کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: سەرەخۆشی لە گەلەکەمان بەتایبەت لە کوردستانی عێراق دەکەین

15:23 - 12 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی‌دوایی مام جەلال پەیامێکی پرسە و سەرەخۆشی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

لەدەستدانی مام جەلال، خەمێکی سەرتاسەرییە

هاونیشتمانیانی بەڕێز
خەباتکارانی کورد
یەکیەتیی نیشتمانیی دۆستمان


بەداخەوە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی، کوردستان کەسایەتییەکی گەورەی لە دەست دا کە زیاتر لە نیو سەدە لە ژیانی لە پێناوی ڕزگاریی نیشتمانی و بەختەوەریی خەڵکدا تێپەڕ کرد.

بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی، مام جەلالی تێکۆشەرانی کورد، هەر چەند لە گوندێکی کوردستان لە بناری شاخێک لەدایک بوو، بەڵام خەبات و تێکۆشان و هەوڵە ماندووینەناسانەکانی لە پێناوی نیشتمان و خەڵکەکەیدا کردی بە کەسایەتییەکی کوردستانی و ناوچەیی و جیهانی.

بەڕێز مام جەلال سکرتێری حیزبێکی شۆڕشگێڕ و خەباتکار بوو، کە لە قۆناغە دژوارەکانی ژیانی کوردستانی عێراقدا دایمەزراند و ئەم حیزبە چەندین قۆناغی گرنگ و هەستیاری مێژوویی تێپەڕاند.

بەداخەوە نەخۆشی مام جەلالی لە دونیای سیاسەتی کوردستانی دوور خستەوە و بۆشاییەکی بەرچاوی لە ڕیزی سیاسەت و خەبات لە کوردستانی عێراقدا دروست کرد و لەدەست دانی هەتاهەتایی ئەو کەسایەتییە گەورەیە، زیانێکی گەورە بە جەستەی خەبات و سیاسەت لە کوردستانی عێراق و حێزبە تێکۆشەرەکەیەوە دەبێ، کە تەنیا بە هاوئاهەنگی و تەبایی و پێکەوە بوون دەکرێ ئەو خەسارە تا ڕادەیەک قەرەبوو بکرێتەوە.

مام جەلال دۆستێکی گرانقەدری حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەبات لە کوردستانی رۆژهەڵات بوو و لە ڕۆژە دژوار و سەختەکاندا، دۆست و هاوپەیمانی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات بوو، کە لە دەست دانی ئەو کەسایەتییە بۆ حیزبی دێموکراتیش داخێکی گەورەیە کە زامە گەورەکانمان دەکولێنێتەوە.

ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزی مام جەلال، بەتایبەت هاوسەر و کوڕەکانی، هاوخەمی خۆمان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی و هەموو ئەندامانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان دەر دەبڕین. سەرەخۆشی لە گەلەکەمان بەتایبەت لە کوردستانی عێراق دەکەین. وێڕای دەربڕینی پەژارەمان بۆ لە دەست دانی ئەو کەسایەتییە گەورەیە، دووبارە جەخت لە هاوئاهەنگی و تەبایی و پێکەوە بوون چ لە نێو ڕیزەکانی حێزبە دۆستەکەمان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و چ لە نێو هەموو حیزب و لایەنی سیاسی و خەباتکارەکانی کوردستانی عێراق دەکەینەوە، کە ئەم بڕگە هەستیارەی مێژووی ئەو بەشە لە نیشتمانمان، لە ژێر خەمێکی وەها گەورەدا تەنیا بە پێکەوەبوون دەتوانێ بە سەرکەوتنی مەزن بگات.

ڕۆحی مام جەلال شاد،
سەبووری و خۆڕاگری بۆ ئازیزانی،
تەبایی و سەرکەوتن بۆ خەبات و تێکۆشان لە کوردستاندا

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی
٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی