کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پەیامێک ئاراستەی پارتی ئازادیی کوردستانی تورکیە دەکات

15:00 - 29 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا، جێژنی نەورۆزی لە پارتی ئازادیی کوردستانی باکوور پیرۆزبایی کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاورێیانی بەڕێز رێبەرایەتی پارتی ئازادیی كوردستان (PAK)

وێڕای سڵاو ‌و رێز!

جێژنی نەورۆز لە ئێوە ‌و هەموو گەلی كوردستان بە تایبەت لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان پیرۆز بێ‌.

پیرۆزبایی ‌و سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە ‌و شەڕوانانەی ئێستا لە شوێنە جۆراوجۆرەكانی كوردستان بۆ پارێزگاری لە خاكی كوردستان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە شەڕ‌ و بەربەرەكانیدان.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی پێشەوا قازی محەممەد ‌و دوكتور قاسملوو ‌و دوكتور سادق شەرەفكەندی ‌و هەزاران شەهیدی رێگای ئازادی ‌و دێموكراسی لە خۆرهەڵاتی كوردستان نەورۆز وەك هێمای یەكگرتوویی ‌و ئاشتی كورد چاو لێ‌ دەكا ‌و لەو رۆژەدا لەگەڵ نەتەوەی خۆی‌ و شەهیدانی پەیمان نوێ‌ دەكاتەوە.

هیوادارین ساڵی نوێ‌ بۆ ئێوە ‌و هەموو گەلی كورد ساڵی سەركەوتن ‌و ئاشتی ‌و خۆشی بێ ‌‌و رێوڕەسمی نەورۆزی ئێوەش بە باشی ‌و سەركەوتوویی بەڕێوە بچێت‌.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٨ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی
١٩ی مارسی ٢٠١٥ی زایینی