کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی بەشێکی دیکەی جوغرافیای ئێرانی هەرزانفرۆش کرد

14:42 - 24 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لەحاڵێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیم ئیدعا و بانگەشەی هەول بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکەن، بۆخۆیان بە شێوەی جۆراجۆر سەرقاڵی هەرزانفرۆش کردنی وڵاتن.

لە دوای دانیشتنی ٥ وڵاتی کەنارەی دەریای خەزەر لەبارەی دیاریکردنی ڕێژیمی حقووقیی ئەو دەریایە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەشێکی دیکەی دەریای خەزەریان فرۆشت و بە شاگەشکەییەوە وەک سەرلەوتنێکی دیپلۆماسی و سیاسی باسی لێوە دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان لەم ڕێککەوتنەدا ڕێژیمی ئێران مافی ئەوەی لێئەستێندراوەتەوە کە کەڵک لە ئاوەکانی خۆی وەربگرێت؛ هەروەها دیاریکردنی ئاوەکان بە ڕێژەی ١٥ مایلی، هەرێمی تایبەتی بۆ ماسی گرتن بە ڕێژەی ١٠ مایل بە مانای ئەوەیە ڕێژیمی ئێران مافی دەسەڵاتی خۆی بۆ کەمتر لە ١٣ لە سەد لە دەست داوە، ئەمەش دەری دەخات کە هێڵی سنووریی ئێران پاشەکشەی کردووە.

دانیشتنی ئەو وڵاتانە و بڕیاری کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەو دانیشتنەدا رەخنە و هەڵویستی توندی زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییە ئێرانی و غەیرە ئێرانییەکانی لێ کەوتووەتەوە.

ڕۆژنامەی "جوان" سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم رەخنەی توندی لەو بڕیارە گرتووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو دانیشتنەدا دابینکردنی ئەمنییەتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی ئێران بە شێوەی گونجاو نییە، دیاریش نییە کە دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران چۆن وەها بڕیاراتێکی پەسند کردووە.

نێوەی دەریاری خەزەر کە ١٨٨ هەزار کیلۆمیتری چوار گۆشەیە مافی ئێرانە، بەڵام ئێستا تەنانەت ئەگەر تورکمەنستان هەمان لە سەدا ٢٠ی خۆی بە ئێرانیش بدات، بە شێوەی فەرمی زیاتر لە ١١٠ کیلۆمیتری ٤چوار گۆشە واتە بە پانتایی پارێزگای ئیسفەهان و فارس لە ئێران جیا بووەتەوە.

لە سەردەمی حوکمڕانی "مەحموود ئەحمەدی نژاد" دا بەشێکی دیکەی دەریای خەزەر فرۆشرا و ئێستاش دوای دوو دەیە دانیشتن پشکی ئێران بۆ ١١ لە سەد دابەزیوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئیددعای یەکپارچەیی و پاراستنی خاکی ئێران دەکەن بەڵام خۆیان بە شێوەی جۆراجۆر خاکی وڵات بە بێگانەکان دەفرۆشن.

کارناسانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم کارەی ڕێژیمی تاران بەمەبەستی وەرگرتنی پشتیوانی ماڵی و مەعنەوی لە ڕووسیەیە لە ئەگەری بەردەوامی تەحریمەکانی ئامریکا و چەشنێک لە دەوردانەوەی تەحریمەکانە.