کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات تۆمەت و چەواشەکاریەکانی موحسین رەزایی رەد دەکاتەوە

21:36 - 30 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، وێڕای رەدکردنەوەی چەواشەکاری و ئیدیعا بێ بنەماکانی موحسین رەزایی کۆنە فەرماندەی پاسداران، رای دەگەیەنێ کە خەبات لە پێناوی ئازادیی نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات درێژەی دەبێ.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئەم دواییانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەرگری تێکۆشەرانی حیزب لە خۆیان، چەند تێکهەڵچوونی لێکەوتەوە. لەو پێوەندییەدا کاربەدەستانی پلەبەرزی نیزامی و حکوومەتیی ڕێژیم هەرکام بە جۆرێک و بە زمانی هەڕەشە هاتنە دەنگ و تەنانەت بە کردەوەش ناوچە سنوورییەکانی حاجی عومەران و سیدەکانیان لە هەرێمی کوردستان تۆپباران کرد و زیانی گیانی و ماڵییان بە خەڵکی ئەم ناوچانە گەیاند.

لە درێژەی ئەو هەڕەشەکردن و خۆڕانانەی ڕێژیمدا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧/٤/١٣٩٥ی هەتاوی، موحسین ڕەزایی کۆنە فەرماندەی سوپای پاسدارانی ڕێژیم و دەبیری مجمع تشخیص مصلحت نظام لە وتووێژێکی تەلەویزیونیدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە چەند وڵاتی ناوچە و هەڕەشە لێ‌کردنیان، تۆمەتباری کردن بەوەی کە پشتی هێزە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگرن و لە ناوچە سنوورییەکان بنکەیان بۆ کردوونەوە. لەو بارەوە لە بەڕێز مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دەوێ کە ئەگەر فکرێک بۆ ئەو مەسەلەیە نەکاتەوە، بە زوویی کردەوەی نیزامیی وێرانکارانە دژ بەو هێزانە دەست پێ دەکەن و وەباڵی ئاکامەکەیشی دەخاتە ئەستۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

هەموو ئەو بانگەشە بێ‌بنەمایانەی کۆماری ئیسلامی و لێدوانانەکانی موحسین ڕەزایی لەو پێوەندییەدا، بە توندی ڕەد دەکەینەوە و ڕادەگەیەنین کە بەرینتر کردنەوەی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دژ بە سیاسەتی هەڵاواردن، ماف پێشێل کردن و سەرکوت و زەبر و زەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد، سەرچاوە گرتوو لە ئیرادەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لەسەر داوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. خەباتێک کە تا وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی دەبێ و هیچ هەڕەشە و تۆمەت وەپاڵدانێکیش ناتوانێ لە بڕینی ئەو ڕێگایە بە هەموو دژوارییەکانییەوە هەنگاوی پێ شل بکا.

ئەو قسانەی موحسین ڕەزایی درێژەی ئەو سیاسەت و کردەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە دژبەران و ناڕازییانی خەڵکی ئێران و لە سەرووی هەمووانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە هەر لەسەرەتاوە ئەوە بووە لە جیاتی چارەسەری کێشەکان و دابینکردنی مافەکان، وەڵامی هەر دەنگێکی دژبەر و ناڕازی بە ئاگر و ئاسن و وێران کردن بداتەوە و لە هەر بڕگەیەکی زەمەنیدا دژبەرانی خۆی بەستراوە بەم و بەو تۆمەتبار بکا و ئەوەش کردەوە و سیاسەتێک بووە کە هیچ کات نەیتوانیوە نە سەلمێنەری بێ و نە بەرهەمی دڵخۆشکەری بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لێ‌بکەوێتەوە و ئێستاش لێی‌ناکەوێتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٣٩٥/٤/٣٠
٢٠١٦/٧/٢٠