کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: سووکایەتییەکانی کونسووڵگەریی رێژیم ئێران لە سلێمانی بە نەتەوەی کورد، مەحکووم دەکەین

21:06 - 24 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات راگەیەنراوێکی سەبارەت بە بابەتێکی ماڵپەڕی کونسووڵگەریی ئێران لە سلێمانی و سووکایەتی و چەواشەکارییەکانی ئەو رێژیمە بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی ئازادیخواز!
کۆڕ و کۆمەڵەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ!
رۆڵەکانی نەتەوەی کورد!

لە چەند رۆژی رابردوودا کونسووڵگەریی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سلێمانی بابەتێکی لە سایتی رەسمیی خۆیدا بڵاو کردەوە کە وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی مەبەستدار لە رابردووی کورد لە باشوور لەگەڵ ئێران، چەند باسێکی دیکەی هێناوەتە گۆڕ کەلە راستیدا مەبەستی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە، سووکایەتی بە نەتەوەی کورد و بردنە ژێرپرسیاری شوناسە نەتەوەیی‌یەکانی نەتەوەی کوردە.

لە بابەتە ئامانجدارەدا کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەممەد لە کوردستانی رۆژهەڵات بە رەوتێکی کۆمۆنیستی و توندڕەو لە قەڵەم دراوە و هێرش کردنە سەر رووخانەکەی وەک ئەرکێکی نیشتمانی بۆ رێژیمی پاشایەتی لە ئێران نیشان داوە. لە حاڵێکدا کۆماری کوردستان هەڵقوڵاوی ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەو بەشەی کوردستان بووە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دەسەڵاتێکی نەتەوەیی و دێموکراتیکی کورد لە شکڵی کۆماریدا و بە بەشداری رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا هاتووەتە دی لە سەردەمێکدا کە دیکتاتۆری باڵی بەسەر ناوچەدا کێشا بوو، کورد خاوەنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک سەردەمییانە بوو. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و هوشداریی پێ دراوە ئەگەر باسی سەربەخۆیی بکەن لەگەڵ دژکردەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوو دەبن و ئاڵوگۆڕ لە پێوەندییەکانیاندا پێک دێنن. هەر لەو بابەتەدا و لە باسێکی بە ناو مێژووییدا خاکی کوردستانی بە گشتی بە بەشێکی جیاکراوە لە ئێران ناوزەت کردووە و رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەر جێگایەک بە ئێرانی داناوە و لە بەشێکی دیکەدا زمانی کوردی بە زاراوەیەکی زمانی فارسی لە قەڵەم داوە.

ئەو بۆچوونانە کەلە ناوەڕۆکی دژ بە کورد و دژ بە ئازادی و دژی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرن بۆ کورد لە کوردستانی ئێران شتێکی تازە نییە چونکه ئەو رێژیمە باش دەناسن و خەباتەکەیشیان دژ بەو بۆچوونانە و سیاسەت و کردارەکانی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانی بووە و هەیە، بەڵام ئەو بابەتە بۆ خوشک و برایانمان لە کوردستانی باشوور رەنگە هەتا رادەیەک سەیر و نامۆ بنوێنێ‌کە لە قسە و باسە سەرزارەکییەکانیدا بە چ شێوازێک ئەو رێژیمە چەواشەکاریی کردووە و واقعییەتی خۆی شاردۆتەوە و ئێستا لە وەها بابەتێکدا دیوی راستەقیینەی رێژیمی ئێرانی دەرخستووە. لە راستیدا ئەو بابەتە دەربڕی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە کورد بە گشتییە کە کونسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی چۆنی پێ‌گوتراوە و بە چ بیرێک گۆشکراوە هەرواش دەری بڕیوە.

زۆرجار باس لە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کار‌وباری نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەکرێ‌. ئاسایی‌یە کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران خاکی کوردستان بە خاکی جیاکراوە لە ئێران دەزانێ‌، هەموو کورد بە ئێرانی ناو دەبا و زمانی کوردی بە زاراوەیەک لە زمانی فارسی دادەنێ‌ئەو مافەش بە خۆی دەدا دەست لە هەموو کار‌وبارەکانی وەر بدا جا هەر چی زیاتر زەمینەوی بۆ بە کردەوە کردنی ئەو بۆچوونە لە بارتر ببینێ‌پتر هەنگاوی بۆ دەنێ.

کونسووڵگەریی کۆماری ئیسلامی لە سلێمانی لەگەڵ ئەوەی سووکایەتی بە شوناسی کورد و خوێن و خەباتی کورد لە کوردستانی باشوور دەکا لە هەمان کاتدا بۆ درێژەدانی پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوو مەرج دادەنێ:

یەکەم ــ رۆڵەکانی نەتەوەی کورد و هەرێمی کوردستان باس لە مافی چارەنووسی خۆیان نەکەن

دووهەم ــ بەر بە چالاکی و خەباتی رۆڵەکانی کورد لە کوردستانی ئێران بگرن

لەو پێوەندیەدا پێویستە بگوترێ کە چارەنووسی کورد لە باشوور تەنیا رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان دیاری دەکەن نەک کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئەگەر بۆی بکرایە رێگای نەدەدا ئەوەی ئیستا وەک بەرهەمی خۆین ‌و قوربانی دانی خۆیان، هەیانە هەیانبا.

رۆڵەکانی کورد لە کوردستانی ئێرانیش کە دەیان ساڵە بۆ ماف و ئازادییەکان و مافی نەتەوایەتیی خۆیان خەبات دەکەن. هەر چەند پاراستنی ئەزموونی کوردستانی عێراق بە ئەرکێکی نەتەوەیی دەزانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەباتی نەتەوایەتی و دێموکراتیکیان لە شێوازی جۆربەجۆردا، لە پێناوی گەیشتن بە مافە نەتەوەیی‌یەکانیدا درێژە دەدەن و ئەوە رێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە لە بەر قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان روو لە رووخان و هەرەسهێنان دەچێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سووکایەتی کونسووڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی بە شوناسە نەتەوەیی‌یەکانی کورد بە توندی مەحکووم دەکا‌ و داوا لە رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان و هەموو پارچەکانی کوردستان دەکا کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو نێوەڕۆکە کۆنەپەرستانە و زیادخوازیانەیەوە، بناسین کە هەیەتی و ئەوەی غەیری ئەوەی لێ دەبیسن بە ریاکاری و بە دوور لە سیاسەت و هەڵوێستی واقیعی ئەو رێژیمە بەرانبەر بە کورد بە گشتی بزانن.

با ئەوەش لەبەرچاو بێ کە بێ دەنگی لە بەرانبەر ئەو سووکایەتییانە و ئەو سیاسەت و بۆچوونانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هان دەدا کە بۆ بەکردەوە کردنی سیاسەتەکانی دژ بە کورد زیاتر هەنگاو بنێ.

سەرکەوتن بۆ کورد
نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی دژ بە کورد

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٤/٢/١٣٩٣ی هەتاوی
١٤/٥/٢٠١٤ی زایینی