کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات ئەستێرەی گەلاوێژ

12:24 - 25 گەلاوێژ 2718

رەزا ئەمینی

دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کورستان لە بڕگەی زەمەنی مۆدێرنیزم و گەشەی شارستانییەتی گەلی کورددا، بە تەنیا رێکخستنەوە و وەگەڕخستنی کەرەسەیەکی رێکخراوەیی بۆ گەلی کورد نەبوو، جیاواز لەو گرینگییە، بۆ یەکەم جار لە مێژوویی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانیدا، کورد لە ڕێگەی رێکخراوی پراگماتیستەوە، ئەولاتر لە بابەتێکی رێکخراوەیی باسی لە شوناس و بایەخەکانیی دەکرد و بە مکانیزمی حیزب، تاک و کۆمەڵگای کوردی بەرەو جووڵەیەکی هەستیار دنە دەدا، بە مێتۆدێکی ئاکتیڤتر کە کوردیش دەیتوانی لە نێو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بگرە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا سەری لە نێو سەراندا دیار بێت.

لێرەدا ئەو پرسیارە گرینگە گەڵاڵە دەبێ کە ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستان، کەرەسەیەکی گونجاو بۆ ویستە نەتەوەییەکانی کورد لە سەردەمی دامەزراندنیدا بوو؟

لیدێر و ئیستراتێژیستە مۆدێڕن بیرەکانی لە چەشنی پێشەوا و هاوبیرانی، ئامانجی بنەڕەتییان لە سازکردنی حیزبی دێموکرات ئامرازێک بۆ گەڵاڵە و تۆکمەترکردنی ویستە دێموکراتیکەکانی کورد بوو، بۆیە لە حیزب وەک کەرەسەیەک بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی کوردی و بەڵێندار بە خەون و خولیا لە مێژینەکانیی کورد کەڵکیان وەرگرت و حیزبیان کردە زەرفییەتێکی فرەڕەهەند تا لە سەر مێزی یارییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی سەردەمی شەڕی دووهەمی نێودەوڵەتیدا کوردیش ببێتە بابەتی شیاوی بایەخپێدان، حیزبی دێموکراتی کوردستان و موهەندیسانی سازکردنی حیزب، بە دیسکۆرسی نەتەوەیی دێموکراتیک بە وریاییەوە خۆیان لەگەڵ بەرەی دژە فاشیزمی جیهانی رێکخست و لە سەر بنەمای ئەو هێڵە فکری و سیاسییەش سەنگ و پێگەی کورد و کرۆکی هەڵوێستی سیاسیی نیشتمانیان بۆ خەڵکی دونیا، ناوچە و کوردستان وەڕوو خست.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە پێشەوا و هاوبیرانی ئامانجیان لە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کورستان چ بوو؟ ئایا حیزبی دێموکرات توانی کەرەسەیەکی شیاو بۆ سازکردنی دەوڵەتی کوردی بێت؟

لە سۆنگەی زۆر فاکتەری سیاسی گرینگ و بابەتی نەتەوەیی بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزب بوو بە فاکتەری کاتالیزۆری دەوڵەتی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان.

وڵامی ئەو پرسیارە دەتوانێ دەراوێکی روونمان بداتێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان چۆن توانی لە نێو هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکانی سەردەمی شەڕی دووهەمی نێودەوڵەتیدا خۆی بگونجێنێت؟

پتر لە حەوت دەیە لە مەودای دامەزرانی حیزبی دێموکرات تێدەپەڕێ، هەوراز و نشێوەکانی رێی خەباتی ئەو حیزبە و تێکۆشانی بێ وچانی و دەریایەک وزە و خوێنبەخشی ڕەوا، هەمدیسان ئەو حیزبە شۆڕشگێڕەی لە پێناو رەسالەتەکانی دامەزرانی خۆیدا، سوورتر کردووە و بێ وچان خەریکی تێکۆشانە ... لە گەڵ هەموو کەند و لەمپەڕەکانی سەر رێگای خەباتیشی توانیویەتی ئەو سیما شیرینەی حیزب تا بە هەنووکەش بپارێزێ و بە کۆیەک پرەنسیپی سیاسی و نیشتمانی، ئێستاش خەڵکی کوردستان بە سامانی خۆیانی دەزانن و دەسەڵاتی تارانیش لە بەرانبەر ئیرادە و هەڵوێستیدا دەستەوەستانە، بۆیە دەکرێت بپرسین کە ئایا دوای پتر لە حەفتا ساڵ حیزب هەر لە سەر ئەو ڕەسالەتانە خەبات دەکات کە بۆی دامەزراوە، جیا لەوە ئەو ئامانجانە چۆن پێناسە دەکرێن؟

هەنووکە حیزبی دێموکرات بە لێکدانەوەیەکی ژیرانە رێبەری بەرگرییەکی رەوا لە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد دەکات و بۆ پێکەوەلکانی خەباتە رەنگاڵەکانی کورد بە هەموو شێوەیەک تێدەکۆشێت و شکۆی دەوڵەتی تێرۆریستی ئێرانی شکاندووە و حزووری کادر و پێشمەرگەکانی لە نێو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کەشی سیاسی کوردستانی بە ئاراستەیەکی جیاوازدا گۆڕیوە بە چەشنێک "ڕاسان" و حوزووری پێشمەرگە بووەتە گوتاری زاڵ و ئاسۆکانی سەرکەوتن پرشنگدارترە، لەم قۆناغە ئاڵتوونییەدا حیزبی دێموکرات وڵامی زۆر پرسی هەستیاری داوەتەوە با ئەم پرسیارە شیاوە ئاراستە بکەین: ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامانجە سیاسی و فرە رەهەندەکانی "راسان"ی پێکاوە؟ حزووری پێشمەرگە چۆن خەباتی کوردی هەنووکە بە رۆژ کردووەتەوە؟

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.