوەیی واژۆ دەکا و دوایە هەموویانی پێشێل کردووە ‌و لەبەر ئەو نادڵنییایی‌یە بووە کە لەو رێککەوتننامەیەشدا هاتووە کە هەر جۆرە پێشێل کردنی بەڵێنەکان سزاکان توندتر دەکاتەوە.
ئەگەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی پابەند بێ‌بە بەڵێنەکانی، رەنگە قازانجی بۆ خەڵکی ئێران ئەوە بێ‌کە چیدیکە پارە و سامانی وڵات لە پێناو ملهۆڕی و پرۆژەی چەکی ناوکیدا خەرج نەکا، بەڵام ئەوە ئەو دڵنیایی‌یە نادا کە ئەو سامانە لە پێناوی خۆشگوزەرانیی خەڵکدا سەرف بکرێ‌، بەڵکوو وەک لە رابردووشدا رێژیم نیشانی داوە، خەرجکردنی سامانی وڵاتی لە پێناوی پەرەدان بە تیرۆریزم و چەکدار کردنی حیزبوڵڵای لوبنان و رێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپ و شوێنی دیکە لە ئەولەویەتدا دەبێ و ئەگەر شتێکی لێ بمێنێتەوە بۆ چەکدارکردن و تەیارکردنی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکان خەرجی دەکا و بەشی خەڵکی ئێران هەر هەژاری و سەرکوتە.
ئەوەی جیهان و وڵاتانی ئازاد و رێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ و ئازادی نابێ لە بیری بکەن، ئەوەیە کە گرفت و کێشەی کۆماری ئیسلامی بۆ جیهان و ناوچە‌ و وڵاتی ئێران، تەنیا کێشەی چەکی ناوکی و پرۆژە ناوکییەکانی نییە، بەڵکوو لە پێش هەموو شتێکدا، رێژیمی کۆماری ئیسلامی رێژیمێکی سەرەڕۆ‌ و دیکتاتۆرکە لە سەدەی ٢١دا، بە شێوازی سەدە ناوەڕاستییەکان حکوومەت دەکا و خەڵک بەتایبەت نەتەوەکانی ئێران دەچەوسێنەتەوە ‌و ستەمی سیاسی‌ و ئابووری‌ و نەتەوەیی‌یان بە دژ بەڕێوە دەبا.
گرفت و کیشەیەکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بۆ جیهان ‌و ناوچەکە، پرسی پەرەدان و پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم‌ و ئاژاوەگێڕی‌ و توندڕەوی لە جیهان‌ و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە‌ و قووڵترکردنەوەی کێشەکانە، هەروەک لە سووریە‌ و لە عێراق ‌و لە بەحرین ‌و زۆر شوێنی دیکەی دنیادا، بە راشکاوانە لایەنگری‌ و پاڵپشتی ئاژاوە‌ و توندڕەوی دەکا.
هەرچەند وەک رابردوو نیشانی داوە رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر قەراردادە نێونەتەوەیییەکانی خۆی بە بەرپرس نازانی‌ و لەوانەیە لە ئیمزاکردنی قەراردادی ژنڤیش بۆ وەدەست هێنانی کات‌ و راگرتنی کاتیی گەمارۆکان کەڵک وەربگرێ، بەوحاڵەشەوە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ــ خۆشحاڵە کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ئەو قەراردادە رەنگە بەشێکی بەرچاو لەسەروەت‌ و سامانی وڵات کە پێویستە خەرجی باشترکردنی ژیانی خەڵک‌ ‌و ئاوەدان کردنەوەی وڵات بکرێ، چی دیکە لەخۆڕا خەرجی پەرەپێدانی پرۆژەی ناوکی ئێران نەکرێ، بێجگە لەوانە ئاکامی سووک کردنی هێندێک لە گەمارۆکان لەلایەن رۆژئاواوە شوێندانەر بێ لەسەر بووژانەوەی ئابووریی خەڵک و ئەو کەموکۆرییانەی کە ئەمڕۆ خەڵکی ئێرانی وەزاڵە هێناوە.
ــ داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکا کەلە ئەگەری درێژەی ئەم رێککەوتننامەیە دوای ٦ مانگ، کۆماری ئیسلامی بەرعۆدە بگرێ بۆ رەچاوکردنی مافی مرۆڤ، دابینکردنی ئازادییە سیاسییەکان، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان و راگرتنی لە سێدارەدانیان و هەروەها پەسندکردنی مافە سیاسییەکانی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان نەتەوەی کورد.
ــ بە چۆکدا هاتنی رێژیم لە بەرانبەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەو راستییەی سەلماند کە ئەو رێژیمە سەرەڕای هەموو خۆهەڵکێشان و هەڕەشەکانی چەندە داما‌و ‌و بێدەسەڵاتە، کە بە بێ هیچ هێرشێکی نیزامی، ئیدیعای شکستناپەزیرییەکەی پووچەڵ بووە، گومانی تێدا نییە کەلە بەرانبەر هێزی یەکگرتووی خەڵکیش هەروا لاواز و لە راستیدا شیرەبەفرینەیە، بۆیە جیگای هیوادارییە کە خەڵکی ئێرانیش کە لاوازی و ترسنۆکی ئەو رێژیمەیان بە چاوی خۆیان دیت لێبڕاوانەتر لە پێشوو لە پێناو مافە پێشیلکراوکانیان یەکگرتوانە بەگژی رێژیمدا بچنەوە و بۆ هەمیشە خۆیان لە چنگی کۆماری ئیسلامی رزگار بکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٦/٩/١٣٩٢ی هەتاوی
٢٧/١١/٢٠١٣ی زایینی