کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: داوا دەکەین کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتووتر بکەن بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دڕندەترین دوژمنیان کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە

15:47 - 24 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندیی لەگەڵ ستراتیژی نوێی ئامریکا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و لەو راستایەدا داوای له کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان کرد ریزەکانی خۆیان یەکگرتووتر بکەن بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دڕندەترین دوژمنیان کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بەم شێوەیە یارمەتیدەری جیددیتر بن لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات و خێرایی زیاتر ببەخشن بە داکشانی کۆماری ئیسلامی.

دەقی بەیاننامەکە:

بەییاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتژیی نوێی ئامریکا پێویستە سەرچاوەی تێرۆر وشک بکا

هاونیشتمانیانی بەڕێز،


هەروەک ئاگادارن، ڕۆژی هەینی ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٦، ١٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا، ستراتژیی نوێی ئامریکای بەرامبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند. لەو ستراتژیە نوێیەدا هەرچەند زۆرتر باسی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی و ڕەخنەگرتن لە ڕێکەوتنی پێوەندیدار لە نێوان ئیران و گرووپی ٥+١ کرد، بەڵام لە بەشێکی ستراتژیەکەیدا دەستی خستە سەر هەندێک خاڵی بنەڕەتی لە سیاسەتە نادروستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵانی پێشوووشدا و لە ڕەوتی دانیشتنەکانی جیهانی بۆ چارەسەکردنی پرسی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی، ڕامانگەیاندبوو کە کێشەی سەرەکی لەگەڵ ڕێژیمێکی سەرەڕۆی وەک کۆماری ئیسلامی تەنیا کێشەی هەوڵدانی بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی نیە، بەڵکوو لە چەند بواری سەرەکیدا ئەم ڕێژیمە مەترسیە بۆ سەر ناوچە و جیهان.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژی و سەرەڕۆی ئایینی کە توندوتیژی و تاوان لەو ناوچەیەدا پەرە پێ دەدا، چەند دەیەیە کە لە نێو ئێراندا خەڵکی وڵات دەچەوسێنێتەوە و بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتیان دەکا. دوژمنی ژمارە یەکی هەموو نەتەوەکانی ئێرانە و هەزاران تاوانی لەوبارەوە خولقاندوە و بە دەیان جار لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکاندا بەهۆی پێشێلکردنی مافی کۆمەڵگا و نەتەوەکانی ئێران و کەمایەتییە مەزهەبیکانەوە مەحکووم کراوە.

ئەم ڕێژیمه بە پێکهێنانی سوپای پاسدارانی پارێزەری ڕێژیمی ویلایەتی فەقیه و پەرەدان بە میلیشیای بەسیج و دواتر پێکهێنان و پەرەدان بە گرووپە میلیشیایی و توندڕەوە مەزهەبیەکان لە ناوچەدا، سەرچاوەی ئاژاوەگێڕێ و پەرەدان بە شەڕی مەزهەبی بووە و هەیە و لەپێناوی گەشانەوەی شەڕ و ئاژاوەشدا تەنانەت یارمەتیی گرووپە بەرواڵەت دژبەرە مەزهەبیەکانی وەکوو تاڵیبان و ئەلقاعیدە و داعشی کردوە، چوونکە کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ئاژاوە و شەڕی مەزهەبیدا دەتوانێ درێژە بە مانەوەی زیانباری خۆی بدا.

کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی تێرۆریزمی دەوڵەتی و تێرۆریزمی نێونەتەوەییە و کارنامەی ڕەشی لەو بارەوە بۆ هەموو جیهان ئاشکرایە، ئەو بە تێرۆری دژبەرانی و هێزەکانی ئامریکایی و بیانیەوە ڕانەوەستاوە و له پێش هەمواندا لە تێرۆری ئازادیخوازانی نەتەوەکانی ئێران، بەتایبەت ڕێبەرانی کوردەوە دەستی پێ کردوە و لە چەند دادگای جیهانیدا مەحکووم کرا و ئێستا هەموو جیهان دەزانن کە تێرۆریزم باشترین پێناسەیە بۆ ڕێژیمی ویلایەتی فەقیه.

کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە به داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی نێونەتەوەیی دەست پێ کرد، ئەوکاتیش لەنێو ئێراندا حیزبی دێموکرات یەکەم هێز بوو کە ئەو کردەوەی ڕێژیمی مەحکووم کرد و له وکاتەوەش تا ئیستا و بە درێژایی چەند دەیەی تەمەنی، پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەیی و ناوچەییەکانی بە باشترین ڕێگای درێژەدان بە سیاسەت و مانەوەی زانیوە و مەرگ و وێرانی ناوەرۆکی سیاسەتی ئەو ڕێژیمه پێک دێنێ و لەگەڵ ژیان و بەختەوەریی مروڤ نامۆیە.

کۆماری ئیسلامی هەزینەیەکی زۆری لەپێناو دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی دا و ئێستاش بە نهێنی هەر لە بەرنامەی دایە کە دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژ ڕابگا، ئەو چەکەشی تەنیا بۆ پەرەدان بە دەستێوەردانەکانی لە ژیانی هەموو خەڵکی ناوچە و پەرەدان بە تێرۆریزم لە هەموو جیهان دەوێ.

ئێمە لە پێشتریشدا ڕامانگەیاندبوو کە کەموکووڕیی سەرەکیی دانیشتنەکانی گرووپی ٥+١ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئەوەیە کە تەواوی پەروەندەی سەرەڕۆیی و تاوانباری و تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لەخۆ ناگرێ و تەنیا لە سەر پەروەندی ناوکیەکەی چڕبۆتەوە. ئەمە دەرەتان بە کۆماری ئیسلامی دەدا کە بە شێوەی توندتر درێژە بە تاوانەکانی لە بواره کانی دیکەوە بدا و سەرکوتی نێوخۆیی توندتر بکاتەوە، هەر وەک تێپەڕینی کات ڕاستیی ئەو لێکدانەوانەی سەلماند.

ڕێککەوتنی جیهانی لەسەر پەروەندەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی هیج خێرێکی بۆ ناوچە و نەتەوەکانی ئێران نەبووە و بەڵکوو بە پارەی تایبەتی کە لەو بوارەدا بە دەستی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران و سپای پاسداران گەیشتوون و پێکهێنانی دەرفەتی زیاتر بۆ ئەو ڕێژیمە سەرکوت و تێرۆریزم و دەستێوەردانیان لە وڵاتانی ناوچە زۆرتر کرد.

هەروەها ئێمە لەو باوەڕەدا بووین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی خۆهەڵکێشان و پەسندوێژییەکانی خۆی لە نێوخۆ و دەرەوە، لە لایەن خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و خەڵکی ناوچە وەک ڕێژیمیکی ئاژاوەگێر و جینایەتکار ناسراوە و لەگەڵ دەیان قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرەوڕوو بووەتەوە کە لە چارەسەرکردنیان دەستەوەستانە، بۆیە ڕێژیمێکی بەرەو داشکانە. تەنانەت لە پلینۆمی حەڤدەهەمی کۆمیتەی ناوەندیدا کە لە مانگی گەڵاوێژی ئەم ساڵدا پێکهات، ڕاپۆرتی سیاسی سەبارەت بە ڕێژیم، لەژێر ناوی کۆماری ئیسلامی بەرەو داشکان ئامادە کرا بوو.

ئێستاش کە ستراتیژی نوێی ئامریکا، پێداچوونەوە بە ڕێکەوتننامەی وڵاتانی ١ + ٥ سەبارەت بە فایلی ناوکی ئێران، سەپاندنی گەمارۆ بەسەر سپای پاسداران و چەندین بواری دیکە لە خۆ دەگرێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی تەنگەژە و گرفتی زیاتر و، ڕەوتی داکشان و لاوازییەکەی خێراتر دەکا، لە بەرژەوەندی گەلانی ئێران و هەموو خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دایە، بۆیە پشتیوانی لێ دەکەین.

لەو ڕاستایەدا داوا دەکەین کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتووتر بکەن بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ دڕندەترین دوژمنیان کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و، بەم شێوەیە یارمەتیدەری جیددیتر بن لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات و خێرایی زیاتر ببەخشن بە داکشانی کۆماری ئیسلامی.

پێمان وایە کە ئەو کاتە جیهان ئەمن و ناوچەی ڕۆژەهڵاتی نێوەڕاست ئاسوودە و نەتەوەکانی ئێران ژیانێکی باشتریان دەبێ کە سەرچاوەی تێرۆریزم و توندئاژۆیی ئایینی و شەڕی مەزهەبی کە ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهیە سەرەکیترین یارمەتیدەریەتی بە هاوکاریی هەموو لایەک وشک بکرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٤ی ڕەزبەری١٣٩٦
١٦ی ئوکتۆبری ٢٠١٧