کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پەیامێکی بۆ ٧ـه‌مین کۆنگرەی هاکپار نارد

20:35 - 4 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوو لە ئەندامانی ٧ـەمین کۆنگرەی هاکپار ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی ستراتێژی نەتەوەییمان، هاوکاری خەبات و تێکۆشانی خوشک و براکانمان لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا دەبین و بە هەموو توانا سیاسیی و مەعنەویمانەوە پشتیوانییان لێ دەکەین.

دەقی ئەم پەیامە بەم چەشنەیە:

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ٧ـەمین کۆنگرەی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک- پار)

ئەندامانی بەڕێزی سەرکردایەتی و نوێنەرە بەڕێزەکانی بەشدار لە کۆنگرەی هاک- پار!


بە ناوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سڵاوی خەبات و تێکۆشان لە ئێوە هێژایان دەکەین و بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی ٧مین، وێڕای پیرۆزباییەکی گەرم، هیوای سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین. هیوادارین کە کۆنگرەکەتان بە بڕیاراتی دروست، شیاو و واقعبینانەوە، دەرفەتێکی لەبار بڕەخسێنێ تاکوو بتوانن بە پێی دۆخی ئێستای بزووتنەوەی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، ڕێباز و تاکتیکەکانی خەبات و تێکۆشانتان باشتر دابڕێژن و خەباتەکەتان بەرفراوانتر بکەن.

کۆنگرەی ئێوە لە کاتێک دا دەبەسترێت کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی ناوچە لە حاڵی گۆڕاندایە. دیار و بەرچاوە چەند ساڵێکە دەوڵەتی تورکییەش لە چەند لایەکەوە لە گەل ڕەوشێکی ئاڵۆز و قەیراناویی لە هەر دوو ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا دەستەویەخەیە و تا ئێستا نەیتوانیوە هەنگاوێکی جیددی و دێموکراتیک کە هەڵگری چارەسەریی پرسی کورد بێت، هەڵگرێت. لە هەمان کاتدا دەبینین کە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لە هەر یەک لە پارچەکانی کوردستاندا بە پێی توانا و تایبەتمەندییەکانی خۆیان، بە هەموو سەختی و دژوارییەکانی خەبات و لە نێویاندا بەرگری رەوا، ڕێبازی ئاشتیخوازانە و دێموکراتیک، لە حاڵی ڤەژین و بەرەوپێشچوونەوەیەکی نوێدایە و شانبەشانی گٶڕانکارییەکانی ناوچە، دەتوانێ دەرفەتێکی نوێ بۆ گەلی کورد پێک بێنێ. بەڵام ئاشکرایە کە لە هەر دۆخ و ئەگەرێکدا، یەکیەتیی و هاودەنگیی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە هەر پارچەیەکدا دەتوانێ زامنی سەرکەوتن بێ. لە هەمان کاتدا، هێزە سیاسییەکانی کورد لە هەر پارچەیەک سەرەڕای جیاوازیی نێوانیان، پێویستە بە یەک‌هەڵوێستی و ڕۆحی وڵاتپارێزی و نەتەوەییەوە، بزووتنەوەی گەلی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەن و لە هەمبەر پیلانی نەیار و دوژمناندا، بە پێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان پشتیوانی یەکتر بن. ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی ستراتێژی نەتەوەییمان، هاوکاری خەبات و تێکۆشانی خوشک و براکانمان لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا دەبین و بە هەموو توانا سیاسیی و مەعنەویمانەوە پشتیوانییان لێ دەکەین.

بە هیوای سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان و بەدەستهێنانی ماف و ئازادییە دێموکراتیک و نەتەوەییەکانی گەلی کورد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٢ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی
١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی