کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەوتەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

12:40 - 12 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە حەوتەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا کۆمەڵێک باسی گرینگ هاتنە ئاراوە و بڕیار بۆ چەندین پرسی گرینگیش دەرکرا.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ١١ی پوشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی،  حەوتەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.

پێشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە هەیئەتەكانی هەریەك لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوە و چەندین پرسیان تاوتوێ کرد.

سەرەتای کۆبوونەوەکە پاش پەسند کردنی دەستوری کار، یەکەم بڕگە لە دەستوری کاری کۆبوونەوە کە تایبەت بوو بە تێکۆشان و چالاکیی نێوان دوو کۆبوونەوەی ناوەند لەلایەن بەرپرسی دەورەیی ناوەند، عەتا ناسرسەقزی ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێشکەش کرا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەسەندكردنی لۆگۆی پێشنیاركراوی ناوەند قسەی لەسەر كرا‌ و پاش چەندین تێبینی لایەنەكان، لۆگۆیەك وەك لۆگۆی فەرمیی ناوەندی هاوكاریی پەسەندكرا.

خاڵێكی دیكەی دەستوری كاری حەوتەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی، باسێك بوو لەسەر پێكهێنانی ناوەند یان وتەبێژ یان نوێنەرایەتییەك لە ئاستی باڵا بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كە لەلایەن ناوەندەوە ئەركدار بكرێت ‌و لە ئەگەری رەزامەندی لایەنەكان پلاتفۆرمێكی بۆ بنووسرێت ‌و میكانیزمی كارەكەی دیاری بكرێت.

باسێكی دیكە، قسە بوو لەسەر كۆبوونەوەی كەسی یەكەمی هەر پێنج لایەن كە بەشداربووان پێیان باش بوو ئەو كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت ‌و بڕیاردرا لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەی كەسانی یەكەمی هەر پێنج لایەن كۆببنەوە.

باسەكانی حەوتەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی پاش چەندین كاتژمێر كۆتایی پێهات.